هه‌ڵسه‌نگاندێك بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی میدیاییانه‌ی (كه‌ناڵ 8) لە ململانێکاندا
د. یه‌حیا عومه‌ر ڕێشاوی
كاتێك له یه‌كه‌م رۆژی په‌خشی (كه‌ناڵ 8) له نێو دروشمه‌كانیدا دروشمی (بێلایه‌نیی) هه‌ڵبژارد، به‌رده‌وام له‌به‌رده‌م ته‌حه‌ددایه‌كی گه‌وره‌ی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م دروشمه‌دا له ناوه‌رۆكی به‌رنامه‌كان و شێوازی ڕووماڵكردنیدا بوو، كه چۆن به مانای وشه‌كه بتوانێت (بێلایه‌ن) بێت ؟!
ئاخر ئاسان نییه كه‌ناڵێك به‌و هه‌موو ئیمكانیات و توانا داراییه‌وه و له ژینگه‌ی پڕ له ململانێی هه‌رێمی كوردستاندا بتوانێت پارێزگاریی له رۆحی ئه‌و دروشمه (بێلایه‌نیی) بكات و وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكات، له نێو ئه‌م هه‌موو بگره‌و به‌رده سیاسیی و حزبیه‌دا وه‌ك یه‌ك مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌مواندا بكات و بتوانێت ته‌ره‌فداری هیچ لایه‌ك نه‌بێت !
ئه‌م ته‌حه‌ددایه ته‌نها ڕووبه‌ڕووی ئه‌زموونی میدیاییانه‌ی (كه‌ناڵ 8) نه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵكو چه‌ند ئه‌زموونێكی میدیایی دیكه له هه‌رێمی كوردستاندا به دروشمه‌كانی (سه‌ربه‌خۆیی) و (بێلایه‌نیی) و (هاوسه‌نگیی) ده‌ستیاندایه كاری میدیایی و له یه‌كه‌م وێستگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی (ڕاستگۆ بوون) له‌گه‌ڵ ئه‌و دروشمانه‌دا نه‌یانتوانی و (ناتوانن) سه‌ركه‌وتوو بن، هۆكاره‌كه‌ش یه‌ك ئارگومێنتی ساده‌یه: ناكرێت بودجه و پاڵپشتی دارایی له كه‌سێك یان لایه‌نێكی سیاسیی وه‌ربگریت و ئه‌جێندای ئه‌و جێبه‌جێ نه‌كه‌یت و به وه‌رگره‌كانیشت بڵێێت: (من بێلایه‌نم) !
(كه‌ناڵ 8) له چه‌ند مانگی یه‌كه‌می په‌خشی و به تایبه‌ت له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌یویست ئه‌م دروشمانه له شێوازی ڕووماڵی میدیاییانه‌یدا جێبه‌جێ بكات و جۆرێك له (هاوسه‌نگیی) بپارێزێت و خه‌ریك بوو له دروشمی (بابه‌تیی بوون) نزیك ده‌بوویه‌وه، هه‌ربۆیه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی (تاڕاده‌یه‌كی زۆر) وه‌ك یه‌ك ده‌گواسته‌وه و هه‌لی یه‌كسانیی (تاڕاده‌یه‌كی زۆر) به زۆربه‌ی لیست و كاندیده‌كان بۆ بانگه‌شه‌و ده‌ركه‌وتن ده‌دا، ئه‌و ئه‌زموونه له ڕووی میدیاییه‌وه جێگه‌ی دڵخۆشیی و ده‌ستخۆشیی بوو، هه‌ربۆیه به ماوه‌یه‌كی كه‌م توانی بینه‌ر و بیسه‌رێكی باش بۆ خۆی ڕابكێشێت و (كه‌ناڵ 8) بوویه ژماره‌یه‌كی دیاری میدیایی له نێو ئه‌زموونه میدیاییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا.
شێوازی ڕووماڵكردنی ئه‌م كه‌ناڵه بۆ ڕووداوه‌كانی (لاله‌زار و كه‌یسی سه‌رۆكی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ) ئه‌م میدیایه‌ی خسته به‌رده‌م تافیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خته‌وه، ئه‌فسووس شێوازی ڕووماڵكردنی ئه‌و ڕووداوانه شكستی به به‌شێك له‌م ئه‌زموونه میدیاییه (جیاوازه) هێناو به ڕوونی و پێپه‌رده (كه‌ناڵ 8) بوویه‌وه به زمانحاڵ و بڵندگۆی لایه‌ن و ته‌ره‌فێكی دیاریكراو، ئیدی دروشمی (بێلایه‌نیی) ته‌نها وه‌ك دروشم مایه‌وه و واقیعی حاڵ پێی وتین به‌شێك له‌و ئه‌زموونه جیاوازه (خۆمان خۆش) !
ئه‌ڵبه‌ت له ڕووی میدیاییه‌وه (به ڕای من) هیچ نه‌نگیی و كه‌ماسیه‌ك نییه كاتێك كه‌ناڵێك پاڵپشتی دارایی و پشتیوانی سیاسیی له لایه‌ن و ئاڕأسته‌یه‌كه‌وه وه‌رده‌گرێت و ده‌یه‌وێت بانگه‌شه و پڕویاگه‌نده بۆ ئه‌و كه‌ناڵه بكات، ئه‌وه مافێكی سروشتی هه‌ر جوڵانه‌وه‌و بزوتنه‌وه‌و ئاڕاسته‌یه‌كی سیاسییه، به‌ڵام نابێت ئه‌و په‌یامه به وه‌رگرانی بگه‌یه‌نێت كه (ئه‌و) ده‌یه‌وێت هاوسه‌نگانه له‌گه‌ڵ هه‌مواندا مامه‌ڵه بكات و وه‌ك یه‌ك مامه‌ڵه‌ی میدیاییانه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و گوایه (ئه‌و) ته‌ره‌فداری هیچ لایه‌نێكی دیاریكراو نییه.
به كورتی و به‌كوردی خاڵی سه‌ره‌كی ئه‌م وتاره جه‌ختكردنه‌وه‌یه له هه‌ڵگرتنی دروشمێكی میدیایی، كه بتوانیت له زه‌مینه‌ی واقیعی هه‌رێمی كوردستاندا جێبه‌جێی بكه‌یت و له‌گه‌ڵ وه‌رگره‌كانتدا ڕاستگۆ و ڕاشكاو شه‌فاف بیت، خوێندنه‌وه‌و مامه‌ڵه‌ی واقیعیانه بۆ ژینگه‌ی كاره میدیاییه‌كه‌ت بنه‌مای كاریگه‌ریی و سه‌ركه‌وتنه، كه نه‌تتوانی (بێلایه‌ن) بیت، لانی كه‌م (بایه‌تیانه) مامه‌ڵه بكه.
PM:02:13:08/09/2025
ئه‌م بابه‌ته 1152
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی