مامەڵە لەگەڵ سەنتەری میترۆ و عەسابە قانون شکێنەکان دەبێت زۆر جیاواز بێت!
بارزان شێخ عوسمان
سەنتەری میترۆ لە ساڵی ٢٠٠٩ ەوە لەو کاتەی دامەزراوە ،زۆر راستگۆیانە کاری جدیی کردوە بۆ گەیاندنی پەیامەکەی کە لە پێناویدا هاتوەتە کایەوە .پەیامەکەی سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنوسان قەتسی نی یە بەڵکو بۆ ئازادیی و قایمکردنی سیستمی دیموكراسییو فرهییو مافهكانی مرۆڤیشه.
واتە نیاز و ئامانجی هێنانە کایەی کۆمەڵێکی شارستانییە کە تیایدا هەم ئەندامانی کۆمەڵ هەست بە ئارامیی و دڵنیایی بکەنشانازیی بە خۆیان وڵات و سیستمی فەرمانڕەوایی دەسەڵات بکەن ،هەم جیهانی شارستانییش بە چاوێکی پڕ بەهاوە لە کوردەواریی و سیستمەکەی بڕوانێت.
سەنتەری میترۆ هیچ کاتێك خۆی نەکردوەتە ئاڵتەرناتیڤی هیچ کام لەدەسەڵاتەکانی ( قەزایی و دادگاکان ، قانونگوزاریی و ، جێبەجێکردن ) بەڵکو وەك چاوێك رۆڵ دەبینێت بۆ ئەوەی ئەو سێ دەسەڵاتە لەهەر کەموکورتیی و هەڵەیەك ئاگادار بکات کە لێیان روبدات . هەر بۆیە نەمان بینی لە هیچ هەڵبژاردنێکی پەرلەمانییدا (کوردستان و عێراق) لیستێك بە ناوی ئەم ناوەندەوە یا لێپرسراو و هەڵسوڕێنەرەکانیەوە بڵاو بکرێتەوە . یاخود کەسێکی ئەم سەنتەرە بکرێتە وەزیر و پۆستێکی باڵا. واتە سەنتەرەکە نە چاوی لەوەیە ببێتە حزبێکی سیاسیی یا بزوتنەوەیەکی دینیی و ئیسڵاحیی ، هیچ کەسایەتییەکی ئەم سەنتەرەشمان نەبینی خۆی بکاتە زەعیمی تاقمێکی میلیشییای قانون شکێن.
بەدرێژایی ئەم بیست و شەش ساڵەی تەمەنی خۆی ،میترۆ هەر هەوڵی داوە رێگر بێت لەبەردەم قانون شکێنیی، پاشاگەردانیی و توندوتیژیی ، جا ئەو هەتك کردنەی قانون لە لایەن کاربەدەستانی حکومەت ، پەرلەمان و ئەندامەکانی ، دەزگایەکی قەزایی یاخود ، هاوڵاتییەک ،رۆژنامەنوسێکەوە یا چەکدارێکی میلیشیایی دەرەوەی حکومەت بوبێت ، ئەوەش لە پێناوی جێبەجێکردنی پەیامەکەی خۆی و رێزگرتنی قانون و مافەکانی مرۆڤ بوە .
سەنتەری میترۆ هەرگیز سەنگەری لەحکومەت یا حزبێکی دیاریکراو یا کەسایەتییەکی دیاریکراو نەگرتوە ، بەڵکو بە پێچەوانەوە رەخنەی لە چەوتییەکان گرتوە ،دەستخۆشیی لە کارە راست و باشەکان کردوە.
بەردەوامییش پەیوەندیی ئەم سەنتەرە لەگەڵ ناوەندەکانی فەرمانڕەوایی و هێزە سیاسییەکان لەسەر ئەو بنەمایە بوە کە (دۆست ئەوەیە دەت گریەنێت )، واتە پيش هەر ئاڵۆزیی و گرژییەك هۆشیاریی داونەتێ.
بەڵام بەداخەوە هەندێك جار لە ئەنجامی لێك تێنەگەیشتنەوە ،لێکدانەوەی خراپ کراوە بۆ بەیاننامە و لێدوانەکانی سەنتەری میترۆ . میترۆ بە پشت بەستن بە راگەیاندنی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ ، مادەکانی پەیوەست بە ئازادیی رادەربڕین و مافی خۆپیشاندان و ناڕەزایی لە دەستوری گەلپەسەندی عێراق و ،قانونەکانی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، داکۆکی لە ئازادییەکان دەکات ، هەر بۆیە لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا کە پێشێلکردنێك رودەدات میترۆ دەستبەجێ دێتە دەنگ جا لایەنی حکومیی یا خۆپیشاندەر بەرپرسیار بێت وەك یەك قسەی لەسەر دەکات . لەبەرامبەر گرژیی و ئاڵۆزییەکانیش کە دەگاتە ئاستی بەکارهێنانی چەك بە هەمان شێوە دێتە دەنگ.
بە داخەوە لەم رۆژانەدا کاك رەحمان غەریب سەرۆکی سەنتەری میترۆ پۆستێکی لە فیسبوکەکەیدا کردبو وەك ئەوەی بۆ ماوەیەکی دیاری نەکراو دور بکەوێتەوە ،دواتریش بابەتێکی بڵاوکردوەتەوە کە ئاماژەیە بۆ کاردانەوە و بێزار بونی لە بەرامبەر شتێك وەك بڵێی هەڕەشەی داخستنی میترۆ کرابێت ، ئەویش پێش کۆتایی بە شێوازە هێمن و نوکتە ئامێزەکەی روانینی خۆی دەربڕیوە کاتێك نوسیویەتی "میترۆ سەروپێخانە نییە تا حزبێك لافیتەیەك بە دەرگاكەیەوە هەڵبواسن بنوسن دامانخست”.
بەندە نابمە پارێزەری کاك رەحمان غریب چونکە خۆی هەم دەم و قەڵەمێکی باشی هەیە ، هەم سەر هیچ لایەنێك نییە تا مەترسی لەسەر بێت وەك لایەنێکی لەقانون دەرچوی ناشەرعیی حسابی بۆ بکرێت.
ئەوەندەی لەو نوسینەی تێ گەیشتبێتم رەنگە سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی هەندێك داواکاریی و پابەندکردنی حکومەت و دادگایە لە ئاست کەیسی ئەو تاقمەچەتەگەرەی کە ناوی هێزی دوپشك یان لە خۆ نابو.
من هەر یەکەم رۆژی روداوی بڕینەوەی ئەو شێرپەنجەیە لە جەستەی سلێمانی وتارێکم نوسی و بڵاوکرایەوە ، کەوتیشمە بە لێشاوی جنێو فرۆشەکانی ناو میلیشیاکانی ئەلکترۆنیی ، بەڵام لە نوسینەکەشم دا هەمان قسەی سەنتەری میترۆ و کاك رەحمان غریبم کردبو ،ئەویش ئاساییکردنەوەی بارودۆخ و ئارامکردنەوەی لایەنی دەرونیی خەڵك و بیر نەکردنەوە لە تۆڵە بەرامبەر ئەوانەی کە جۆرێك لە جۆرەکان بە هەر بیانویەك خۆیان بە نزیکی ئەو عەسابە و عەنتەرانە زانیوە.
کاك رەحمان غریب ، ئەگەر بۆچونی لەگەڵ هەڵسو کەوت و رەفتاری ئەو تاقمەشدا زۆر دژ بوبێت ،بە دڵنیاییەوە وەك من قسە ناکات ، ئەو زیاتر گوشار دەخاتە کار بە زمانێکی جیاواز لە زمانەکەی من داوای ئارام بونەوە و هێوریی بارودۆخ دەکات ، بە ئەرکی خۆیشی دەزانێت کە داوا بکات تەلەفزیۆنی زوم کە پێشتر موڵکی ئەو تاقمە بوە بکەوێتەوە گەڕ ، یاخود کۆتایی بهێنرێت بە خانەگومانییەکانی ئەو دەنگۆیەی گوایە خەڵکی تر گیراون یا خەڵکی تر تیاچون.
بە بڕوای من دەبێت زۆر بە هێمنانە ناوەندەکانی میدیای حزب و حکومەت مامەڵە لەگەڵ سەنتەری میترۆ بکەن ،چونکە میترۆ مەدەنییە ، رەخنەکانیشی دۆستانەیە ، میترۆ نە وەك هەندێك بلۆفچی و مشەخۆر دوکانی سیاسیی دادەنێت نە لیستی هەڵبژاردنی هەیە ،نە نیازی هەتە لە نێو گەندەڵیدا و لەسەر حسابی گەندەڵی هەڵبتۆقێت ،نە مەرامیشی دروستکردنی بیدعەی چەکداریی و تاقم تاقمێنەی لە قانون دەرچونە ،نە بە نیازیشە ئەندامەکانی بکاتە پاڵەوانی فیلمی عەسابە و هەرگیزیش بیر لەوە ناکاتەوە کە بە لەخشتە بردنی مناڵی خەڵك بکاتە مەقاشی تەحەدای قانون تا پەرێزی خۆی پاك بکاتەوە ،چونکە سەنتەری میترۆ بە پاکی هێناویەتی.
PM:09:50:06/09/2025
ئهم بابهته 1172
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی