بۆچی پۆلی ١٢ ی ئامادەیی کراوەتە شمشێری سەر گەردنی قوتابیەکانمان؟!
پ. د. سەعید عەلی محەمەد
دەیان ساڵە کۆمەڵگەی ئێمە کوڕو کچە قوتابیەکانیان ئامادە دەکەن بۆ قۆناغی ئامادەیی و بە دیاریکراویش پۆلی ١٢ ، چونکە بڕوایان وایە ( پۆلی ١٢ تاقیکردنەوەی تەمەنە) و٫ (تاکە دەروازەیە بۆ داهاتوو )، بەڕادەیەک قوتابی ماوەی ساڵێکی تەواو دەکەوێتە ژێر فشارو پاڵەپەستۆیەکی دەروونیی و جەستەیی سەختەوە ، وەک ئەوەی شکست لەم قۆناغەدا ( پۆلی ١٢ ) یەکسان بێت بە کۆتایی خەونەکان ، یان یەکسان بێت بەبڕیاری شکستی یەکجاری ژیانی ئەم قوتابیە!
ئەڵبەتە هەموو سەرکەوتن و دەستکەوتێکی زانستی نەوعی جێی سوپاس و دڵخۆشیەو هەنگاوێکی گرنگە بۆ خۆ پێگەیاندن و خۆ بنیاتنان ، بەڵام لەهەمان کاتدا دەبێ ئەو تێڕوانینە گشتیە باوەش ڕاستبکرێتەوە کە پێی وایە شکست لە تاقیکردنەوەکانی قۆناغی ئامادەییدا ، یان بەدەست نەهێنانی نمرەی بەرز لە پۆلی ١٢ ی گشتیدا کۆتایی دنیایە ! چونکە ڕاستە قۆناغی ئامادەیی گرنگ و یەکلاکەرەوەیە ، بەڵام تاکە پێوەر نیە بۆ شکست یان سەرکەوتن ..
پۆلی ١٢ و قۆناغی ئامادەیی و قوناغەکانی پێش ئامادەییش قۆناغی ڕاگوزەرین و کۆتایی ڕێگاکە نین ، تێپەڕاندنی ئەم قۆناغ و وێستگەیە تەنها پەڕینەوەیە بەرەو ئاراستەی قۆناغێکی تر کە قۆناغی زانکۆیە..مەرج نیە هەموو قوتابیەکیش زانکۆ تەواو بکات و بەکالۆریۆس یان ماستەر یان دکتۆرا بەدەست بهێنێت، بەدەستهێنانی ئەم بڕوانامانە سەرکەوتنە بۆ تەنها چینێک و کۆمەڵە کەسێک ، ئەزموونەکانمان و قۆناغە جیاجیاکانی ژیانمان ئەو ڕاستیەی سەلماندووە کە دەستکەوت و سەرکەوتن لە ژیاندا هەمیشە خۆی لە خوێندنی باڵاو بڕوانامە باڵاکاندا نابینێتەوە.
لەهەموو وڵاتانی دنیا کەسانێک خوێندنیان خوار ئاستی زانکۆیە ، بەڵام زیاتر لە دەرچوانی زانکۆ کەسانی بەرهەمدارو داهێنەرو سەرکەوتووتر بوون ، لە دنیای ئەمڕۆدا گەشەکردن و پێگەیاندن شەمەندەفەرێکە هەر جارێک ڕێ دەکات و لەوێستگەیەکدا دەوەستێت کۆمەڵێک لە سەرنشینەکانی دادەبەزێنێت بۆ ئەوەی بەدوای ئامرازو دۆزینەوەی ڕێگای ترەوە بن بۆ گەیاندنیان بۆ شوێنی مەبەست، دەگونجێت هەندێک لەو سەرنشینانەی شەمەندەفەری پێشوویان لەدەست چووە سەرکەونە سەر ئەم شەمەندەفەرەو بگەنە جێ و شوێنی مەبەستی خۆیان..
دەتوانین بڵێین: لە ژیان و قۆناغی زانکۆو مەیدانی کارکردنیشدا ئەو ڕاستیە دەرکەوتووە کە زۆرێک لەوانەی لەقۆناغی ئامادەییدا زیرەک و بەتواناو لێهاتوو بوون لە قۆناغەکانی تردا پاشەکشەی گەورەیان کردووە ، بە پێچەوانەشەوە زۆرێک لەو قوتابیانەی لە ئامادەییدا نەیانتوانیوە نمرەی بەرزو ئەنجامی باش بەدەست بهێنن ، لە قۆناغی خوێندنی زانکۆدا زۆر سەرکەوتوو بوون و ، لەبواری پراکتیزدا داهێنانی گەورەو بەرچاویان تۆمار کردووە ! نموونەی زیندوو : قوتابیەک کۆنمرەکانی لە ١٢ ی ئامادەییدا مام ناوەند بووە ، بەڵام لە خوێندنی زانکۆدا زۆر بەتوانا بووەو بۆتە کاروپرۆژەسازێکی هەرەسەرکەوتوو ! یەکێکی تر بەهۆی نزمی نمرەکانیەوە بوارێکی هەڵبژاردووە کە خەون و ئارەزووی خۆی نەبووە، بەڵام دواتر ئارەزوومەندی بوارەکەی بووەو توانیویەتی ببێتە کەسایەتیەکی ئەکادیمی دیارو بەناوبانگ!
ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە سەرکەوتن تەنها بەدەستهێنانی نمرەی بەرزە بۆ چوونە نێو بەشە زانستیەکان ئاراستەی کێبەرکێی بەرەو ئاقارێکی خراپ و ناپەسەند بردووەو ، وای لێهاتووە قوتابیانی نمرە نزمیش لەلایەن خێزانەکانیانەوە بەهەر نرخ و قوربانیەک بووە بخرێنە بەر خوێندنی ئەو بەشانە ، ئەمەش بە لەژێرپێخستنی هەموو یاساو ڕێساو پێوەرە زانستیەکان و ، لەبەرچاونەگرتنی مەرجی کەفائەت و تواناو لێوەشاوەیی پێویستی قوتابی بۆ چوونە نێو جیهانی ئەو زانستانە .. ئیتر ئەو پرسیارە ئازار بەخشەش ناکرێ کە ئایا : چەند قوتابی لەڕووی دەروونیی و خوێندنەوە شکست و هەرەسیان هێناوە تەنها لەبەر ئەوەی بەشێک و بوارێکیان هەڵبژاردووە کە ئارەزوویان لێی نەبووە ، یان ناچار کراون تێیدا بخوێنن!!
ئایا چەند وزەو توانای گەورە سەربڕێنراوە لە ژێر بیانووی ( یان پزیشکی یان ئەندازیاری ) ، واتە چەندین بەهرەی گەورەو بێ وێنە لەدەست دراون کە دەکرا لەبواری ئاداب یان هونەر یان فەلسەفە یان کۆمەڵناسیی یان دەروونناسی یان ئابوریناسیدا بدرەوشایەنەوە ! مەرج نیە ئەم قوتابیە پەروەردگار دروستی کردبێت ببێتە زانایەک یان پزیشکێک ، پێدەچێت - ئەگەر بواری بۆ بڕەخسێت - ببێتە بیرمەندێکی مەزن کە جیهان بگۆڕێت ، بارودۆخ و کۆمەڵگە بگۆڕێت .. ئەم جۆرە بیرکردنەوە باوە لە نێوان خێزان و تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمەدا نەک تەنها بڕیارێکی نالۆژیک ناعەقڵانییە ، بەڵکو دەرخەری لاوازی و لەرزۆکی زیهنییەت و تێگەیشتنی ئێمەیە لە حاڵی بوون لە ئاست خەمڵاندنی زیرەکی مرۆڤ ! بۆ دەبێت سوور بین لەسەر ئەوەی کە (زیرەکی و سەرکەوتن) تەنها بە توانای لێکدانەوەی هاوکێشە کیمیایی یەکان یان بیرکارییەکان بپێوین؟! ئەی ئایا زیرەکی زمانەوانیی و توانای دەربڕین و زمان پاراویی و ڕەوانبێژیی زیرەکی نیە؟! ئایا بەهرەی شیکردنەوەو ڕەخنەو توانای بەراورد کردن زیرەکی نیە؟! ئایا ئەمانە توانا زانستی و بەهرەی مەعریفی نین کە دەبێت ڕێزیان لێ بگیرێت؟! ئایا ( تەها حسێن ) و ، ( مەحمود دەروێش ) و ، (مالک بن نەبی ) و ، ( جۆن بۆڵ سارتەر ) و ، ( ئیدوارد سەعید ) و ، ( ئیبنو خەلدون ) و، ( محەمەد صادق رافعی ) و ، ( ئەحمەد ئەمین ) لەجیاتی ئەوەی پزیشک و پسپۆڕی ئامێرو تاقیگەکان بن ، عیملاقی وشەو نوسین و فیکر و فەلسەفەو مەعریفە نەبوون ؟! هەڵەیەکی گەورەیە بوارە ئەدەبی و عەقڵی و ئینسانیەکان وەک پەناگەیەک بۆ قوتابی و کەسە شکستخواردووەکان تەماشا بکرێن ، بەڵکو - وەک شارەزایان دەڵێن - ئەم زانستانە مەیدان و کەشێکن بۆ سەرنج و وردبوونەوە و داهێنان و بیرکردنەوەی قوڵ.
ئێمە پێویستمان بە شۆڕشێکی بێ دەنگ هەیە لە شێوازی بیرکردنەوەمان ، دەبێت میدیای پەروەردەییش هاوکاربن بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم بیرکردنەوە سەقەت و هەڵەیە ، کە فەشەل لە بەشە ئەدەبیەکاندا دەبینێت و سەرکەوتنیش لە بوارە زانستیەکان ! ئێمە پێویستمان بەکۆمەڵگایەکە بڕوای بەوە بێت کە پزیشکێک گرنگتر نیە لە ئەدیبێک و بیریارێک ، ئەندازیارێک لەمامۆستایەک سەنگینترو گرنگتر نیە ، بەڵکو هەموو بوارو پسپۆڕییەک ، هەموو مرۆڤێک لە شوێنی شیاوو بواری گونجاوی خۆیدا دەتوانێت کاریگەری و گۆڕانکاری گەورە دروست بکات .
PM:04:11:03/09/2025
ئهم بابهته 3876
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی