"ئیسرائیل"و لالەزار
سەردار محەمەد
لە مێژووی هەر میللەتێکدا، "بڕیارێکی چارەنوسساز" رێڕەوی ژیانیان دەگۆڕێت.
بۆ نمونە:
"بنگریۆن"و "وایزمان" لەسەروەختی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلدا، لەبڕیاڕێکی چارەنوسسازدا رایانگەیاند:
هیچ حزبێک "بەحزبو رێکخراوەکەی خۆشیانەوە"، مافی ئەوەی نییە هێزی چەکدارو "فەوجو لیوای تایبەت" بەخۆی هەبێت.
ئەوان هاتن چەکو هێزی چەکداریان لەچوارچێوەی سوپایەکی نیشتیمانیو پیشەیدا یەکخستو یەک ئەرکی ستراتیژیشیان پێسپارد: بەرگریکردن لەخاکو لەسەروەریو لەسنووری ئیسرائیل.
بەم بڕیارە، هێزە سەربازییو ئەمنیەکان خرانە ژێر رکێفی یاساوەو بەتەواویی لەزۆرانبازی سیاسیو کێشمەکێشی حزبەکان دوورخرانەوە.
بنگریۆنو وایزمان، نەهاتن دەسەڵاتی خۆیانو خێزانو حزبەکانیان "بەهێز"و کۆمەڵگەی ئیسرائیلیش "لاوازو پەرتەوازە" بکەن.
بەپێچەوانەوە هاتن هەموو کۆمەڵگەی ئیسرائیلیان بەهێزو ئامادە کرد تا توانای رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە گەورانەی هەبێت کە دەوری دابوون.
ئەوان پایەکانی ئیسرائیلیان لەسەر بنەماکانی "دیموکراسی، شەفافیەت، دەستاودەستکردنی دەسەڵات، فرەییو پێکەوەژیان، سەروەری یاساو دامەزراوەی راستەقینە" دامەزراندو پێداگرییان لەسەر ئەوە کرد کە "دەسەڵات تەنها دەبێت بۆ چاکەی گشتی بەکاربهێنرێت، نەک بۆ بەرژەوەندی تایبەتی".
ئەمەیە لە١٩٤٨ەوە تا ئەمڕۆ، ئیسرائیلو سوپاکەی کردووە بەئەفسانەیەکی لەشکان نەهاتوو...
خاڵی هەرە بەهێزی ئیسرائیل، سوپاو هەواڵگرییەکی تۆکمەی نیشتیمانیو جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانو دامەزراوەکانی "لێپرسینەوە"یە، هەربۆیە ئێستا کە هەموو ناوچەکە بەدەست نەتانیاهۆوە زەلالیەتیو دوژمنە دەرەکیەکانی هێناوەتە سەر چۆک، کەچی خۆی لەناوخۆی ئیسرائیلدا بەدەست لێپێچینەوەی دادگاوە گیری خواردووە!
بەکورتییەکەی "نەتانیاهۆ شێری دەرەوەو رێوی ماڵەوەیە!".
نمونەی دووەم:
بڕیارە چارەنوسسازەکەی "بارزانی"و "تاڵەبانی"یە، پاش راپەڕینی ١٩٩١.
بارزانیو تاڵەبانی هاتن بەپێچەوانەی رەوتی پێشکەوتنی هەموو گەلانی دنیاو هەموو قۆناغەکانی گۆڕانکاریی مرۆڤەوە، کە لەقۆناغی خێزانو بنەماڵەوە گەشەیان کرد بۆ خێڵو پاشان بۆ شارو شارستانیو ئنجا بوون بەدەوڵەت، ئەمان ئەم هاوکێشەیەیان تەواو تەواو پێچەوانە کردەوەو کوردستانیان گەڕاندەوە بۆ قۆناغی حوکمڕانیی "بنەماڵە"کان!
لەو وەرچەرخانە مێژووییەدا بڕیاریان دا: هەر حزبەو هێزی چەکداری تایبەت بەخۆی هەبێت!
بارزانیو تاڵەبانی هاتن هەموو ژیانی سیاسیو سەربازیو کۆمەڵایەتیو ئابوری کوردستانیان بەجۆرێک تەرتیب کرد کە خزمەت بەدەسەڵاتی خۆیانو حزبەکانیانو... لەکۆتاییشدا هەر تەنها خزمەت بە"بنەماڵە"کانیان بکات.
پێکهاتەی عەقڵی سەرکردایەتی کورد (ئەوساو ئێستاش)، بەو ئەندازەیە شارستانی نەبوو بچنە کێڕکێیەکی یاساییو پەرلەمانییەوەو کار بۆ پێکەوەژیانی جیاوازییەکانیان بکەن، کە یەکێکە لەئامڕازەکانی سیستەمی دیموکراسیو گەشەی سیاسیو شارستانی هەر کۆمەڵگەیەک دەردەخات.
ئەم بڕیارەی ئەوان لە ١٩٩١ەوە تا ئێستا تارمایی وا بەسەر کوردستانەوە...
هێزەکانی پارتیو یەکێتی، جگە لەوەی بوون بەئامڕازی سەپاندنی دەسەڵاتی حزبو ئامڕازی شەڕی ناوخۆو سەرکوتکردنی ناڕەزایی خەڵک، بوون بەئامڕازی خزمەتکردن بەپڕۆژەی وڵاتە "دەرو دراوسێکانیشیان"!
هێزەکانی یەکێتیو پارتی چەند لەناوخۆدا "گەورەترو بەهێزتر" خۆیان نمایش کردبێت، ئەوەندەش لەدەرەوە "بچوکترو لاوازتر" سەیرکراونو مەحاڵە بەم هێزانە شەڕی نیشتیمانی گەورەو شەڕی ئەم سەردەمەی "زیرەکی دەستکرد" بکرێت.
لەسایەی تەوریسی سیاسیشدا، کە "پارتیو یەکێتی" کران بە"حزبی ئەمنی"، ژمارەیەک هێزی تۆقێنەر داهێنران، بەزەبری چەک بڕیاری سیاسیو سەربازیو ئابورییان زەوت کردو ئێستا بڕیاڕدەرو فەرمانڕەوای راستەقینە هەر خۆیاننو ئامادەشن بەسەر کەلللەی خەڵکدا بڕۆن تا دەسەڵاتەکەیان بپارێزن.
کەواتە ئەگەر ئەوەت بەلاوە سەیر بووبێت لە"لالەزار" روویدا، ئەوا دڵنیابە لەم وڵاتە تێناگەیت کە تیا دەژیت!
لەوەش تێناگەیت کە بۆچی خەونی ئیسرائیل ئەوەندە گەورەیە لە١٩ ساڵیدا سوپای چوار وڵاتی عەرەبی تێکدەشکێنێتو سیناو جۆلانو قودس دەگرێت، خەونی دەسەڵاتی کوردیش ئەوەندە بچوکە کە لە٣٥ ساڵیدا "لالەزار"ت بۆ دەگرێت؟!
PM:03:41:03/09/2025
ئهم بابهته 3148
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی