بایەخی سەربەخۆیی
دانا بەهادین
سەربەخۆیی بریتییە لە مەرجی رزگار بوونی خود لە دەست پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی ئەوی دی، بەهایەکی بنەڕەتییە هەم بۆ تاک و هەم بۆ نەتەوە. سەربەخۆیی بۆ تاک واتە ئازادی بڕیاردان لەسەر بەرپرسیارێتی ژیان و دەربڕینی ئازادانەی ناسنامەی خود، بۆ گەلانیش بە واتای ئازادی سیاسی و خۆبەڕێوەبەردن و مافی دیاریکردنی داهاتووی گەل بەدەر لە هەژموونی بێگانە و داگیرکەران.
بە درێژایی مێژوو زۆر کەس خەباتی سەختیان بۆ سەربەخۆیی کردووە. گەلانی سەردەمی کۆلۆنیالیزم بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لە دژی زلهێزە ئیمپراتۆرییەکان خەباتیان کرد، بۆ نموونە هیندستان لە ساڵی ١٩٤٧، دوای چەندین ساڵ لە بەرخۆدانی ئاشتیانە بە سەرۆکایەتی ماهاتما گاندی سەربەخۆیی لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا بەدەستهێنا. بە هەمانشێوە زۆرێک لە وڵاتانی ئەفریقا لە ماوەی سەدەی بیستەمدا سەربەخۆیی خۆیان بەدەستهێنا و لە ژێر کۆنترۆڵی ئەوروپا رزگارییان بوو. زۆرینەی ئەزمونەکان ئەوە دەردەخەن کە سەربەخۆیی نادرێت، بەڵکو لە ڕێگەی قوربانیدان و بوێری و یەکڕیزی نیشتمانییەوە بەدەست دێت.
سەربەخۆیی تەنیا پەیوەندی بە سیاسەتەوە نییە، بگرە نوێنەرایەتی کەرامەت و ناسنامە و شانازی نەتەوەیی دەکات، چونکە نەتەوەیەکی سەربەخۆ و ئازاد دەتوانێت زمان و کولتوور و نەریتی خۆی بپارێزێت. زۆرجار ئەو کەسانەی لە وڵاتێکی سەربەخۆدا دەژین، هەست بە بەهێزبوونی سەربەخۆیی و ئامانجەکانی دەکەن. بەڵام سەربەخۆیی بەرپرسیارێتیش لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. دەستەڵات و گەل دەبێت بە ژیرانە حوکمڕانی بکات و ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگرێت و کار بۆ ئاشتی و گەشەسەندن بکات، چونکە بەبێ بەرپرسیارێتی ئەوا دەشێت سەربەخۆیی لە بەرچاوی خەڵک ناشرین بکرێت.
کورد لە مێژە خەون بە دەوڵەتی کوردستانەوە دەبینێت. ئەم خەونەش تەنیا سیاسی نییە بەڵکو کولتوورییشە، خواستێکی زۆر بەرز بۆ پاراستنی زمان و مێژوو و کولتوور هەیە. بارودۆخی کورد بیری دونیا دەخاتەوە کە ئەمڕۆ شەڕ لە پێناوی سەربەخۆیی لە زۆر شوێنی دنیا بەردەوامە.
سەربەخۆیی جا بۆ تاکێک بێت یان نەتەوەیەک بێت ئامانجێکی بەهێز و مانادارە. لەبەرئەوەی ئازادی و ناسنامە و بەرپرسیارێتی فەراهام دەکات و کلیلی ژیانێکی پڕ کەرامەتە بۆ تاک و بۆ نەتەوە.
PM:04:50:01/07/2025
ئهم بابهته 904
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی