ئەمریکا و سیاسەتی شەر و ماڵوێرانی!

‌عوسمان حاجی مارف

باڵادەستی ئیسرائیل لەسەرەتای هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ دزەکردنی بەرفراوان لەناو دەزگای ئەمنی و سەربازیەکاندا، کە بووە هۆی لەناوبردنی ژمارەیەك فەرماندەی باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی و چەند بەرپرسێکی پلەبەرزی دیکەی رژێمی ئێران! ئەوەش ئەو مەیلەی لای ئیسرائیل بەهێزکرد کە دەتوانێ بەردەوامی پێبدات بەجۆرێك کە ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی ئێران لەناوبەرێت تەنانەت خودی خامنەییش بەئامانج بگرێ! بەڵام ئێران توانی ئەو زەربەیە لەئاستێکدا ڕابوەستێنێ و خامنەیش لەشوێنێکی پارێزراودا دابنین!

ئەم دۆخە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەو دزەکردنە پێشهاتێکی نوێ نییە و پەیوەندی بەو هێرشەی ئەم دواییەوە نییە، هەروەها موساد ساڵانێکی زۆرە لە بنیاتنانی تۆڕەکان لەناوخۆی ئێراندا کاری کردوەو سەرکەوتوو بووە.

ڕوونە کە ناوەندە ئەمنی و هەواڵگریەکانی ئێران، پەیامی ئیسرائیلیان سەبارەت بە تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە دڵی تاراندا بەهەند وەرنەگرت، ئەم پەیامە ئەوە دەردەخات کە دزەکردن و سیخوڕی، بوونی هەیە و ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە ناو پۆستە باڵاکانی دەسەڵاتی ئێراندا داکوتیوە. هەروەها موساد خاوەنی توانای چاودێریکردنی جموجۆڵی سەرکردە باڵا سەربازیەکانی ئێرانی هەیە، بە کردنەوەی کۆدی دەرگای پەیوەندی و پەیامەکان و چوونە ناو ژینگەی کارکردنیان.

هەڵبەتە لەگەڵ ئەوەشدا پەرچەکرداری ئێران بە موشەکبارانی شارەکانی ئیسرائیل، ئەمریکاو ئیسرائیلی سەرسامکرد، ئەمەش ئەوە نیشان ئەدات کە کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی شەڕەکە قورس بوە، دەرگای ئاژاوە و نائارامی ناوچەیی بەجۆرێك کردۆتەوە کە نازانرێ کۆتاییەکەی کەی دەبێت.

دوای ڕووخانی ئەسەد و ڕوبەڕوبونەوەی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس و حزبولڵا، نەخشەیەکی نوێی نفوزی ناوچەیی دەستی بە دەرکەوتن کرد، لەهەمانکاتدا هەوڵدانی کێشکردنی ئێران بۆ هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی، بەردەوام نەخشەو ویستی ئیسرائیل بووە و ئەمریکا پشتیوانی لێکردووە.

ئەمریکا وەک زلهێزکی دنیا بۆ جەختکردن لەسەر باڵادەستی لە ناوچەکەدا، لەهەمانکاتدا زلهێزه ناوچەییەکانیش وەک تورکیا و سعودیە،  بۆ به هێزکردنی پێگەی بوونی خۆیان، هەوڵیاندا دابەزینی پێگەو نفوزی ئێران بقۆزنەوه، ئەمەش ململانێکانی لە سوریا، لوبنان، عێراق و یەمەن لەگەڵ دابەزینی پێگەو نفوزی ئێراندا بردە قۆناغێکی نوێی ئاڵۆزییەوە.
ئەم وێنە گشتیە جەخت لەسەر پێویستی دووبارە داڕشتنەوەی هاوپەیمانیەکان و ڕەوتی ململانێکان و هاوبەشکردنی کاریگەریەکان دەکاتەوە، بۆ دەستەبەرکردنی دەخالەتی لایەنەکان و سەقامگیری ڕێژەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەسایەی باڵادەستی ئەمریکادا.

لەژێر ڕۆشنایی ئەم گۆڕانکاریانەدا، فشارو ململانێیەکی زیاتر لەلایەن ئەمریکاوە خرایە بەردەم کۆماری ئیسلامی ئێران، تا ڕادەستکردن و ملکەچی بۆ بەرژەوەندی و نەخشەو سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل  پەیڕەوی بکات، بەمانایەک لە ململانێی ووڵاتانی زلهێزی دنیادا، ئەو پێگەیە بە ئێران نیشان ئەدرێت کە قەبوڵی بکات بچێتە ڕیزی پابەندبون بە تەواوی بەرژەوەندیەکانی ئەمریکاوە، لەهەمانکاتدا پەراوێز خستنی لە ڕیزی چین و روسیادا.

رۆڵی شەڕ دژی "کۆماری ئیسلامی" لەوەدایە کە ئیسڕائیل دواجار بڕیاریدا یاریەکی تەواو جیاواز لەسەر ئاستی ناوچەکە بکات، یاریەک کە لە بەرژەوەندیەکان و ستراتیژی ئەمریکا لەناوچەکە لانەدات، بەڵام ڕادەی سەرکەوتنی ئەم شەڕە بەقازانجی باڵادەستی ئەمریکا لە ناوچەکەدا جێگای پرسیارە، گەر ئارامی و سەقامگیری بەدوادا نەیەت!

"کۆماری ئیسلامی" چۆن وەڵامی ئەو شەڕە دەداتەوە کە تووشی بووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دواجار خۆی بووەتە لایەنێکی شەڕەکە، دەبێت ئێستا باجی ئەو یاریە بدات کە نەیویست یان نەیتوانی، خۆی ڕادەستی خواستەکانی باڵادەستی ئەمریکا بکات و ملکەچی سیاسەتەکانی ئەمریکا بێت. ئەم یاریە لەسەر بنەمای ئیستغلالکردنی ڕووداوە ناوچەییەکان بەتەواوی ئێرانی لە بەرامبەر ئەمریکا و ئیسرائیلدا بێوەڵام و سەرسام ڕاگرت، ئێران لە ئێستادا لەبەردەم ئەو سیناریۆیەدایە کە هەمیشە هەوڵی داوە لەم شەڕە دوور بکەوێتەوە، بەڵام ئیسرائیل فرسەتی بۆ نەهێشتەوەو لەناو شەڕێکی وێرانکاریدا گیری کرد!

ئێران پێشتر لە هەموو وەرچەرخانێکدا ئامرازەکانی خۆی بەکارهێناوە بۆ نائارامکردنی وڵاتانی ناوچەکە، تا لەم دواییانە ئەرکی هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێکی عەرەبی لە لوبنانەوە بە حیزبوڵڵا دەسپارد. مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حوسیەکان لە خاکی یەمەنەوە، عەرەبستان و وڵاتانی دیکەی عەرەبی وەک ئیماراتیان دەکردە ئامانج. میلیشیا تائیفیە عێراقیەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە هەر کاتێکدا ئامادە بوون هەڕەشە لە ئوردن و هەرێمی کوردستان بکەن.

تەواوی ئەو میلیشیایانەی بەرگریان لە ڕژێمی ئێران دەکرد، بەبێئەوەی بنکەیان لە ناوخۆی ئێراندا هەبێت، داواکاریەکانی کۆماری ئیسلامیان جێبەجێ دەکرد، بەڵام هەموو ئەوانە بەدوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززەو باشوری لوبنان و کەوتنی ئەسەد، لەدەست ئێران چون و ناتوانن کارێک بۆ ئێران بکەن، بەتایبەتی کە ئێستا تاران ڕاستەوخۆ بۆ خۆی لەناو جەرگەی شەڕەکەدایە و یاری بە چارەنوسی دەکرێت.

ئەم شەڕە کە بۆ کۆماری ئیسلامی ئەگەری زۆرە وەک دۆڕاوێک لێی بێتە دەرەوە، بەڵام کەی ئەو دۆخە کۆتایی دێت؟ پرسیارێکی بێوەڵامە! ئەوەی ڕۆشنە ئەم شەڕە هەر کات کۆتایی هات بە دڵنیاییەوە لەدوای ئەم شەڕەوە ئێرانێکی تەواو جیاواز دەردەکەوێت، که دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە خۆی لێ بپارێزێت، دەسەڵاتێک کە ناتوانێ بە ئاسانی ئێرانێکی سەربەخۆ و یەکگرتو دامەزرێنێتەوە، بێگومان بۆ ماوەیەکی نادیار لە گێژاو و نائارامی سیاسیدا دەبێت.

لە شەوێکدا کە پڕ بوو لە گرژی، خەڵکی ناوچەکە لەسەر نووکی پێ وەستابون و سەیری ئەو پێشهاتەیان دەکرد کە لاپەڕەیەکی نوێی هاوکێشەی دەسەڵاتی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیان دیاریکرد، شەوی ١٣ی حوزەیران شەوێکی ئاگرباران و پڕ دوکەڵ و مووشەک بارانبوو، ئەمەش مەترسیدارترین ساتەوەختە لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەو پێیەی تاران خۆی بووەتە گۆڕەپانێک بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازیە چڕەکان، ناتانیاهۆ ڕایگەیاندوە کە ئامانجی ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکانی تێکدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکە بالیستیەکانی ئێرانە، بەڵام ڕەوتی ئۆپەراسیۆنەکان بەتایبەتی دەوری پشتیوانی ئەمریکا ئاماژە بە ئامانجی فراوانتر و ستراتیژیتر دەکات، کە دەکاتە پڕۆژەی سەپاندنی "ملکەچکردنی ستراتیژی" بەسەر ئێراندا.

ئامانجی ئەم پڕۆژەیە بۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ڕاگرتنی توانای تاران و ئیفلیجکردنی بەڕێوەبردنی تۆڕی هاوپەیمانیەکانیەتی لە ناوچەکەدا، زەمینە خۆشکردن بۆ پرۆسەیەکی درێژتر و کەڵەکەبوو بەرەو ڕادەستبونی بێمەرجی تاران بە ئەمریکا، یان کۆتایی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، گەر بۆیان بچێتە سەر!.

پێدەچێت سوپای ئیسرائیل بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی تا لاوازبوونی هاوپەیمانانی تاران و دابەزینی چەتری بەرگریی تاران، بۆئەوەی ناچاری بکات بە ملکەچ بون و ڕادەستبون بە دانوستانێک، ئێران تەواوی مەرجەکانی ئەمریکا پەسەند بکات.

لە هەمانکاتدا ئەگەری ئەوە هەیە لەبەرامبەردا، ئێرانیش درێژە بە دژە هێرشەکانی بدات و بەرگری بکات،  ئەمەش  پێویستیەکە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی ناوخۆیی و دوورکەوتنەوە لە تێڕوانین بۆ داڕمان، یان بە لە دەستدانی کاریگەری ڕژێمەکەی دەزانێت، چونکە لە حاڵەتی ڕادەستبونی بە وەستانی شەڕەکە، مەترسی هاندانی ناکۆکی ناوخۆیی و چەسپاندنی ئەو تێڕوانینەی هەیە کە ڕژێم ئامادەیە بۆ داڕمان.

 کاتێک تاران بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی خاکی ئیسرائیلی گرتەبەر و قوربانی مەدەنی  لێکەوتەوە، بۆتە فشارێک لەسەر ئیسرائیل، پلەیەک هاوسەنگی بۆ تاران دروستکرد، کە گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە ڕەنگە هاوکێشە نوێیەکانی خۆپاراستن بسەپێنێت و ببێتە هۆی وەستانی هێرشەکانی ئیسرائیل!، هەربۆیە هاوکێشەکە بەوبارەدا درێژەی دەبێت کەئەمریکا دەخالەتی ڕاستەوخۆ بکات، یان شەڕەکە بوەستێنن، بەلام دیمان ئەمریکا لە بەرەبەیانی ٢٢/٠٦/٢٠٢٥ بە هێزە ئاسمانیەکانی ئەو ناوچانەی یۆرانیۆمی تێدایە بۆردمان کرد، واتە ئەمریکا بێجگە لە پشتیوانی بۆ ئیسرائیل، ڕایگەیاند بەشێکی سەرەکیە لەم شەڕەدا بە دژی ئێران، دوای ئەمەش چیتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و چیتر ڕوئەدات؟، پێشبینیکردنی ئاسان نیە!، بەڵام ئەوە نکوڵی لێ ناکرێ کە دۆخەکە لە ناوچەکە و جیهاندا دەچێتە دۆخێکی ئاڵۆزتر و مەترسیدارترەوە، ئەگەری سەرهەڵدانی سیناریۆی جۆراوجۆرە.

بەگشتی ئاسۆی یەکلاییبونەوەی ستراتیجی ئەو شەڕەی ئیسرائیل و ئەمریکا لە بەرامبەر ئێراندا پیادەی دەکەن، تا ئێستاش ناڕونە، لەکاتێکدا ترس لە ناو ئیسرائیلدا هەیە لەوەی مۆدێلی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دوبارەببنەوە، هەروەها دۆخی ناوچەکە بەدەخالەتی ڕاستەو خۆی ئەمریکا و ئەگەری دەخالەتی لایەنی تر بەدژی ئەمریکا، مەترسی تەواو لەسەر ژیانی دانیشتوانی ئیسرائیل دابنێت

ئەوەی لەم نێوەدا جێگای سەرنجە، ناتانیاهۆ و ترامپ ڕایدەگەیەنن کەهیچ دوژمنایەتیەکیان لەگەڵ خەڵکی ئێراندا نیە، ئەمەش کە جگە لە درۆیەکی شاخدار و پڕوپاگەندەی ساختەی سیاسی هیچی تر نییە. کاتێ ناتانیاهۆ لەلایەک دەڵێت دوژمنی خەڵک نیم و لەلایەکی ترەوە دەڵێت تاران دەسوتێنم..!؟ ئاشکرایە حکومەتی ئیسرائیل و ئەمریکا بە هیچ جۆرێک ژیانی کەسیان بۆ گرنگ نەبوە. هەروەها هەڕەشەی ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا و پاڵپشتی تەواوی حکومەتەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئەم کارانە تەنها مایەی زیادبونی بارگرژی و نائارامی و ماڵوێرانیە لە ناوچەکەداو قوربانیەکی زۆری خەڵکی لێکەوتۆتەوە.

حکومەتی ئەمریکا و ئیسرائیل کە بکەری سەرەکی تاوانی جینۆسایدی دوای کارەساتەکانی ٧ی ئۆکتۆبەرن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، وڵاتانی زلهێزی دنیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتیەکان کە بە دووڕوییەوە خۆیان وەک ئاشتیخوازو دیموکراتخواز پیشان دەدەن، بەکردەوە لە ئاست ئەم تاوانانەدا نەک بێدەنگن، بەڵکو وەک تەواوی سیستەمی سەرمایەداریی جیهانی و لۆژیکی قازانجخوازی زلهێزە ئیمپریالیستەکان، لە هۆکارە سەرەکیەکانی شەڕ و کارەساتی مرۆیی و تێکدانی ژینگەدا بەشدارن.

بەپێچەوانەی ئەو هێزو لایەنانەی کە ئومێد و ئامانجی سیاسیان لەبەرامبەر کۆماری ئیسلامی لە پەیوەند بەم شەڕەوە دامەزراندووە، گەوجیە بۆیان کە لە سروشتی ئەزمونی ئەم جۆرە شەڕانەدا ئەو وانەیە وەرناگرن، کەئەم شەڕە نەک هیچ  سودێکی بۆ دانیشتوانی هیچ وڵاتێکی ناوچەکە نابێت، بەڵکو خەڵکی بەرەوڕوی زیانێکی زۆرتر و نائەمنی و مەترسی دەکاتەوە، کە زیاتر بەسەر دانیشتوانی ئێراندا دەشکێتەوە.

درێژەدان بەم ڕێڕەوەی ئێستای شەڕ، جگە لە وێرانکردنی زیاتر و زیانێکی قەرەبوونەکراو بە ژینگە و دووبارەبوونەوەی کارەساتی مرۆیی، هیچ دەرئەنجامێکی تری نابێت. چینی کرێکار و خەڵکی بێبەش، لە قوربانیە سەرەکیەکانی ئەم دۆخەن، بۆیە دەبێت دەستبەجێ ئەم شەڕە بوەستێت.


PM:08:55:26/06/2025

ئه‌م بابه‌ته 632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی