سودانی لەژێرپێی فیلەکاندا
ئاسۆ عەبدوللـەتیف
ئاسۆ عەبدوللەتیف
لەعێراق هەڵۆکان بە نهێنیی و شاراوەیی سیاسەت دەکەن، کاراکتەرە بچووک و قەزەمەکان لەژێر پێی فیلەکاندا هەمیشە دەپلیشێنەوە، فیلەتەنەکان حوکمڕانیی ڕاستەقینە دەکەن و سیاسەت بەڕێوە دەبەن، هەڕەشەکەرەکان وەک قاژو قشقاڕەکان هەر دەنگیان بەرزە، ڕۆڵیان نمایش و قیڕەقیڕەو ئاستی سیاسەتکردنیان تەنها دەنگدانەوەی ئەشکەوتەکەیە نەک زیاتر، بۆ نمونەسودانی هەر باڵای بەرزە ئەگینا لەژێرپێی فیلەکاندایە.
محمد شیاع سودانی وابزانم بە یەک کورسیەوە بوو بەسەرۆک وەزیران، ئەمجارە چونکە قەبارەی خۆی دەرچوەو زیادلە پێویست هەنگاو دەنێ دەبێتە نێچیرو دەپلیشێتەوە ئەگەر سازش نەکات بۆ فیلەکان.
سیاسەت لەعێراق بەرمەبنای گەمەو فێڵ و هێزو مانۆڕی سەربازیی و ئەمنی و موخابەراتی و گرێبەست و سازانی سیاسی و کۆنتراکتی نەوتییە لەنێوان ئەکتەرە ئێرانیەکان و تورکیەکان و ئەمریکادا، بۆیە ئەگەر بەهێزنیت قیڕەقیڕ نەکەی باشە چونکە دەبیتە زاهیرەی سەوتی، بتەوێ و نەتەوێ کورد ئەکتەرێکی کاریگەرە لە عێراق و هەم کورسی هەیەو هەم نەوت و گازو هەم لەیاریەکەدا چالاکەو تاران و واشنتۆنی کردۆتە ئەڵقەی دەستی.
٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٢، هاوپەیمانێک لەو فیلەتەنانە حکومەتی پێک هێنا بەناوی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، لەو ئیئتیلافەدا کورد ئەکتەری سەرەکی بوو، لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی و سوننەکان، کێ لەو گەمەیە تێناگات یان نەخوێندەوارە یان دژی نەتەوەو نیشتیمانەکەیەتی و بەزۆر دەیەوێ خۆی هەڵخەڵەتێنێ و بڵێ کورد هیچ نیەو دۆڕاوە.
دیزاینەکە ئاوابوو، دەوڵەتی یاسا ٣٨ کورسی، هاوپەیمانی فەتح، هادی عامریی ٣٣ کورسی، هاوپەیمانی سەروەری سوننەکان بە ٦٠ کورسی بەشداربوون، بریتی بوون لە حەلبوسی و خەمیس خەنجەرو دواتر تەفرەقەیان تێکەوت. کوردەکان بە 49 کورسی یەکێتی و پارتی بەشداربوون، سەربەخۆکان بە ٣٠ کورسی و هاوپەیمانی عەزمی نیشتیمانی سوننەکان، ١٤ کورسی، لیستی عەقدی نیشتیمانی ٨ و تەسمیم ٧و نەهج ٥ کورسی و بابیلۆن ٤کورسی دەی لەو لیست و قەوارانە کورد بەهێزترینیان بوو!
هێزە بەرهەڵستکارو ئۆپۆزسیۆنەکەی حکومەتیش بریتی بوون لە، قائیمەی ئیمتیداد ١١ کورسی و هێزەکانی دەوڵەت ١١ و نەوەی نوێ ٩ کورسی و ئیشراقیەی کانون ٧ کورسی و یەکگرتووی ئیسلامی ٤ کورسی و دادگەری ١ کورسی کە نەیانتوانی هیچ ڕۆڵێک بگێڕن و هەندێکیان بوون بەهاوڕێی فیلەکان.
PM:02:34:08/06/2025
ئهم بابهته 2000
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی