سودانی و یەکگرتوو

‌دڵشاد ئەنوەر

دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، هێرشێکی چڕ لەلایەن پارتییەوە بۆ سەر ئەو حیزبە دەستیپێکردووە و جۆرەها تۆمەت دەدرێتە پاڵ پەرلەمانتارەکانی.

ئەم جۆرە مامەڵەکردنەی پارتی هەزاران بارەیەو بەشێکە لە سیاسەتی چەند ساڵی ڕابردووی ئەم حزبە،  هەرچەندە زیانی گەورەشی لێکردووە، بەڵام بەردەوامە لەسەر هەڵەکانی.

ڕۆژێک حەلبوسی دۆستەو ڕۆژێک خائین، حەشدو سەرکردەکانی رۆژێک دوژمن و رۆژێک نەیار، سودانی رۆژێک باش و رۆژێک خراپ، ئێران تاوێک دژی کوردو رۆژێک دۆست، ئەمە جیا لەو جوڵە ناوبەناوانەی پارتی کە خەریکە هەرێم تەریک دەکاتەوەو لە هاوکێشەکان دووریان دەخاتەوە.

کۆبوونەوەی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هیچ شورەییەکی تێدا نییە، چونکە ئەو سەرۆکوەزیران و ئەمان پەرلەمانتار، هەردوولا ئەندامی دامەزراوە فەرمییەکانی عێراقن و یەکەم بە دەنگی دووەم پۆست وەردەگرێت. لە دونیا بێ وێنەیە، پەرلەمانتار لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵاتی خۆی دابنیشێت و تەخوین بکرێت، ئەمەی ڕوودەدات دەکرێت لە کتێبی گینس دا تۆمار بکرێت.

گەر هەڵەیەک لەسەردانی وەفدی یەکگرتوو بدۆزرێتەوەو ناو بنرێت هەڵە، ئەوەیە با سودانی خۆی بەرپرسانی هەرێم تۆمەتبار بکات و راستەوخۆ قسەیان لەسەر بکات، نەک لەرێگەی پەرلەمانتارەوە قسە فڕێ بداتە ساحەکەو خۆشی لەژێرەوە جەژنە پیرۆزە بکات.

زۆرجار کاتێک نێوان پارتی و عێراق تێکدەچێت، پارتی دەگەڕێتەوە بۆ گوتاری یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان، بەڵام هەموو جارێکیش لەم پرسەدا شکست دەهێنێت و هێزی لەدەور کۆ نابێتەوە، ئەمەش هێندەی تر تەنهای دەکات و بەرامبەر بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئیحراجی دەکات.

 یەکدەنگی و یەکگرتوویی لەکاتی ئاڵۆزی و ناکۆکیدا دروست نابێت. یەکگرتوویی، ئیرادەو هەنگاوی جدی دەوێت کە پارتی هەنگاوی بۆ بنێت، نەک لەکاتی پێویستدا ئێوەم دەوێ و لەکاتی ئاساییدا تەخوینتان بکەم.

دڵنیام، گەر یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکان هەبوایە، دام و دەزگا یاساییەکانی هەرێم پەکیان نەخرایەو ڕۆڵی خۆیان بگێڕایە،  زۆر کێشە لەگەڵ بەغدا چارەسەر دەبوو. بەڵام بڕیاردان  بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق لای چەند شەخسێک بێت و بەپێی میزاج مامەڵە بکەن، عاقیبەت کەڵەکەبوونی زیاتری کێشەکان و ماندوو بوونی زیاتری خەڵکی لێدەکەوێتەوە.


PM:01:35:05/06/2025

ئه‌م بابه‌ته 2272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی