كشمیر كێكە ژەهراوییەكەی نێوان پاكستان و هیندستان

‌شوان عەباس بەدری

هەرچەندە مێژووی كێشە و ناكۆكییەكانی نێوان پاكستان و هندستان ڕەگێكی لە مێژینەی هەیە و پێش ڕزگاربوونی هندستان لە ژێر دەسەڵاتی كۆڵۆنیای بەریتانیا خۆی لە بەرگێكی ئایینیدا دەبینییەوە، بەڵام لە دوای جیابوونەوەی پاكستان و دروستبوونی وڵاتی پاكستانی موسڵمان نشین، ئەو كێشەیە بەرگێكی سیاسی پۆشی و لە ساڵی 1947 واتە لەدوای جیابوونەوەی پاكستان لە هندستانی بەریتانی، ئەو وڵاتە نوێیە لەڕێی ناردنی میلیشیاكانی هۆزەكانی وەزیرستان بۆ دەست بەسەرداگرتنی كشمیر، جەنگێكی یەك ساڵەی لە گەڵ هندستاندا هەڵگیرساند كە بە جەنگی یەكەمی كشمیر دەناسرێت و دوا بە دوای ئەوەش پێنج جەنگی تر لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەڵگیرساوە.

یەكەم جەنگ لەمانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 1947 سەریهەڵدا، كە لەكاردانەوەی پاكستان بەرامبەر هەوڵێكی هیندستان بۆ لكاندنی هەرێمەكانی ماهاراجا و ویلایەتەكەی گامۆو كشمیر سەریهەڵدا، جەنگ و پێكدادان بۆ نزیكەی ساڵ و نیوێك و تاوەكو مانگی یەكی ساڵی 1949 بەردەوام بوو.

جەنگی دووەمی نێوان پاكستان و هیندستان ساڵی 1965 بەهەوڵێكی سوپای پاكستان بۆ دروستكردنی پشێوی لەناوخۆی هیندستان سەریهەڵدا، گەورەترین جەنگی تانك لەدوای جەنگی دووەمی جیهانی لەو جەنگەدا روویدا، دواتر بەنێوەندگیری یەكێتی سۆڤیەتی ئەو كات و ئەمریكا جەنگەكە راگیرا.

ساڵی 1971 جارێكی تر پێكدادان لەنێوان هیندستان و پاكستان سەریهەڵدا، بەو هۆیەشەوە بەنگلادیش سەربەخۆیی لەپاكستان بەدەستهێنا و جەنگەكە نزیكەی ساڵێك بەردەوام بوو. 

ساڵی 1999 جارێكی تر پێكدادان و جەنگ لەنێوان پاكستان و هیندستان سەریهەڵدا، كە بەجەنگی كارجیل ناسراوە، سوپای پاكستان چەند ناوچەیەكی هەرێمی كارجیلی داگیركرد، دواتر بەفشاری نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریكا پاكستان لەلەسەدا 75ی ئەو خاكانە كشایەوە كە داگیركردبوون، لەم جەنگەدا پاكستان نزیكەی چوار هەزار سەربازی كوژران. 
لە دوای هێرشە خوێناوییەكەی 22ی نیسانی مانگی رابردووش بۆ سەر كشمیری هیند لەلایەن ژمارەیەك چەكدار لە ناو خاكی هندستانەوە، دووبارە هەڕەشەكانی هەردوو وڵات لە یەكتر گەیشتە لووتكە و تاوەكو لە رۆژی شەشی ئایاری 2025 هندستان وەك تۆڵەكردنەوەیەك هێرشی كردە سەر خاكی پاكستان و لە ئەنجامدا جەنگێكی سنووری لە نێوان هەردوو وڵات هەڵگیرسا و ژمارەیەك كەس لە هەردوو كوژران و بریندار بوو.

ئێستا جیهان هەوڵی هێوركردنەوەی كێشەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەدات لە هەوڵدان  بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، بە تایبەتیش كە هەردوو وڵات خاوەنی دەیان كڵاوەی ئەتۆمین و جگە لەوەش ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ترۆپكی تەقینەوەدایە و بە بڕوای كەسانی سیاسی و چاودێر، ناوچەكە توانای هەڵگیرسانی جەنگێكی ماڵوێرانكەری تری نییە.


AM:10:33:07/05/2025

ئه‌م بابه‌ته 680 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی