دکتۆر بەرهەم و پۆستی سەرۆک کۆمار!

‌دڵشاد ئەنوەر

لەکاتيکدا شەش مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕاکە ڕاکە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەستی پێکرد، لەکاتێکدا گەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، دۆخی دوای هەڵبژاردن چارەنوسی ئەم پۆستە یەکلایی دەکاتەوە.

لەتیف رەشید، شەڕی بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکات، سکاڵاکانی ئەم دواییەی لەسەر حکومەتی عێراق و سەردانی چڕی بۆ لای لایەنەکان و جوڵە زۆرەکانی ئاماژەن بۆ ئەم خواستەی.

هاوکات دکتۆر بەرهەم ساڵەح جوڵەی لە جاران زیاترە، لێدوانەکانی جیاوازترن، هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی دەیەوێت بچێتە نێو کێبەرکێی وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە.

لەتیف رەشید، لە دیداری یەکێتی ئاماژەی بەوەکرد نابێت حزب بۆ شەخس و گروپ بێت. بافڵ تاڵەبانیش وەکو تانەدان لە بەرهەم ساڵەح، باسیلەوەکرد خەڵک هەیە لە دیداری یەکێتی بەشدار نییەو لە سەری ڕەشە. بەرهەم ساڵەحیش دەڵێت،” گۆڕانکاری گەورە بەڕێگەوەیە.”

بەرهەم ساڵەح، جاری یەکەم پۆستی سەرۆک کۆماری بەدەستهێناو کاندیدی یەکێتی بوو، لەکاتێکدا پارتی بە توندی دژی بوو. جاری دووەمیش کاندید بوو، پارتی دوای ئەوەی نائومێدبوو لە سەرخستنی کاندیدی خۆی، دواجار پشتگیری لە لەتیف رەشیدو کردو ناوبراو بووە سەرۆک کۆمار.

جوڵەی ئەمجارەی بەرهەم ساڵەح جیاوازترە لە ڕابردوو، وەکو ئەوەی ئومێدی بە یەکێتی نەمابێت، جوڵەکانی زیاتر پشت بەستنە بە پارتی، بە تایبەت لە دیداری زانکۆی ئەمەریکی ڕۆڵێکی گەورەی بە پارتی داو یەکێتی ئیهمالکرد، هەروەها لە ساتەوەختی دیداری یەکێتیدا، ئەو لەگەڵ بەرپرسانی پارتی لە هەولێر بەشداربوو لە ڕۆژی نزای نیشتیمانی.

هەوڵی بەرهەم ساڵەح بۆ بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارو شەڕی لەتیف رەشید بۆ مانەوەی لە پۆستەکەی لەکاتێکدایە، باس لەوە دەکرێت یەکێتی لەم کێشمەکێشەدا خواستی کاندید کردنی نزار ئامێدی بۆ ئەو پۆستە هەیە.

بەرهەم ساڵەح باس لەپێشهات و ڕوودانی گۆڕانکاری گەورە دەکات، ڕەنگە پێیوابێت تا کاتی هەڵبژاردن گۆڕانکاری بەدڵی ئەو ڕوودەدات و  ئەمەش هۆکار بێت بۆ پشت بەستنی بە پارتی، یەکێتیش سەنگەری لێگرتووە، بەڵام هێشتا زووە گرەو لەسەر چۆنیەتی یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی ئەم پۆستە بکرێت، بۆ؟

چونکە گەر هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و دۆخەکە وەک ئێستا بێت، ئەوا شیعەکان هاوکێشەکە بەدڵی یەکێتی یەکلایی دەکەنەوە، گەر دوای گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەش هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، ئەوا زەمانەت نییە بۆ پشتگیری کردنی پارتی لەبەرهەم ساڵەح، چونکە پارتی ئەمی دڵ نییەو خۆشی تموحی هەیە لە بردنی پۆستەکە..

خۆ پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی ڕۆڵی گرنگی هەیە لەم پرسەدا، تا ئێستا لە زۆر لە مەسەلەدا ناکۆکن بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم، گەر لێرە ڕێکبکەون و لێکتێگەیشین بۆ چۆنیەتی بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی بەغدا ڕوو بدات،  ئەوا دۆخەکە بەجۆرێکی تر دەبێت..

تێبینی: دواتر بەوتارێک ئەوە ڕووندەکەمەوە، گەر گۆڕانکاری لەناوچەکە ڕووبدات، دۆخی یەکێتی و پارتی چۆن دەبێت


AM:09:48:25/04/2025

ئه‌م بابه‌ته 588 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی