گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە هۆی زیادبوونی ئاستی زەرنیخ (ئارسینک) لە برنجدا
سان ساراڤان
ئەگەر چی برنج خوراکێکی پڕ خواستە لە سەرانسەری جیهان بەتایبەتی لە ووڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا و ووڵاتانی لاتین، بەڵام لێکۆڵینەوە نوێیەکان دەریانخستووە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی دەردانی گازەکانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بەردەوامی گەرمبوونی هەسارەکەمان ئەم دانەوێڵەیە زیاتر ژەهراویتر دەبێت، ئەمەش ئەگەری کاریگەری زۆر گەورەی هەیە لەسەر ملیۆنان کەس و ڕەنگە ژیانیان بخاتە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیە سەختەکان.
لە توێژینەوەیەکی نوێیدا کە لەلایەن توێژەرانی قوتابخانەی تەندروستی گشتی مایلمان لە زانکۆی کۆڵۆمبیا و هاوکارانی ئەکادیمیای زانستی چینی و زانکۆی جۆنز هۆپکینز لە قوتابخانەی تەندروستی گشتی بلومبێرگ کە بەم دواییە ئەنجامدراوە دەرکەوتووە کە بەهۆی بەرزبوونەوەی ٢ پلەی سەدی گەرمی گۆی زەوی و بەرزبوونەوەی ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە بەرگەهەوادا بۆتە هۆکاری بەرزبوونەوەی چڕیی زەرنیخی نائۆرگانیک لە بەرهەمهێنانی برنجدا، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە مەترسییە تەندروستییەکان بۆ دانیشتووان لە سەرانسەری ئاسیا تا ساڵی ٢٠٥٠ زیاد دەکات.
شایانی باسە بە پێوانەکردنی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەسەر ٢٨ جۆری برنج لە ماوەی دە ساڵدا لە کێڵگەکاندا، تیمەکە ژەمە نائۆرگانیکەکانی زەرنیخ و مەترسییە تەندروستییەکانی بۆ حەوت وڵاتی ئاسیا خەمڵاند: بەنگلادیش، چین، هیندستان، ئەندەنوسیا، میانمار، فلیپین و ڤێتنام.
ئەم ڵێکۆڵینەوەیە بە بەکارهێنانی میتۆدی FACE (Free-Air CO2 Enrichment) و تێکەڵکردنی تەکنیکە پێشکەوتووەکانی تر ئەنجامدراوە.
ئەم پرۆسەیە چۆن کاردەکاتە سەر کیمیای خاک؟
١- ترشبوون بەهۆی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە:
ئارسینک یان زەرنیخ بە شێوەیەکی سروشتی لە خاک و ئاوی ژێر زەویدا هەیە، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دووەم ئۆکسیدی کاربۆنەوە لە ژینگەکەمان دەبێتە هۆی دروستبوونی ترشی کاربۆنیک (H2CO3) لە خاک و ئاودا، ئەمەش pH (پێوەری ترش و ئەلکالی) دادەبەزێنێت، ترش بوون دروست دەکات. ئەم ترشبوونە دەتوانێت زەرنیخ کە لە کانزا قەتیسەکاندا (وەک ئۆکسیدی ئاسن) کۆبکاتەوە و ئازادی بکاتە ناو ئاو و کونیلەکانی خاکەوە.
٢- چالاکیی میکرۆبی:
بەرزبوونەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لەوانەیە میتابۆلیزمی میکرۆبیەکان هان بدات، دەبێتە هۆی گۆڕینی زەرنیخ(٥) بۆ زەرنیخ(٣) کە خێراتر دەکات، ژەهراویتر و ئاسان ڕاگوزەر تر دەبێت لە ژینگە نا هەوایەکاندا (بۆ نموونە، زۆنگ و سەرچاوە ئاوییەکان و ئاوی ژێر زەوی).
٣- هەروەها لە ئەنجامی چالاکییە مرۆییەکانی تری وەک بەکارهێنانی قڕکەر و بۆیاخ و مادەی پارێزەری دار، کە هەموو ئەمانە بڕێکی زۆر لە زەرنیخیان تێدایە، هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی زەرنیخ، لە هەمان کاتدا برنج زۆر کونیلەدارە، بۆیە بڕێکی زۆر لەم زەرنیخە لە کێڵگە پڕئاوییەکانەوە هەڵدەمژێت.
کاریگەرییە تەندروستیەکان:
ئارسنیک یان زەرنیخ مادەیەکی زۆر ژەهراوییە بە شێوەی نائۆرگانیکیەکەی، کە لە ئاوی پیس کە بۆ خواردنەوە و ئامادەکردنی خۆراک و ئاودێریکردنی بەرهەمە خۆراکییەکان بەکاربهێنرێت، زۆرترین مەترسی لەسەر تەندروستی گشتی دروست دەکات، بەرکەوتنی درێژخایەن بە ئارسنیک لە ئاوی خواردنەوە و خۆراکەوە دەبێتە هۆی شێرپەنجە و برینەکانی پێست و شەکرە و کۆئەندامی دەمار و بەرگری لەش.
پێشبینییەکانی توێژینەوەکە بۆ ساڵی ٢٠٥٠ پێشنیاری بەرزبوونەوەی بەرچاوی حاڵەتەکانی شێرپەنجە دەکات، بەتایبەتی شێرپەنجەی سییەکان و میزڵدان. پێشبینی دەکرێت چین زۆرترین ژمارەی تووشبوان بەخۆیەوە ببینێت، مەزەندە دەکرێت ١٣ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس تووشی شێرپەنجە ببن کە پەیوەندییان بە بەرکەوتنی زەرنیخەوە هەیە لە برنجدا.
دکتۆر لویس زیسکا، لە قوتابخانەی کۆڵۆمبیا، مامۆستای یاریدەدەری زانستە تەندروستییە ژینگەییەکان دەڵێت: "ئەنجامەکانمان ئەوە پیشان دەدەن کە زیادبوونی ئاستی زەرنیخ دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە و کاریگەرییە تەندروستییەکانی دیکەی نا شێرپەنجەیی بەرز بکاتەوە. بەو پێیەی برنج لە زۆر شوێنی جیهاندا خۆراکێکی سەرەکییە، ئەم گۆڕانکاریانە دەتوانن ببنە هۆی بەرزبوونەوەی بەرچاوی بارگرانی جیهانی شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و پرسە تەندروستییەکانی دیکەی پەیوەست بە زەرنیخ."
هەروەها لویس زیسکا کاریگەرییە تەندتەستییەکانی بەرکەوتنی درێژخایەنی زەرنیخ دەخاتە ڕوو و دەڵێت:
"لە ڕوانگەی تەندروستییەوە، کاریگەرییە ژەهراویەکانی بەرکەوتنی درێژخایەنی زەرنیخ بە باشی جێگیرکراون و بریتین لە شێرپەنجەکانی سییەکان، میزڵدان و پێست، هەروەها نەخۆشیەکانی دڵ. هەروەها بەڵگەی سەرهەڵداو ئەوە پیشان دەدات کە بەرکەوتنی زەرنیخ ڕەنگە پەیوەندی بە نەخۆشی شەکرە، دەرئەنجامە نەرێنییەکانی دووگیانی، کێشەکانی گەشەکردنی دەمارەکان، و کاریگەرییەکانی سیستەمی بەرگری لەشەوە هەبێت"
چارەسەر:
ئەگەرچی شۆردنەوەی برنج لەکاتی لێناندا کەمێک لەو زەرنیخە کەمدەکاتەوە بەڵام بەتەواوەی بنبڕی ناکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە زیسکا ئاماژەی بەوەکردووە، "بە پشتبەستن بە دۆزینەوەکانمان، پێمان وایە چەندین کردار هەن کە دەتوانن یارمەتیدەر بن لە کەمکردنەوەی بەرکەوتنی زەرنیخ لە داهاتوودا ئەمەش بریتین لە هەوڵدان لە بەخێوکردن و زیادکردنی ڕووەک و سەوزایی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی زەرنیخ و باشترکردنی بەڕێوەبردنی خاک لە کێڵگە برنجییەکان، و باشترکردنی پرۆسەی بەرهەمهێنانی برنج.
AM:11:59:21/04/2025
ئهم بابهته 336
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی