هیپنۆکراسی، فەلسەفەی بێ خاوەن
د. ئەمیر حسێن
پێشکەوتنە خێراو داهێنانە زۆرەکانی تەکنۆلۆژیا ،بەتەنها کاریگەریان لەسەر پێشخستنی بواری زانست و دەستخستنی زانیاری لەو بوارەدا نەبوە ، یان بەتەنها نەبۆتە هۆی خستنەوەی داهێنانی زۆری ئامێری جۆراوجۆری ئەلیکترۆنی ،کەهەمو بوارەکانی ژیانی مرۆڤی ئەم سەردەمەی داگیرکردوە، بە ئەندازەیەک لەهەر بوارێکی ژیاندا هێندە داهێنان و ئامێری ئەلکترۆنی وە دجیتاڵی بەردەستە ، مرۆڤ توشی شۆک دەبێت ، بەتایبەت بەشی زۆری ئەم کەلو پەل و ئامێرە ئەلیکترۆنیانە جیا لە تەکنۆلۆژیای سەربازی، ڕۆڵی کارئاسانی دەبینن بۆ هاوکاری مرۆڤ ، لەگواستنەوەوگەیاندنەوە بگرە تا پیشەسازی دەرمان و چارەسەری پزیشکی وئامێرەکانی پەیوەندی ،شارو نیشتەجێ، وەرزش ، خوێندن و پەروەردە، خۆپارێزی، … تادەگاتە گەشت وسەیران و باشترین خۆشگوزەرانی . بەڵام ئایە تەکنۆلۆژیا بەهەمان ئەو شێوەیە لە زانستە مرۆییەکاندا ڕۆڵی بینیوە؟ بەتایبەتی گەر بزانین هەمو ئەم پێشکەوتنە خێراو بەرهەمە زۆرە کاریگەری زۆری لەسەر گۆڕینی خەسڵەت و تایبەتمەندی مرۆڤی ئەم سەردەمە جێهێشتوە ، بەشێوەیەک زۆر ئەستەمە بەراوردکردنی ئەم مرۆڤە بە مرۆڤی(١٠٠) ساڵ لەمەوبەر، وەکو( فۆکۆ) دەڵێت ، یان تەنانەت چەند دەیەیەک لەمەوبەر .
لە (١) کانونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو کتێبی هیپنۆکراسی(Hypnocracy) لەلایەن دەزگایPhilosophy magazine Editor بڵاوکرایەوە. ( ئەندریا کۆلامیدیشی) بیرمەند و فەیلەسوفی ئیتاڵی گوایە وەریگێڕاوە بۆسەر زمانی ئیتاڵی، ئەم کتێبە ڕووداوێکی تایبەتە ولە ئیتالیا بڵاوکرایەوە، هەر زوو خوێنەرانی سەرسام وشپرزە کرد، کتێبێکی نائاسایی هەڵگری تێزێکی فەلسەفی قوڵ باشترلەهەرکتێبێکی تر، ڕەوشتی ئەم سیستەمە نوێیە دەناسێنێت ،کە بەردەوام فێڵ لە ئاگامەندیمان دەکات ، وە زۆر بێشەرمانە ئیدراکمان هەڵدەخەڵەتێنێ.( هیپنۆکراسی، تڕامپ ، ماسک ئەندازەکاری واقع ) گوایە ( جیانوی شۆن) نوسەرێکی خەڵکی هۆنگ کۆنگە نوسیویەتی، ئەو میتۆدە فەلسەفیەی ئەم کتێبەی پێنوسراوە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا ، شەپۆلەکانی ئەم مشتومڕە زۆربەی ناوەندە ئەکادیمی و زانستیەکانی گرتەوە، تەنانەت کۆمپانیا گەورەکانی ڕاگەیاندن و میدیاکارە جیهانیەکانی توشی شۆک کرد ، نوسەرێکی نەناسراو بەبێ هیچ باگراوندێکی ئەوتۆ ، لەسەر ئاستی جیهان بتوانێت تێزێکی تازە لە بابەتی فەلسەفە وە زانستە مرۆییەکان بخاتەوە . تێزێک کە جێگەی سەرنج وە بایەخی توێژەران و بیرمەندانی ئەم قۆناغەبێت ، بۆیە هەر زوو سەرنجی بایەخپێدەرانی ڕاکێشاو، میدیاکاران گەشتیان بۆ هۆنگ کۆنگ دەستپێکرد، بەمەبەستی گەڕان و پشکنین بۆ ناسینی نوسەرەکەی، بەڵام ئەوەی جێگەی شۆکی هەموان بوو ئەوەبو کاتێک دەرکەوت نوسەری کتێبەکە کاراکتەرێکی خەیاڵیەولە ڕاستیدا هەر بونی نیە ، ئەگەرچی لەبەرگی پشتەوەی کتێبەکە کورتەیەک لەمەڕ نوسەرەکە خراوەتە ڕوو، گوایە فەیلەسوف وەبیرمەندی پسپۆڕە لە بواری پەیوەندیەکان و میدیادا، هەروەها لە بەریەککەوتنی تیۆرە ڕەخنەییەکان،لە مانەش گرنگتر شارەزایە لە توێژینەوە لەمەڕ تەکنیکی ژمارەیی دیجتاڵی وعەقڵ گەرایدا. بەڵام هەرزوو دەرکەوت کەسێک بەم ناونیشانە بونی نیە، بەڵکو ئەم تێزە وە کۆی کتێبەکە بەرهەمی هاوبەشی بیرکردنەوەی ئامێرەکانی زیرەکی دەستکرد( تلون و کلۆد) دە، لەگەڵ مرۆڤ .
هیپنۆکراسی (Hypnocracy ) بەزمانی ئیتاڵی بەواتای کۆنتڕۆڵکردنی گشتی لەڕێگەی خەواندنی موگناتیسی، سڕکردنی هۆشیاری مرۆڤ یان لەکارخستنی ئاگامەندی، بێگومان مەبەست ئاگامەندی بەکۆمەڵە ،سیستەمێکی ئاراستەکراوە کار لەسەر هۆشیاری بەکۆمەڵ دەکات، پەیوەست نیە بە کۆنتڕۆڵکردنی جەستە یان گەمارۆدانی بیرۆکەکان یان سنوردارکردنی ،بەڵکو دۆخێکی بەردەوام دەخوڵقێنێ لە بێئاگایی لە شێوەی خەوتنی موگناتیسی. بێئاگایی لە ڕیتمی وەزیفەیدا وەک سیستەم، گۆڕینەوەی ئاگامەندی بە خەوێکی ئاراستەکراو تا ڕادەی ( جۆرێک لە گەوجاندن)، وە جیهانی ڕاستەقینە بە چاوەڕوانی پێشنیاری زۆرو بەردەوامی خستنەوەی گریمانەی نوێ، تا دەگات بە لەبری دانانی گریمانەکان لەشوێنی واقعی بەرجەستە، وەشوێنگرتنەوەی خەیاڵ و ئەندێشە لە جێگەی حەقیقەت، زانیاریەکان هێندە فراوانوخێران وەکو ڕوبارێک لە خەودا هەڵدەڕژێن، سەرابێک لە ژمارەی دیجتاڵی بە هێزێکی زۆرەوە ڕاماندەکێشێ شوێنی بکەوین، پلاتفۆڕمە دجیتاڵیەکان دەبنە ئامڕازی کارای هیپنۆکراسی، کۆمەڵگە دەخەنە حاڵەتی مت بونەوە، کاریگەری تەکنۆلۆژیای ژمارەکان لەسەر هۆشیاری کۆمەڵگەو خستنەوەی خووڕەوشتی نامۆی جۆراوجۆر، بۆتە خود شوناسی مرۆڤی ئەم سەردەمە .
جیانوی شون ، نوسەری کتێبەکە لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ، کە هەربەهۆی ئەندریا کۆلامیدیشی لەگەڵ گۆڤاری ( لوغران کنتینان) سازیداوە ،دەربارەی تێزەکەی دەڵێت: لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەوەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە پێویستی بە بەکارهێنانی توندوتیژی نیە، یان بەڵگەی لۆژیکی و ئەرگومێنتی عەقڵی بۆ ئەوەی باوەڕمان پێ بهێنێت، تەنها پێویستی بەوەیە کار لە سیستەمی هۆشیاریمان وە هەستە کۆمەڵایەتیەکەمان بکات ، سەرنجمان غافڵگیربکا، تا ئیتر وە کو شەپۆلێک ئاراستەی خۆی وەردەگرێ، لە ناخماندا هەستێک دەچێنن دیمەنەکان بە سێنایی کۆنتڕۆڵمان دەکات، بەم شێوەیە نامەو ئاماژەکان هەزار بارەدەبنەوە،تا لە ئەنجامدا لە غیابی ئاگامەندیمان وە لە هەڵچونی ئەندێشەو خەیاڵی ئاراستەکراودا حەقیقەت بزر دەبێ وە دەبێتە سەراب، گەوجاندن لە باشترین حاڵەتدا بەرجەستە دەبێت.
ئەم تێزە ڕەخنەی قوڵ لەو سیستەمەی ئێستا دەگرێ، بەتایبەت دووفیگوری باڵا کەتا ڕادەیەکی زۆر ڕۆڵێکی میحوەری گرنگ لە ئاراستەکردنیدا دەبینن ئەوانیش ( تڕامپ ، ئیلۆن ماسک)، وەک نمونەو ئامانج وەردەگرێ ، سیستەمێک ڕەوایەتی دەسەڵاتەکەی لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی حەقیقەت بنیات نانێت ، بەڵکو لەڕێگەی زۆری وە هەمەچەشنەیی حیکایەتەکان دەربارەی حەقیقەت،هۆشیاری کۆمەڵگە پەرتدەکا (وەک ئاردی ناو دڕوان)بە ئەندازەیەک هەمو خاڵە جێگیرەکان تێکدەشکێنێ، هیچ نەگۆڕو جێگیرێک بونی نەماوە لەم ڕۆژگارەدا. حیکایەتەکان هێندە زۆرن دیبەیت و گفتوگۆ ناکەن بەڵکو لەهەمو ڕویەکەوە بەر یەکتر دەکەون وە لە کێبڕکێدان ، حەقیقەت ئەوەندە وێنای جۆراو جۆر لەخۆ دەگرێ ، لە ناو تەمومژی بەریەککەوتنەکاندا تێکەڵ بە وەهم دەبێ تا لەکۆتایدا بزر دەبێت، دەکرێ ئەم سەردەمە بەسەردەمی بان حەقیقەت یان ئەودیوی حەقیقەت بیناسینەوە، مێتا حەقیقەت وەک میتافیزیک ، لە داهاتودا دەبێتە تیۆرێکی فەلسەفی وە بە ئەگەری زۆرەوە ڕەواجی زۆر پەیدادەکات. کتێبخانەوهۆڵی زانکۆکان سەرڕێژدەبن لە تێز وە دیبەیتی جۆراوجۆر لە ژێر ناوی شڕۆڤەوخوێندنەوەی نوێ بۆ باشتر تێگەیشتن لە (مێتاحەقیقەت) ، لەم نێوەندەدا دەسەڵات هیچ پەرۆشیەک نانوێنێ بۆ ئەوەی باوەڕپێهێنانی لۆژیکی بخاتەوە، هۆشیاریمان لەلایەن داگیرکەرێکی نەبینراوەوە گەمارۆدراوە، بەهێمنی سود لە بێئاگایمان دەبینێ دێتە ناو ژمارەو وردەکایەکانی ژیانمانەوە،هیچ بەشێکی زانیاریەکان بە پارێزراوی نەماوەتەوە، بەردەوام بەدوای دەستگیرکردنی هۆشیاریمانەوەیە بۆ ئەوەی بیخاتە کەمین، وە پەلبەستی بکا .
ئەم دوو فیگورە زیاتروەک قەشە دەردەکەون نەک وەکو دەسەڵاتداری سیاسی ،دەکرێ وەکو نمونەی باڵای پێشڕەوانی مێتا حەقیقەت ئەژماربکرێن، بەردەوام لە سەر شاشەکان دەبینرێن ، هەمیشە بابەتەکان چەندان بارە دەکەنەوە ،لە هەموو بۆنەیەک دەردەکەون ، نمایشی شۆ ئامێز دەگێڕن، چەمکەکان هێندە دەڵێنەوە لە مانا ئاساییە سروشتیەکان دایان دەماڵن تا دەبنە ئاماژەی بەتاڵ و بێمانا ، دەگۆڕێن بۆ چەمکی مەبەستداری ئاراستەکراو،بەڵام هێشتا ئامرازەکانی هێزی دانوستان و دەستبەسەراگرتنی هۆشیاری کۆمەڵگایان بەدەستەوەیە، هەر زوو هەژموونیان دەگۆڕێ بۆ نائاسایی وە ناسروشتی، چونکە کۆمەڵگە لە حاڵەتی بێهۆشی چڕدایە ، قەیرانی قوڵ وە بەردەوام دەخوڵقێنن بۆئەوەی لە کۆتایدا خۆیان وەک ڕزگارکەر پێشانبدەن . ماسک بەڵێنی خەیاڵی بەمرۆڤایەتی دەدات، بۆئەوەی لەچاوەڕوانی بێکۆتایی بمانهێڵێتەوە، بە شێوەیەکی فراوان سەرمایەگوزاری لە زیرەکی دەستکرددا دەکات، بەڵام پێمان دەڵێت زیرەکی دەستکرد چەندە مەترسیدارە بۆ سەر ئایندەی مرۆڤایەتی ، کۆمپانیای زەبەلاحی سۆسیال میدیا بەڕێوەدەبات ، بەڵام باس لە زیانەکانی بۆ سەر نەوەی داهاتو دەکا ، بۆ ئەوەی وەک ڕزگارکەردەرکەوێت ، تڕامپ دەخوازێت خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی بەدەستبهێنێ ، خۆی بە پیاوی ئاشتی دەناسێنێ ، کەچی شەڕ بە هەمو جیهان دەفرۆشێ ، تەنانەت دورگەی پەنگوئینەکان لە ئوستورالیا لە گێچەڵەکانی تڕامپ دەربازی نەبو ، هەمو جیهان بگرە هەمو مرۆڤایەتی کاریگەرە بە بڕیارەکانی ، لە ژینگە پارێزێکی مەقەدیشۆوە بگرە تا دەستگێڕێک لە ئیسلام ئاباد وبەرگدرویەک لە شوقەکەی خۆیدا لە ساوپاولۆ،ئەم سەردەمە سەردەمی کاپیتالزمی ژمارەییە، یان سەردەمی سەرمایەداری تەکنۆلۆژیای ژمارەییە( کاپیتالیزمی دیجتاڵی یان دیکتاتۆریەتی دیجیتاڵی) ، پێویستی بەدەستگرتن بەسەر هێزی کارو هۆکانی بەرهەمهێنان و کارگەکاندانیە ، جەستە داگیرناکا بەڵکو هۆشیاری دیل و دەستبەسەردەکا ،ئاگامەندی کۆمەڵگا غافڵگیرو سڕدەکا ، هەر بۆیە هیینۆکراسی، باڵاترین فۆڕمی سەرمایەداریە .
لە کۆتایداهیپنۆکراسی تێزێکی فەلسەفی هاوبەشە، ژیری دەستکرد بەشی زۆری بەرهەم هێناوە، بەڵام ئەوەی سەیرە خودی تێزەکە گەمەیەکە لەگەڵ هۆشیاری مرۆیماندا، چونکە دەرهاویشتەی هزرینێکی واقعی نیە، بەڵام ئایە دەکرێ پشت بە داهێنانی هزری نامرۆیی ببەسترێ بەتایبەت لەبابەتی فەلسەفاندندا یان بەگشتی لە زانستە مرۆییەکاندا؟ دەکرێ ژیری دەستکرد شوێنی فەیلەسوف بگرێتەوە لە ئایندەدا؟ تێزوبەرهەمە هزریەکانی ژیری دەستکرد بەهای زانستیان هەیە ؟ لەناوەندە ئەکادیمیەکان دەکرێ وەک سەرچاوە پشتیان پێببەسترێت؟ ئایە ئەمەسەردەمی مردنی نوسەرە وەکو سەبژێکتی داهێنەر؟ یان بێبەهاکردنی ڕۆڵی نوسەری مرۆیی وە پیشەسازی کتێبە ؟ واتە سەردەمی نوسینی هاوبەشە لە نێوان ( مرۆڤ + ئامێر) ، ئایە بازدان لە بیرکردنەوەی ئەبستراکتی مرۆڤ بۆ بیرکردنەوەی دەستکردی بەوەکالەت، هاوشانی تایبەتمەندیەکانی مرۆڤی دیجیتاڵیە ؟ ئایە زۆرمان ماوە بچینە نێوقۆناغی فێربونی بیرکردنەوە لەڕێگەی کۆرساتی جۆراوجۆرەوە لە ئامێرەکان ؟ تەکنۆلۆژیاو بازە گەورەکانی لە ئایندەدا جارێکیترمرۆڤ دەکاتەوە بونەوەرێکی خاڵی لە زانین و مەعریفە ؟ ئەوەی مرۆڤ لەڕێگەی هزرینەوە نەیتوانی پەی پێبەرێ بەدرێژایی مێژوو، تەکنۆلۆژیا دەتوانێ دەستی پێبگا، وە هەموو نهێنیەکان واڵابکا ؟ بەتایبەت لەم سەردەمەدا کە هیپنۆکراسی ئەگەرچی بێ دایک و باوکە تائێستا، بەڵام بە خشکەیی خەریکە دەبێتە شوێنگرەوەی دیموکراسی ، ئەگەریش زۆرە لە ئایندەدا بە قەد دیموکراسی خاوەنی بۆ پەیدابێت، دەیان و بگرە سەدان پارت و دەوڵەتی بەناوەوەبکرێت.
PM:09:01:20/04/2025
ئهم بابهته 720
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی