كێ دڕكەكە لە ژێرپێی مالیكی دەردەهێنێت
کەنعان بەهادين
11ـی نۆڤێمبەری ئەمساڵ، بڕیارە هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، خوولی پێنجەم لە 9ـی یەنایەری 2022 دەستیپێكرد و بۆ ماوەی چوارساڵ لەكارەكانی بەردەوام بوو.
حزبە عێراقییەكان، بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەستیان بە جوڵە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی لیست و هاوپەیمانی كردووە.
پارتە كوردییەكان خۆشبەختانە خەریكن لەمبارەیەوە لە یەكتری نزیكببنەوە، لیبڕاڵ، ئیسلامیی، مەزهەبی و تایفی خەریكن یەكبگرن و بچنە نێو كێبڕكێیەكەوە، ئەمە گرنگە بۆ كۆكردنەوەی دەنگی پەرتەوازەی ساڵانی رابردووی كورد لە چوارچێوەی عێراق.
لەلایەن خۆشییەوە چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، تا ئێستە نەگەیشتووین بە رێككەوتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی لیست و هاوپەیمانێتی، هەر بۆیەش نووری مالیكی ترسی لێنیشتووە، لەوەی سەدرییەكان لە ئان و ساتی دووبارە دەركەوتنەوەن و رێبەرەكەیان موقتەدا سەدر داوای لە لایەنگرانی كردووە كارتی دەنگدانیان نوێبكەنەوە، هەروەها محەممەد شیاع سوودانی خەریكە لیستێكی تایبەت دوور لە مالیكی و هاوڕێكانی دیكەی درووست بكات و نەشیهێشت یاسای حەشدی شەعبی بچێتە پەرلەمان، وێڕای دەركەوتن و گەڕانەوەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق و ئامادەكاریكردن بۆ پێكهێنانی لیست و هاوپەیمانێتی.
هەروەها مالیكی لەم قۆناغەدا كێشەی بەرەی مقاوەمەی عێراقی و تێوەگلانی لە جەنگی ناوچەكەدا هەیە، ئەمەریكا و ئیسرائیل رێگە نادەن مالیكی دووبارە بەهێزەوە لە عێراق دەربكەوێتەوە و حەشدی شەعبی و هێزەكانی دیكەی میلیشیا بەهێزتر بكات.
دەنگۆی ئەوەش هەیە رێكخراوی بەدر، عەسایبی ئەهلی هەق و دەوڵەتی یاسا بە تەنیا بچنە نێوكێبڕكێی هەڵبژاردن و بۆیە چاودێران باس لەوە دەكەن چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو پێگەی جارانی نامێنێت و لە هەڵبژاردنی داهاتوو كورسی زۆر لەدەست دەدات و سوودانی وەك گۆڕاوێكی دیكەی ئاراستەی شیعە بەسەر ئەو هێزانە زاڵ دەبێت و وەك هێزێكی هاوسەنگیش بۆ عێراقی داهاتوو حیسابی بۆ دەكرێت.
تێچووی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق 900 ملیار دینارە و سوودانی داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق كرد ئەو بڕە پارە بۆ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان خەرج بكات.
ئەوە بەردەوامی شەڕی سیاسی ئەمەریكا و ئێرانە لە ناوچەكە، بۆیە ئەوەی بە سیاسەت دەستدەكەوێت، هەرگیز بە جەنگ و ئاشووب دەستناكەوێت و خەریكن دڕكەكە لە ژێرپێی مالیكی دەربهێنن.
PM:08:12:16/04/2025
ئهم بابهته 932
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی