ئێمە کوردەکانی خۆتین

‌ستران عەبدوڵا

زامێکە  بەقەدەر نیشتمان کەونە، بە قەدەر ئەنفال قووڵە، بەقەدەر ژاڵە تاڵە و وەکو بەعسی داگیرکەر زبر و بە زەبرو زەنگە.

پەژارەیەکی کراوەی سەحرای نوگرە سەلمانە هەر دێی سواقی ئەدەی پێت دەڵێ : راوەستە هی ترم ماوە و پەلە مەکە،  زنجیرەکە درامایەکی چەند وەرزییە بەم زووییە خەلاسی نابێت.

نیازی فاتیحا و درودت هەیە،  کەچی لالەی ئازار و خاڵۆی خەفەت ئێژێ بوێستە : رەحیمەڵلا و من ئەعادە سورەتەلفاتیحە و خوا لەوە خۆش بێت  کە خێری سەڵەواتی جەعاعەتی لەبیرە.

چاو لە چاوەڕوانیا کز و عاجز و داماوە،  ئەوەندە کیمیاوی  پیا چوو و ئەوەندە فرمێسکی رشت و  هێند تەماشای رێی دووری کرد و فرە تەمەننای گەڕانەوەی ئازیزانی بوو.

کە ئێستا برژانگی نزایە بۆ کۆتایی بەسەرهات و تکایە بۆ داخستنی یەکجاری قاپی خەم و ئازار.

بەسە ئیتر لە سەماوەوە زانیم بەعس ئەوەیە کە سکیر و عەربیدە و تەعریب و تەرحیلی  لەدەست دێت، تەواو ! ئیتر لە هەڵەبجەوە فامم کرد عەلی کاولی  نە مۆڕاڵی هەیە و نەدەربەستی کیمیاویەتی. تەواو!  ئیتر بۆ زرنگ و ژیر کافیە لە قەتلوعامی موکریان و زیلان و سینەمای عامودە و حامیەکەوە زانیم ناسیونالیستی سەردەست باکی نییە پاکی نەتەوەیەک قڕ بکاو گشتی کوردستانی بێچارە قووت بدا. 

دەردەکە قەدیمە و کاری، لە سیپارەی خەباتی نەتەوەشدا هاتووە:

(گولەی کلاشینکۆف داویە لە ڕانم
پڕ بووگە لە خوێن ، ناو کەوشەکانم)..

هەشت جار لە ئەنفال هەشت بەسەربووم ئیتر حەوجە بە شەنگال و  فەرمانی کوشت و بڕی تر ناکات.

زام و ژانی دەستی زاڵم  و یادگەی تاڵم وا  کەوتەوە  جولە ، وا تۆپزاوای نوێباوم خلیسکاو کولایەوە و  گۆڕی غەریبی فەرەنجی وگۆچانی  دەستی موسام هەڵدرایەوە.

عوریانم لە بەردەم ئەم باهۆزی زوڵم و ستەمە و بێ بەرگم لە ئاستی ئەم ڕەشەبای نا عەدالەتی و نا مروەتی. ئەنفال دیدەی بێ کۆتا  و کیمیاوی زەدەی بێ سەرحەدم، هیلاکم بە دەست تەواوی ئەم فەرمانانەوە و داماوم لە تاو ئەم هەموو  ماجەرای زنجیر بەستن و کۆتوبەندی گەلەکۆمەکێوە. تۆزقاڵێک  هەدادانم نییە و ناهێڵن نەختێک  کەوشەکەم لە پێ بکەمەوە و لەم هەموو ڕاکە ڕاکە بپێچمەوە: لەبەرچی ئەکوژرێم و لە پای چی ئەخنکێم؟ 

ئەم سەرهەڵگرتنە سەفەرێکی سیزیفییە و میلۆدرامایەکی خوێن پەستاوی قانییە، نزیکە لە ژەهری مار و قاوەی قاجاری، نزیکە  لەگەمەی پاشقول  و خەنجەر و  عەسکەر. کوڕی دیکتاتۆری و باوکی سیاسەتی مۆنۆپۆڵ و کەس بەکەسە.

ئەلبومی یادگاری هەڵدەدەمەوە لە جیاتی وێنەی ئازیزان و نامەی بۆنخۆشی لاواندنەوە و دڵدانەوە ئێسک و پروسکی شاڵاوی مەغۆل و تەتەر  دەبینمەوە. 

ئاخر ئەمە ئەلبومە یان بوراقی ئێسقان و قاپوقاچاخی تێکشکاوی  بەجێماوی ئینسان؟

ئەمە نقێمی قالی و ستاتیکای زەنگینی گەرمیانە یان گڵکۆی تازەی لەیلی بە سوێ و فرمێسکی کەربەلای بێ ئامانە؟

زامێکە بە قەدەر نیشتمان کەونە و شین و واوەیلایەکە بە ئەندازەی غەدری حەسەن و حسێن داوای تۆڵە دەکات، فەقەت باعیسی بێ توانستییە کە هەر گەرمە شینمە و هەروا گەرمە تەریقەتی رێی نەتەوە و نیشتمانم.

خوایە سا هەڵینەگری ئەم بەزمەی عەبدەکانت بە یەکتری دەکەن.خوا سا قبوڵی نەکەیت ئەم زوڵمەی هەروا بێ دەربەست و بێ درێغ بەردەوامە.

لەدەست بەنی بەشەر و بەنی بەعس و بەنی زاڵم نەجاتمان دەیت. ئاخر بە خوا هەقمانە کەمێک بە دیار حوزنی خۆمانەوە دابنیشین و نەترسین  لەوەی فەسڵێکی ترمان لە پێشەوە ماوە و تەرمێکی بە جێماو هێشتا چاوەرێی ناشتنە. خودایە ئێمە کوردەکانی خۆتین و کوردەکانی کەسی تر نین.

کوردەکانی خۆتین و هەر ئەوەین کە بۆ عیبرەت بەش بەشین و چوار پەلی ئاواتمان نەنیشتۆتە سەر زەوی و هەروا بەرێوەیەن.

هەر هەوین ، هەر ئەو قەومەین کە شاعیر تەعریفی داوین:

(دەرزی ئاژن بوو دڵم ، لە سوێی شەهیدانی نەمر
بەس نییە، مەودام بدەن، تۆزکاڵێ تەسکینم دەوێ)


AM:11:53:14/04/2025

ئه‌م بابه‌ته 636 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی