بەهێزکردنی نیشتمانپەروەرێتی لە کوردستان

‌د. سه‌ڵاح عزیز

ئەو کاتەی لە نیشتمان دەژیت، هەست بە خۆشەویستییەکەی ناکەیت، بەتایبەتی گەر هەست بە نامۆیی بکەیت یان بەژیانەوە بناڵێنیت.  بەڵام کاتێک لە دەرەوەی وڵات دەژیت و جارجار دەگەڕێیتەوە بۆی هەستەکە جیاوازە ؛لە نامۆییدا درک بەهەستێکی بەهێز دەکەیت بۆ نیشتمان و هەست بە نیشتمانپەروەرێتییەک  دەکەیت کە پاڵنەرت دەبێت بۆ بەرگریکردن لێی و کارکردن بۆ باشترکردنی باری ئەمنی و ئیداری و ئابوورییەکەی. بەڵام بۆچی لە دڵی گەنجانی کوردستاندا بە دەگمەن نیشتمانپەروەرێتی بەدیدەکەم؟

نیشتمانپەروەری چەمکێکی فرە لایەنەیە، کۆمەڵێک هەست و هەڵسوکەوتی پەیوەندیدار بە خۆشەویستی کەسێک بۆ وڵاتەکەی دەگرێتەوە. لە ناوەڕۆکیدا، نیشتمانپەروەرێتی پەیوەندییەکی قووڵی سۆزداریی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان لەخۆدەگرێت. تەنیا سنووری جوگرافی تێدەپەڕێنێت.  مەسەلەکە پەیوەندیدارە بە پەیوەندییەکی سۆزداریی ،وهەستکردن بە سەربەخۆیی وپابەندبوون بەخۆشگوزەرانی نەتەوە و خەڵکەکەیەوە.

چەندین هۆکار هەن بۆ خۆشەویستی نیشتمان، لەوانە: هاوڵاتییەک کە وڵاتەکەی خۆی خۆشدەوێت، هاوڵاتییەکانیشی خۆشدەوێت، جیاوازییە بچووکەکان تێدەپەڕێنێت و کار بۆ ئامانجی هاوبەش دەکات. ئینتیمابوون بە نیشتمان گەورەترە لەوەی سەر بە خێڵێک یان حیزبێک یاخود شارێک بێت، وێڕای زانینی ئەوەی  هەموویان پێویست و گرنگن بۆ مرۆڤ. هاوڵاتی نیشتمانی ئامادەیە زیاتر بەرگری لە نیشتمان و گەلەکەی بکات و کار بۆ باشترکردنی بکات. بەڵام هاوڵاتی چۆن خۆشەویستی خۆی بۆ وڵاتەکەی دەربڕێت؟

شێواز و رێگەی جیاواز هەیە کە هاوڵاتیان لە کوردستان دەتوانن خۆشەویستی و نیشتمانپەروەرێتیان دەربڕن، بە نموونە: بەشداریکردنی چالاکانە لە کاروباری گشتی و ناوخۆییدا، نمایشکردنی ئاڵای کوردستان، پاراستنی سروودی نیشتمانی، بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان، بەهێزکردن و پاراستنی کولتوور، نەریت و کەلەپووری نەتەوە، پشتیوانیکردنی  ئابوری ناوخۆ.

لە کوردستاندا هەندێک بەربەست هەن کە هاوڵاتیان لە نیشتمانپەروەرێتی  دووردەخەنەوە وبەرەو ونبونیان دەبات ،بە نموونە: پێواری ناسنامەیەکی یەکگرتووی کوردستان بۆ هەرێم، لەدەستدانی بەها پیشەییەکان، نەبوونی هێما یەکگرتووە مێژووییەکان ، نەبوونی ڕۆژێکی نیشتمانی، نەبوونی هەستکردن بە ئاسایش، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دارایی و خراپی بەڕێوەبردن و هتد. ئەم هۆکارانە بوونە هۆی هەڵهاتنی گەنجان لە واقع  و چوونە ناو جیهانێکی خەیاڵییەوە کە ئینتەرنێت دابینی کردووە.

کاتێک سەردانی ئەرجەنتینم کرد، وڵاتێکە لە ئەمریکای باشوور، خەڵکەکەیم بینی  شانازیی بە تیپی تۆپی پێی ، سەمای تانگۆ، وئاڵاکەیانەوە دەکەن هتد. ئەرجەنتینییەک توانی هێماکانی وڵاتەکەی لە جیهاندا بڵاو بکاتەوە لەڕێی  گواستنەوەی  وێنایەکی جوانی، وێڕای زانینی ئەوەی کە ئەرجەنتین یەکێکە لە وڵاتە تازە گەشەکردووەکان. هەمان هەستی شانازی بەدیدەکرێت لە وڵاتانی ئەفریقا کە توانیان خۆیان لە داگیرکاری ڕزگار بکەن و ناسنامەی نیشتمانی خۆیان پێکبهێنن.
گەنجانی کوردستان  بۆ ئەوەی نیشتمانپەروەرێتی خۆیان نیشان بدەن ،دەتوانن چەند چالاکییەک ئەنجام بدەن :

۱) ئاهەنگگێڕان بە بۆنە ئاینییەکانی ئیسلام و ئایینەکانی تر ،چونکە بەشێکن لە ناسنامەی کوردستانیان.

2)ئاهەنگگێڕان بە رۆژی ۱۹ی ئایاری ۱۹۹۲، کە یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.

3) ئاهەنگگێڕان بەو هێمایانەی بەشداربوون لە خزمەتکردنی مرۆڤایەتی، بەشێوەیەکی گشتی و کوردستان بەشێوەیەکی تایبەتی.
4)ئاهەنگگێڕان بە جلوبەرگی گەشاوە و هەڵپەڕکێی کوردی.  

5) ئاهەنگگێڕان بە سروودی نیشتمانی.

6) پێویسته هەر شارێکی کوردستان به شێوازی خۆی ئاهەنگ بۆ "ڕۆژی شار" ساز بکات.

رەنگە خوێنەر بڵێت کە ئێمە بۆ هەموو ئەمانە  ئاهەنگدەگێڕین ، بەڵام لە واقعدا بەشێوەیەکی بیرکردنەوە ناکرێت وەسوودی لێوەربگیرێت بۆ بەهێزکردنی نیشتمانپەروەرێتی. گرنگییەکی گەورە هەیە بۆ گەشەکردنی هەستی نیشتمانی لە کوردستاندا، چونکە ئەو قەڵغانەیە کە یەکگرتوویی خەڵک و بەرگریکردن لێی و سەقامگیری خۆشگوزەرانییەکەی مسۆگەر دەکات، بۆیە هاوڕام لەگەڵ ئەوانەی دەڵێن کە حوکمڕانی بێ نیشتمانپەروەری دەبێتە هۆی لاوازبونی نیشتمانپەروەریی وئینتمابوون، بەڵام دەبێت نیشتمانپەروەرێتی لای تاک وکۆمەڵ نەکوژرێت وە هیچ هێزێکی ستەمکار ناتوانێت خەڵکی زیندوو بکوژێت، چونکە ئەوە مەحاڵە.

پێویستە وەزیرانی پەروەردە و ڕۆشنبیری لە بەرنامەکانی خوێندن و کات بەسەربردنەکاندا ئەوانە بخەنەڕوو کە هاندەری هاوڵاتیبوونی باش و نیشتمانپەروەری و حوکمڕانی باشن ، بۆ ئەوەی ئینتمای نیشتمانیی و خۆشەویستی نیشتمان لای نەوەی نوێ بەهێز بکەین .


*وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: کنێر عەبدوڵا


AM:12:08:25/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 2532 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی