نەخوێندنەوەی فاکتەری ئیقلیمی و نێودەوڵەتی وەك هەڵەی کوشندە

‌ئەبو کاروان

‎‏‎‏‎گەر کەمێک بە دیقەتەوە بەنەخشەی سیاسی و ئابوری مێژوودا بچینەوە لە دابەشبوونی جەمسەرە ناکۆکە  نێودەوڵەتیەکان و داینامیکەکانی گۆرانی هێزو ڕۆڵی هێزە نێودەوڵەتیەکان لە جەمسەربەندی ناوچەکە و کاریگەری فاكتەری گۆڕانکاریەکاندا، بە تایبەت لە پرسی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی دەوڵەتان و گەلان، ئەوە زۆر بە ڕوونی دەگەینە ئەو خاڵەی کەگرژی و ئاڵۆزی کێشمەکێشە بۆماوەیەکان و کاریگەری ململانێکان پەیوەستە بە فاکتەرەکانی بەرژەوەندی جەمسەر بەندیەکەوە و باشترین نموونەش لەم بابەتەدا پرسی گەلی كوردستانە كە چۆن لە دەرئەنجامی هۆکارگەلێکی نێودەوڵەتیەوە لەدوای شەڕی جیهانی یەكەم و هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و دروستبوونی دەوڵەتگەلێکی عەرەبی هاوبەش بە پڕۆژەی گۆڕانکاری ناوچەکە دابەش کراو، لكێنرایە ئەو چوار دەوڵەتەی كە ئێستا تێدا دەژێن.

مەبەست لە هێنانەوەی ئەم نموونەیەش بۆ تێگەیشتنە لەوەی کە فاکتەرە نێودەوڵەتیەکان چەن کاریگەری لەسەر ململانێ ناوخۆی و دەرەکیەکانەوە هەیە و چۆن  كوردستان وەک ناوچەیەکی دەوڵەمەند لە ڕووی پێگەی وزەو جیپۆلۆتیکەوە خرایە ناو جوگرافیایەکی سیاسی پڕ لە کێشەو ئاڵۆزی مەترسیدارەوە و بووە  قوربانی  مامەڵە و سەودای ناکۆکی و بەرژەوەندیە نێودەوڵەتیەکان ‏‎و لەسەر حسابی گەلی كوردستان كێشەكانیان یەكلاكردوەتەوەو بەرژەوەندیەكانیان پاراستووە ، ‏‎و بەدرێژای مێژووش بوەتە جێگە تەراتێنی نەیاران و هێزە ناکۆکەکانی ناوچەکە و بە ئارەزووی خۆیان و بەپێی ڕێکەوتن و پێشمەرجی بەرژەوەندیەکانیان کاریان لەسەرکردوە و هیچکات ئاوڕیان نەداوەتەوە لەو کوشت و کوشتار و ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستن و گۆڕینە دیموگرافیانەی کە بەسەر کوردستاندا هاتووە ، هەرچەندە لە بەشێك لەوێستگەكانی ئەو ڕوداوانەشدا سەرکردایەتی سیاسی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کوردستان وێڕای  نەزانین و نەشارەزای لەگەمە سیاسی و ململانێ نێودەوڵەتیەکاندا خاوەن گوتارێکی سیاسی بەهێز و یەکگرتوو نەبوەو نەیتوانیوە سوود لە هۆکار و فاکتەرە دەرەکیەکان و ئەو ڕووداو پێشهاتانە وەرگرێ کە لە ناوچەکە و لە نێوان جەمسەرە ناکۆکەکان دا دروست بووە.

‎‏‎هەموو ئەمانەش لە کات و قۆناغی جیاجیادا گەلی كوردستانی ناچار بە شۆڕش و ڕاپەڕینی جۆراوجۆر کردۆتەوە و وێنایەکی تەواو ڕوونی بەخشیوەتە ئەو هەڵومەرجانەی کە خەڵكی کوردستان وەک گەلێکی خاوەن ئیرادە و موکڕ لەسەر ماف و داخوازیە ڕەواکانی خاوەن قوربانییەكی گرانبەھایەو لە زۆر قوناغی جیاجیا دا مەردانە ڕوو بەڕووی دوژمنەكانی بوەتەوەو ئازاو چاونەترس بووەو توانای مقاوەمەتی بەھێزی بووە بەرانبەر نەیارەكانی.

‎‏‎سەرەڕای هەموو ئەو هەڵومەرجە نەخوازرا و نایەکانگیرەش گەلەکەمان توانی لە باشوور بەگڕوتینێكی پۆڵاینەوە بەشداری لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ بکات و دەسەڵاتی بەعس ڕاماڵێ و زۆرینەی خاکی باشور ڕزگاربكات لە دڕندەی و ستەمکاری ئەو دەسەڵاتە ، لێرەوەو دوای دوبارە هێرشکردنەوەی بەعس بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکان و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لە لایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی بۆ ئەو پرۆسەیە و ئاوارەبوون و کۆڕەوی ملیۆنی خەڵکی کوردستان بەرەوسنورەکانی ئێران و تورکیا و هاتەن پێشەوەی بارودۆخێکی نوێ لە عێراق و ناوچەکە ، نەتەوە یەكگرتووەكان بە بریاری ٦٨٨ لە ١٩٩١/٤/٥ بەمەبەستی پاراستنی گەلی كوردستان هاتە سەرخەت و پرسی کورد وەک گەلێکی خاوەن  پێداویستی و مقەوماتی لە پرسێكی ئینسانییەوە گۆڕا بۆ پرسێكی سیاسی و ناوچەی ئاڵۆز و دەرئەنجامی ئەوەش خەڵكی کوردستان لەو بارودۆخەدا باشترین  ھاوكاری لەبواری لۆجستی و سەربازی پێشکەش کراو کەمێک سەقامگیری و ئارامی بەرجەستە بوو ، بەڵام مەخابن لەبەرانبەر ئەم ھەنگاوە گرنگەش مێژووی خۆخۆری و ململانێی ناوخۆیی دیسان لەم ئاست و ڕووبەرە خوڵقاوەدا دووبارە بوویەوەو پارتی و یەكێتی وەک دووهێزی دیاری بزوتنەوەی ڕزگاری کوردستان و لە پێناو دەسکەوت و دەسەڵات شەڕێكی خوێناوی چوار ساڵەیان بەرپاكردو نەیان توانی هەلەکە بقۆزنەوە و گوتارێکی هاوبەشی نیشتمانی خاوەن ئیرادەی بەهێز پێشکەش کەن و  ڕووبەڕووی نەیارانی کوردستان و گۆڕانکاریە خێراکانی ناوچە و جیهان بوەستن.

‎‏‎دیارە سەرەڕای متبوون و سستی و پەرتەوازەی خودی لایەنە کوردستانییەكان و نەخشە و پەلاماری وڵاتانی هەرێمایەتی لە دژی گەلی کوردستان ، ئەمریكاو ھاوپەیمانەكانی وەک دیفاکتۆ سنوورێكی دیارکراوی حوكمڕانیان بۆ ھەرێمی کوردستان دروست کردو لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆیان و ڕاگرتنی بڵانسی ڕووداوپێشهاتەکانی ناوچەکەدا باشترین پشتگیریان پێشکەشی پارتی و یەكێتی كرد و بوونە سەمامی ئەمان بەسەر دەسەڵات و حوکمڕانیانەوە ،بەڵام ئەوان نەک ئەو دۆخەیان بەهەند وەرنەگرت بەڵکو پێچەوانە بەردەوام بوون لە پاشە قول لەیەکدان وکێشمەکێشی کورسی و دەسەڵات ، تائەو ڕادەیەی کە  یەكێتی پایتەختی داگیرکرد و پارتیش بە ئاگاداری ئەمریكاو ھاوپیمانەكانی وبەپاڵپشتی هێزی سەربازی بەغدا ولە ٣١ ی ئابی ١٩٩٦دا هەولێری پایتەختی گرتەوەو لە یەکێتی و لە سنورەکانی ئێران توندکرد و تەواوی سنوری ‎پارێزگای سلێمانی و شارەكانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتیان کۆنترۆڵکرد ، مەغزا و ناوەڕۆکی ئەم گەمە سیاسیەی نێوان پارتی و یەکێتی دیسان ئەمریكاو ھاوپیمانەكانی هێنایەوە سەر هێڵی ململانێکان و دەسەڵاتی تاكڕەوی پارتی یان ڕەتكردەوە و هاوشێوەی بەغدا گڵوبی سەوزیان بۆ ئێران ھەڵكردو ھاوكاری یەكێتیان كرد بۆ گەڕانەوە تادێگەڵە ، لێرەوە دێگەڵە بە ئاگاداری کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و حکومەتەکانی ئێران و تورکیا و عێراق بووە سنووری ناکۆکیە ناوخۆیەکانی کوردستان و لەو مێژوەوە زۆنی زەرد وسەوز وەک دوو زۆنی هاوبەشی ئیداری و حوکمڕانی بە پاڵپشتی و هاوکاری ئەمریکاوهاوپەیمانەکانی درێژەی هەیە ، لە گەڵ ئەوەشدا ھاریكارو یارمەتیدەری حوكمڕانی ھەرێم بوون و  تا ئەو ڕادەیەی سەرزنشتی سەكردەی ھەردوو حیزب و حیزبەكانی تریان دەكرد لە بەرانبەر نەبوونی گوتارێکی هاوبەشی کوردستانی و بەردەوامی ململانێکانیان.

نەیانتوانی بەپشتی ئەو قۆناغ و هەڵومەرجە لەبارە کورد و ڕێسکی داخوازیە ڕەواکانی گەلەکەمان بپارێزن و پرسی دەوڵەت و ئیدارەیەکی هاوشێوەی کۆنفیدراڵی بگەیەننە ئاستێکی باڵاتری نێودەوڵەتی ‏‎ئەمە لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی سیاسی و ئابوری ناوچەکەدا فاکتەرێکی بەهێز و گرنگ و کاریگەر بوو تا ئەو ئاستەی لە شەڕی داعش دا، ھەرێم وەک دەوڵەتێک مامەڵەی لەگەڵ دەکراو باشترین پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەستهێناو بوو چوارگۆشەیەکی گرنگی یەکلایکردنەوەی شەڕ و ململانێکان و سەقامگیری بازرگانی و جۆرێک لە بەسەنتەربوونی کۆمپانیاکانی نەوت و غاز لە جیهاندا ، کەچی لەو بارودۆخەدا  گرفتی یاسای سەرۆكایەتی ھەرێم ھاتە كایەوە ، ئەوان داوایانكرد سەرۆكی ھەرێم وەك فەرماندەی ھێزە چەكدارەكان تاكۆتایی سەركەوتن بەسەر ھێزەكانی داعش دا لە جێی خۆی بمێنێتەوە ، بە ئاشكرا لەگەڵ پەرلەمان و بەرپرسی حیزبەكان گفتوگۆیان دەكرد كە ئەو كارە دوابخەن كەچی سەرۆكی پەرلەمان و چەند فراكسیونێك لە ئەنجامی ململانێی نێوانیاندا بەگوێیان نەكردن و سوور بوون لە سەر ئەوەی ئەو پرۆژەیە لە بەرنامەی كاری پارلەمان دابنرێ، تا گەیشتە ئەوەی بەئاگاداری ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی و هەڵکردنی گڵوبی سەوزی ئەوان کێشمەکێش و ململانێکانی تایبەت بەم پرسە لە ناو حکومەت و پارلەماندا قوڵتربوەوە پەرتەوازەی سیاسی و  پەکخستنی پارلەمان و  ڕێگری کردن لە  گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی لێکەوتەوە ، بەمەش ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی تەنگەژەیەکی سیاسی و ئابوری نوێ بوەوە و نەیتوانی خۆی لەگەڵ ئەو گەمە سیاسیە نێوودەوڵەتیە بگونجێنێ  کە لە دەمەدەمی هاتنی داعش و لاوازبوونی عێراق و گەشەی ئابوری کوردستاندا سەری هەڵدابوو، واتا لەم قۆناغەشدا ھەرێمی کوردستان وەک پێگەیەکی جوگرافی گرنگ و هەرێمێکی نێمچە سەربەخۆ لە گەمە و کەڵکەڵەی بەرژەوەندی زلهێزەکاندا شکستی هێناو دووبارە گەڕایەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و تۆخبوونەوەی ململانێ و کێشمەکێشە ناوخۆیەکان.
 
‏‎سەرەڕای ڕەوایەتی خەڵكی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان و بەدەست هێنانی ماف و داخوازیە ڕەواکانی،  لە پرسی ڕێفراندۆمیشدا ڕووبەڕووی شکست و دۆڕانێکی سیاسی و ئابوری گەورە بوویەوە و نەیتوانی لە ئاراستەی پرسەکەدا سەرکەوتن تۆمارکات ، هەرچەندە ڕێفراندۆم بۆ یەکلاکردنەوەی سەدا سەدی پرسی کورد و دەوڵەت نیە و مەرج نیە هیچ گەلێک ڕاستەوخۆ دوای  دەنگی زۆرینەی "بەڵێ” دەوڵەت ڕابگەیەنێت ، چونکە لەمەشدا فاکتەرە ناوخۆی و دەرەکیەکان ڕۆڵی کاریگەریان هەیە و دەبێ بەپێی هەڵومەرج و قۆناغی گونجاو کاری لەسەربکرێ و ئەو میکانیزمانە بە کاربهێندرێت کە نەبێتە هۆکاری خولقاندن و دروستکردنی گرژی سیاسی و کارنەکاتە سەر بەرژەوەندی و هاوبەشی ململانێکان و هێزە ناکۆکەکانی ناو بازنەی ناوچەکە ، کاتێک سەرکردایەتی بەشێك لە لایەنە کوردستانییەكان لەمەشدا بەدیقەتەوە لە دەرهاوێشتەو پاشخانی بابەتەکە ورد نەبوونەوە و هەڕەشە و ئاماژەکانی دەرودراوسێ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەهەند وەرنەگرد توشی سڕکردن و لە قاڵبدانێکی مەترسیداری سیاسی و ئابوری توند بوویەوەو وای کرد بەشێک لە دەسکەوتەکانی لەدەست بدات، چونکە لەو بارودۆخەدا یەك دەوڵەتی زلھێز ئامادەی پشتگیری کردنی کوردی دەرنەبڕی و دانیان نەنا بەو پرۆسەیەدا و بگرە بە بیانووی نەگونجانی هەڵومەرج و کاتەوە هێڵی سوریشیان کێشاو بەڕوونی هۆشداریان بە سەرکردایەتیەکەی دا کە دەستبردن بۆ ئەو بابەتە مەترسیدارە ، بەڵام پێچەوانە بەو مەترسیانە و ئاماژی ڕوونی دۆست و دوژمن و خواستی ھەموو دونیا لایەنەكان ڕێفراندوومیان ئەنجامدا ، سەیر لەوەدا بوو ھەندێ سەركردەی سیاسی ئەنجامدانی ڕێفراندۆمی بەكارێكی شوڕشگێڕانە لەقەڵەم دەدا وەك ئەوەی هەڵهێنانی هەنگاوێکی سیاسی ئاسایبێت و دواجار هیچ کاریگەریەکی سلبی جێنەهێڵێ ، ئەمەش بەبێ ڕەچاوکردنی قۆناغەکە و خوێندنەوەی دەرئەنجامەکانی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرانبەر بە مەترسیەکانی لێکەوتەی پرۆسەکە ، چونکە لە وەها پرسێکدا دەبێ بابەتیانە و بەلێپرسراوێتی ورد و بە ئاگایەوە مامەڵەبکرێت و بەباشی لە جەوهەری مەترسیەکان و گەمەسیاسیەکانی جەمسەرەکان و فاکتەرە نێودەوڵەتیەکان بکۆڵرێتەوە کە بەداخەوە نەکرا و بە هەند وەرنەگرتنی ڕاوبۆچونی وڵاتان وایکرد ئەمریكاو ھاوپیمانەكانیان گڵۆپی سەوزیان ھەڵكرد بۆ بەغداو ھێرش كردنە سەر ناوچەكوردستانێەكانی دەرەوەی ھەرێم و داگیركردنی ئەو ناوچانە كە زیاتر لە سەدا پەنجاویەكی خاكی كوردستان بوو.
 
‏‎لەگەڵ ئەوەشدا پلاسخارت و كونسڵگەرییەكانی وەڵاتە زلھێزەكان زیاتر لە ساڵێك كاریان دەكرد بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێ و لەگەل لایەنە دەسەڵاتدارەكان لەگفتوگۆی بەردەوام و کۆبوونەوەدابوون ‎بەڵام ئەمەش بێسوود بوو گوێ یان لێنەگرتن و پێچەوانەی داخوازییەكانی ئەوانەوە بۆ ماوەی ساڵێك ھەڵبژاردنیان دواخست و ئەنجامەكەی بریارەكەی دادگای فیدراڵی بوو  بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و چەندین بریاری تر.

‏‎کە لەم نووسینەدا دەمەوێ بڵێم لە ھەموو كاتێك زیاتر ئەمریكاو دەوڵەتە زلھێزەكان كاریگەری یان ھەیە لەسەر بریارە نێوودەوڵەتیەکان و مافی چارەنووسی گەلان ، بۆیە دەبێ كاری جدی بكەین بۆ ئەوەی پەیوەندییەكی ھاوسەنگ دروستبكەین و سوود لەم بارودۆخە وەرگرین بەپشتگیری گەلەكەمان كە بە یەكگرتووی گەل و لایەنە سیاسییەكانی بنەمای سەرەكی سەركەوتنەكەمان و دوور بكەوینەو لەم میحوەربەندی یەو دابەشبوونمان بەسەر  دەوڵەتانی ھەرێمایەتی.

‏‎لەلایەكی ترەوە ناكرێت بەرانبەر ھاوكاری و پشتگیری كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كە بەرژەوەندیەكانیان لەم قوناغەدا ناكۆك نییە لەگەل بەرژەوەندی ئێمە پشتی یان لێبكەین و تێبینییەكانیان بەھەند وەر نەگرین و بە بایەخەوە لە  ئاماژەکانیان نەڕوانین ، چونکە دەبێ ئەوەمان لە بیرنەچێ کە ئێمەش وەک تەواوی گەلانی ناوچەکە لە گەڵ ڕوودانی هەر گۆڕانکاریەکی نوێی سیاسی و ئابوری ئیقلیمی  ، گرێدراوی دەرئەنجامەکانین و ناتوانین بەدژی ئاراستەی ڕەوتی ڕووداوەکان هەنگاوبنێین.


PM:05:44:24/09/2023

ئه‌م بابه‌ته 700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی