بلیمه‌تی نه‌فامی/ عبقریة الجهل
عه‌بدولره‌حمان شه‌لقه‌م
نه‌فامی یان جه‌هل هێزێكی بێده‌نگه، له پێكهاته‌ی ناوه‌وه‌ی تاكه‌كاندا نیشته‌جێیه، گرنگ نییه ئه‌و تاكانه سه‌ر به كۆمه‌ڵگای پێشكه‌وتووبن یان دواكه‌وتوو. وه‌ك چۆن مرۆڤ تووشی نه‌خۆشی و په‌تاكان ده‌بێت، ئاواش تووشی ئافاتی نه‌فامی و جه‌هل ده‌بێت. كه‌سانێكی زۆری خوێنده‌وار هه‌ن، بڕوانامه‌ی به‌رزیان له زانسته جیاواز جیاوازه‌كاندا هه‌یه، چ زانسته تیۆرییه‌كان یان پراكتیكییه‌كان، به‌ڵام ڤایرۆسی جه‌هل زه‌فه‌ری پێبردوون و كۆنترۆڵی كردوون.
ئایا جه‌هل و بلیمه‌تی پێكده‌گه‌ن؟ به‌ڵێ. له مێژوودا به‌ڵگه‌ی زۆر هه‌یه ئه‌و پێكگه‌یشتنه ده‌سه‌لمێنێت. كه‌سێك په‌تای جه‌هل له مێشكی بدات، مێشكی ده‌گۆڕێت بۆ كۆمه‌ڵێك بڵقی مینڕێژكراو، له بازنه شوشه‌ییه‌كه‌یدا ده‌یان بڵق دروست ده‌بێت، ئه‌م بڵقانه بێ راوه‌ستان و به شێوه‌یه‌كی به‌هێز كارلێكی گه‌وره دروست ده‌كه‌ن. ئیدی ئه‌و مێشكه نه‌خۆشه، ده‌بێت به كارگه‌یه‌كی گه‌وره و ئاڵۆز، له‌و كارگه‌یه‌دا كۆمه‌ڵێ خورافات و خه‌یاڵپڵاوی سه‌یر و سه‌مه‌ره گه‌شه ده‌كات. لێره‌وه كه‌سه‌كه له ناو بڵقه‌كانیدا ده‌ژی، له‌وێدا گه‌ردوونێكی خودیی (زاتی) دروست ده‌كات كه هه‌مو شتێكی تێدایه. تێیدا نه‌خشه تایبه‌ته‌كانی خۆی، بۆ مرۆڤ و بۆ ژیان، ده‌كێشێت و له نێو بۆته‌قه‌یه‌كی فیكریدا ده‌یانتوێنێته‌وه. پاشان زمانێكی عه‌جیب و سه‌یر دروست ده‌كات و ده‌یكاته ئه‌و راڕه‌وه‌ی لێیه‌وه، خورافات و خه‌یاڵپڵاوه‌كانی خۆی، ده‌گه‌یه‌نێت به ویژدانی ئه‌وانی دیكه.
جه‌هل به مانای نه‌بوونی مه‌عریفه نییه، به‌ڵكو له زۆر حاڵه‌تدا جه‌هل له هه‌ناوی مه‌عریفه‌وه له‌دایك ده‌بێت. مه‌عریفه‌یه‌ك نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كانی تێدا كۆده‌بێته‌وه، ئه‌م مه‌عریفه‌یه لای كه‌سه نه‌فامه‌كه، هه‌مو ئه‌و زانیاریانه ده‌خنكێنێت كه خه‌ڵكی ده‌یزانن و پێی ئاشنان. مه‌ترسی ئه‌م جۆره له جه‌هل، له‌وه‌دایه توانایه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه، وا ده‌كات كه‌سه نه‌فامه‌كه، كۆنترۆڵی ویژدان یان ته‌نانه‌ت كۆنترۆڵی عه‌قڵی خه‌ڵكی عه‌وام بكات. بگره له زۆر حاڵه‌تدا كۆنترۆڵی ویژدان و عه‌قڵی هه‌ندێك له نوخبه و ده‌سته‌بژێره‌كانیش ده‌كات. جه‌هل (نه‌فامی) بلیمه‌تی خۆی دروست ده‌كات كه ده‌گۆڕێت بۆ هێزێكی سته‌مكار، خه‌ڵك قه‌ناعه‌ت پێده‌كات له سایه‌ی خورافات و وه‌همه‌كانی خۆیاندا بژین. وا ده‌كات خه‌ڵك ئه‌و وه‌همانه‌ی تێیدا ده‌ژین، بیكه‌ن به باوه‌ڕ و عه‌قیده‌ی خۆیان كه شایه‌نی ئه‌وه‌یه له پێناویدا ژیانی بۆ ببه‌خشن.
ساڵی 1978 كاره‌ساتێكی سه‌یر و نامۆ، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای هه‌ژاند. له گوایانا 913 كه‌س به كۆمه‌ڵ خۆیان كوشت. ژنان و پیاوان و منداڵان، هه‌موویان پێكه‌وه ژه‌هریان له‌و به‌رمیله خوارده‌وه كه سه‌ركرده‌كه‌یان؛ قه‌شه كۆمۆنیسته سۆشیالیزمه‌كه "جیم جۆنز" بۆی ئاماده‌كردبوون. له نێو ئه‌وانه‌ی خۆیانكوشت، كه‌سانێك هه‌بوون خاوه‌ن بڕوانامه‌ی زانستی به‌رز بوون. هه‌ندێكیان خاوه‌ن پیشه‌ی گرنگ و بایه‌خداربوون. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌یر و تێڕامانه، ئه‌وه‌یه ئه‌وانه‌ی خۆیانكوشت، به تووندی بڕوایان به‌وه‌بوو، ئه‌وان ده‌ڕۆن بۆ دونیایه‌كی دی؛ كه زۆر باشتر و جوانتره له‌م دونیایه‌ی هه‌نووكه تێیدا ده‌ژین. هه‌روه‌ها پێیانوابوو ئه‌م كاره‌ی كه ئه‌نجامیده‌ده‌ن، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، بگره هه‌مو جیهان ده‌هه‌ژێنێت. ئیدی كۆی ڕه‌گه‌زی مرۆڤایه‌تی، پێداچوونه‌وه به‌و شێوه ژیانه گه‌نده‌ڵه‌دا ده‌كات كه له ئێستادا تێیدا ده‌ژین.
جیم جۆنز بانگه‌شه‌كه‌ی له ئه‌مریكاوه ده‌ستپێكرد، قه‌شه‌یه‌ك مژده‌ی یه‌كڕیزی مرۆڤایه‌تی و یه‌كسانی ته‌واوه‌تی نێوان مرۆڤه‌كان و ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ره‌گه‌زپه‌رستی راگه‌یاند. هه‌روه‌ها مژده‌ی ئه‌وه‌ی راگه‌یاند كه كۆمه‌ڵگایه‌كی سۆشیالیزمی دێنێته ئاراوه، تێیدا دادپه‌روه‌ری ره‌ها له نێوان كۆی تاكه‌كانیدا به‌رقه‌رار ده‌بێت.
جیم جۆنز به ناوی مه‌سیحی كوڕی مریه‌م قسه‌ی ده‌كرد. ده‌یان ژن و پیاوی ره‌شپێست و سپی‌پێست، له‌ده‌وری كۆبوونه‌وه. ئه‌و گوتاربێژێكی به سه‌لیقه و زمانپاراو بوو، توانایه‌كی سه‌یری هه‌بوو بۆ وێناكردنی جیهانێكی به‌ڵێنپێدراو كه به‌ڕێوه‌یه. جیهانێك هه‌مو شتێكی سه‌ر زه‌وی تێدایه، تێیدا به‌هاكانی لێكبورده‌یی و دادپه‌روه‌ری گه‌شه‌ده‌كه‌ن، هه‌رزانی و ئه‌من و ئاسایش و خۆشگوزه‌رانی به‌رقه‌راره.
خه‌ڵكی سه‌رسامی كه‌سایه‌تییه كاریزمییه‌كه‌ی بوون، هیچ كه‌سێك له لایه‌نگر و موریده‌كانی، ڕه‌خنه‌یان له‌و قسانه نه‌ده‌گرت كه ده‌یخستنه‌ڕوو، ته‌نانه‌ت گفتوگۆشیان له‌باره‌وه نه‌ده‌كرد. كوێرانه گوێڕایه‌ڵی فریادڕه‌سه مه‌زنه‌كه بوون.
جیم جۆنز له ویلایه‌تی سان فرانسیسكۆ، سه‌نته‌رێكی فه‌رمی دامه‌زراند، په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رفراوانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی زۆر له سیاسییه‌كان و رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان دروستكرد. له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه، هیچ دژایه‌تییه‌كی فه‌رمی، بۆ چالاكییه‌كانی و گردبوونه‌وه‌كانی، یان بۆ ئه‌و بیرۆكانه‌ی ده‌یخستنه‌ڕوو، نه‌ده‌كرا. جۆنز بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد مه‌سیحه، پاشان وتی من لینین-م، دواجار بانگه‌شه‌كانی به‌وه كۆتایی پێهێنا كه خودایه و هاتووه مرۆڤایه‌تی رزگار بكات.
دواتر جیم جۆنز له گوایانا رۆشته ناو دارستانێكه‌وه، له‌وێدا شارێكی دروستكرد و ناوی نا "سه‌رزه‌مینی به‌ڵێنپێدراو"، ئینجا ناوی خۆی پێبه‌خشی و كردی به شاری جۆنز. له‌م رۆشتنه‌یدا ئاپۆرایه‌ك له لایه‌نگر و موریده‌كانی دوایكه‌وتن و ژماره‌یان نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س ده‌بوو. له‌و شاره‌دا، هه‌موان پێكه‌وه ده‌ستیانكرد به چاندن و به‌رهه‌مهێنان. به‌ڵام شێوه ژیانێكی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ی به‌سه‌ر هه‌مواندا سه‌پاندبوو. شه‌وان هه‌موانی له خه‌و هه‌ڵده‌ساند، له رێگه‌ی میكرۆفۆنه‌وه، ده‌ستی ده‌كرد به وتاردان و ئامۆژگاری كردن. وه‌لێ دوای چه‌ند مانگێك، هه‌موان به‌ده‌ست كه‌می خۆراكه‌وه ده‌یانناڵاند. هه‌ر بۆیه هه‌ندێكیان هه‌وڵیاندا رابكه‌ن، به‌ڵام كوشتن سزای هه‌مو ئه‌وانه بوو كه هه‌وڵی راكردنی ده‌دا. جیم جۆنز هه‌موانی وه‌ك كۆیله‌ی خۆی ده‌بینی.
له شه‌وێكی تاریك و ئه‌نگوسته‌چاودا، جیم قسه‌ی بۆ هه‌موان كرد، ئاگاداریكردنه‌وه به‌م نزیكانه سوپای ئه‌مریكا هێرش ده‌كاته سه‌ریان، ئه‌مه دوای كوشتنی سیناتۆر "لیۆ ریان" كه سه‌ردانی شاری جۆنز-ی كردبوو. جیم جۆنز له‌و شه‌وه تاریكه‌دا، داوای له هه‌موان كرد خۆیانبكوژن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌رمیلی پڕ ژه‌هری سینایدی بۆ ئاماده كردبوون. ئه‌وان دوای پێنج خوله‌ك هه‌مویان گیانیان له‌ده‌ستدا. به‌ڵام خودی جۆنز، فیشه‌كێك نرا به سه‌ریه‌وه و ده‌موده‌ست كوژرا.
ئه‌م رووداوه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه، پرسیارگه‌لێكی زۆر ده‌خاته‌وه، له‌وانه ئایا جیم جۆنز شێت بوو؟ یان بلیمه‌تێك بوو توانی نزیكه‌ی هه‌زار كه‌س بكات به مێگه‌ل و بیپه‌رستن و له فه‌رمانی ده‌رنه‌چن و دوای بكه‌ون؟ بڕوایان به‌و خورافات و خه‌یاڵاپڵاوییه كرد كه خستبوویه مێشكیانه‌وه و كوێرانه دوای كه‌وتبوون، به فرمانی ئه‌و ژه‌هره‌كه‌یان خوارده‌وه و هه‌ڵپه‌یان بوو بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه به‌رمیله‌كان. ئایا جۆنز بڕوای به‌و قسانه‌ی خۆی هه‌بوو؟ ئایا به راست بڕوای به‌وه بوو له رێگه‌ی وتار و ئامۆژگارییه‌كانییه‌وه، هه‌مو جیهان ده‌گۆڕێت و سه‌رزه‌مینه به‌ڵێنپێدراوه‌كه‌ی كه له گوایانا دروستی كردووه، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی ئه‌و روناكییه‌ی، ئاگری رۆژگارێكی مرۆڤدۆستانه‌ی نوێ داده‌گیرسێنێت؟
كه‌سایه‌تیه‌كه‌ی و كۆتایی ژیانی، یه‌ك شت ده‌سه‌لمێنێت: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سێكی تا بڵێی نه‌فام و جاهیل بوو. به‌ڵام نه‌فامییه‌كه‌ی له جۆرێكی ده‌گمه‌ن و ناوازه‌یه. نه‌فامییه‌كی شل، شه‌پۆله‌كانی له بڵقه‌كانی مێشكی‌دا گێنگڵیان ده‌دا، پاشان ئه‌و نه‌فامییه خۆكوژه‌ی ڕشته سه‌ری كۆمه‌ڵێ مرۆڤی نه‌خۆشه‌وه، ئینجا ژه‌هره‌كه‌ی ده‌رخوارد دان و ئه‌وانیش به خۆشحاڵییه‌وه ژهره‌كه‌یان نۆشكرد.
هه‌مو ئه‌و ستمگه‌رانه‌ی، گه‌لانی خۆیان به‌ره‌و خه‌ره‌ند و كۆتاییه خوێناویی و وێرانكارییه‌كان راپێچكرد، هه‌مان بلیمه‌تیان هه‌بوو. كۆمه‌ڵگای ئه‌ڵمانی كه چه‌ندین لووتكه‌ی له بیرمه‌ند و زانا و فه‌یله‌سوف پێشكه‌ش به جیهان كرد، كه‌چی ئه‌دۆڵف هێتله‌ر، عه‌ریفه نیمچه خوێنده‌واره‌كه، به‌و بلیمه‌تییه نه‌فامییه نه‌خۆشییه‌ی خۆی، كۆمه‌ڵگای ئه‌ڵمانی به‌ره‌و دۆزه‌خی جه‌نگ راپێچكرد. جه‌نگێك به مردنی مه‌لاین ئه‌ڵمانی و گه‌لانی دیكه و خۆكوشتنی هێتله‌ر كۆتاییهات.
له زۆر حاڵه‌تدا، هێزی نه‌فامی و جه‌هل، بۆڕی هێزی زانست و عه‌قڵ و مه‌عریفه ده‌داته‌وه و له‌سه‌ره‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌وه‌یه. جه‌نگه‌كان، به‌تایبه‌ت جه‌نگه ناوخۆییه‌كان كه له نێوان كوڕوكاڵی یه‌ك میلله‌تدا ڕووده‌دات، جه‌هلی باڵاده‌ست به‌رپای ده‌كات و لایه‌نگر و موریده‌كانی ئه‌و جه‌هله باڵاده‌سته، هیچ جیاوازییه‌كیان له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا نییه كه بلیمه‌تییه نه‌فامییه‌كه‌ی جیم جۆنز، له‌سه‌رزه‌مینی خاكی به‌ڵێنپێدراو له گوایانا، دروستی كردبوون. ئاخۆ چه‌ند نه‌فام و جاهیلی دیكه، له شوێن و زه‌مه‌نی دیكه‌دا هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی ناوی بگاته ئێمه و ئاگاداری بین، شیله‌ی نه‌فامییه‌كه‌ی ده‌خاته مێشكی لایه‌نگر و موریده به‌دبه‌خته‌كانه‌وه و ئه‌وانیش غه‌شیمانه له به‌رمیلی ژه‌هره‌كه ده‌نۆشن و ئه‌م دونیایه به‌جێده‌هێڵن، بێ ئه‌وه‌ی میدیاكان ئاگاداری ورده‌كاری كاره‌ساته‌كه‌یانبن.
بلیمه‌تی له هه‌مو سه‌رێكدا هه‌یه، له هه‌مو زه‌مان و ڕۆژگار و كایه‌یه‌كدا هه‌یه. بلیمه‌تانی كایه‌ی زانست و پزیشكی و داهێنه‌رانی هونه‌ریی و ئه‌ده‌بی و ئه‌ندازیاری و چه‌ندانی دی. به‌ڵام بلیمه‌تی نه‌فامی و جه‌هل، ئه‌وه مه‌ترسیدارترین جۆری بلیمه‌تییه و خه‌ڵكی وه‌ك مێگه‌ل، به‌ره‌و به‌رمیله ژه‌هراوییه‌كان و ئاگری جه‌نگه‌كان راپێچده‌كات، ئه‌وانیش سه‌ما ده‌كه‌ن و سروده‌كانی سه‌ركه‌وتن ده‌ڵێنه‌وه.
ئه‌م حاڵه‌ته له ناوچه‌كه‌ی ئێمه، له رێكخراوی "داعش" دا به‌رجه‌سته ده‌بێت، پۆل پۆل ژنان و پیاوان ده‌چوونه ریزه‌كانییه‌وه و له ئۆپه‌راسیۆنه خۆكوژییه‌كاندا، خه‌ڵكانی بێ‌تاوانیان ده‌كوشت. ئه‌وانه هه‌ر هه‌مویان، قوربانی ده‌ستی بلیمه‌تی نه‌فامی بوون كه به‌رمیله ژه‌هراوه‌ییه‌كان رژابوونه مێشكیانه‌وه. ئیدی لای ئه‌وان مه‌رگ بووه عه‌قیده و باوه‌ڕیان. جیم جۆنز هه‌رچه‌نده كۆچی دوایی كردووه، به‌ڵام تا ئێستاش ژه‌هره شله‌كه‌ی ده‌ڕژێنێته مێشكی نه‌فامه‌كانه‌وه.
نووسینی: عه‌بدولره‌حمان شه‌لقه‌م
و له عه‌ره‌بییه‌وه: هه‌ورامان وریا قانع
سه‌رچاوه
الشرق الاوسط، شه‌ممه، 23 ئه‌یلول، 2023
PM:04:47:24/09/2023
ئه‌م بابه‌ته 1116
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی