شەڕی شوناس لە رێگای ئابورییەوە
فارس نەوڕۆڵى
کورد لەم ناوچەیە لە هەموو نەتەوەکانی دیکە کۆنترە، بەڵام لە هەموو نەتەوەکانی دی چەوساوەترەو وەک دەستکەوتی جەنگ دابەش کراوە بەسەر سێ نەتەوەی دیکەدا لەچوار پارچەدا، ئیتر ئەم دابەش کارییە لە ناهۆشمەندی کوردەوە سەرچاوە دەگرێ یاخود لە هێزی بیرکردنەوەی نەتەوەکانی دیکە سەرچاوەی گرتوە، ئەوەی جێگای تێێڕامانە ئەم نەتەوانەی کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە لە کۆی کایەیی سیاسی و مێژوویی و مەزهەبیدا بیرکردنەوەو جیهانبینیان جیاوازەو دژبەیەکن و تەنها لە بەرامبەر شوناسی کوردیدا هاوڕان و بەمەترسی دەزانن.
ئەم هاوڕاییە بەرامبەر کورد بەدیدی من لەوە قوڵترە کە ئێمە لێیی تێدەگەین، بۆیە پرسیارێک لێرەدا سەرهەڵدەدا ئەویش ئەم ترسە لەکورد بوون لەلای ئەم نەتەوانە یاخود ئەم دەوڵەتانە لەچییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ تا ئەو ئاستەی کورد نەتوانێ لەسێ پارچە بەزمانی خۆی بدوێت. ئێستا هەرێمی کوردستان بەهەموو کەم و کورتیەکەوە نوێنەرایەتی ناسنامەی کوردی دەکات، هەرچەندە ئەقڵی سیاسی کوردی لەماوەی ئەم سی و دوو ساڵەدا نەیتوانیوە وەک گەورەیی کێشەکە گەورە بیربکاتەوەو خۆی بۆ ئەو جەنگە ئامادەبکات کە جەنگی شوناسە.
بۆیە پێش هەموو شتێک دەبێت ڕەخنەی قوڵ لەخۆمان بگرین چونکە بەشێکی زۆری وزەی سیاسی و ئابووری و میدیایی و سەربازیی و ئاسایشی کوردمان بۆ دژایەتی یەکتر سەرف کرد نەک بۆ بنیادنانی خود، بۆیە دژبەرانی ئێمە بە بەرنامە کاریان کرد بۆ تێپەڕاندنی گرفتی کوردی لە دیدی خۆیانەوە. ئەویش ترسانە لەو جغرافیایەی ناوی هەرێمی کوردستانە کە شوناسی کوردییە، بۆیە ئەوان لەسەر بنەمای جیاوازی لەتەک کورددا مامەڵە ناکەن بەڵکو بەرمەبنای لێکدژی مامەڵە دەکەن و بەو مانایەیی ئەو کاتەی ئەوان هەن کە تۆ نەبیت چونکە بوونی خۆیان گرێ داوە بە نەبوونی کوردەوە و ناسنامەی خۆیان گرێ دەدەن بە نەبوونی ناسنامەی کوردەوە.
بۆیە ئێستا لە ڕێگای ئابورییەوە بە ئۆپەراسیۆنی جیاواز جیاواز و بە شێوەی جەنگی شاراوەوە دەیانەوێ ئەو جغرافیایەی ناوی هەرێمە تەواو لاواز ی کەن، بۆ خۆشمان ڕێگا خۆشکەرین بۆ ئەو دەستێوەردانانە و بەرنامەی ئەوان ، لێرەدا کورد و ئەقڵی سیاسی کوردی پێویستی بەهۆشمەندی سیاسیە، وەک ئۆشۆ دەڵێ: ( هۆشمەندی بەسە بۆ چارەسەری هەموو کێشەکان.) ئێستا هۆشمەندی لەوەدایە ئێمە بزانین پاشەکشەمان کردوەو خلیسکاوین، دەبێ ڕۆشنایی بخەینە سەر ئەو خلیسکانە دوور لەنیگای حیزبی و چەواشەکارانە و هۆکارەکانی ئەم خلیسکانە دەسنیشان بکەین.
هەموو لایەک تێبگەین ئەم جەنگی ئابووری و شێوازەکانی دیکەی شەڕ شەڕی شوناسە بۆ تێکشکاندنی شوناسی کوردی، بۆیە کورد پێویستی بەخۆداچونەوەیە دەبێ قوربانی بە بەرژەوەندی حیزبی و کەسایەتی بدات بۆ پارێزگاری شوناس و قەوارەی هەرێم ئەمەش پێویستی بەدبلۆماسیەتی کارامە و لۆبی هەیە لەم رێگایەوە لەتەک عەرەب بەهەردوو مەزهەبەکەوە لەعێراق ڕێکبکەوین کەبەرژەوەندی و هێزی کورد و عەرەب و ئاینزاکان لەوەدایە بەر مەبنای جیاوازی مامەڵە لەتەک یەک بکەن نەک بەرمەبنای لێکدژی ئەمەش بۆ پارچەکانی دیکەو بۆ هەموو نەتەوەکانی ناوچەکە دروستە بۆ ئەوەی دوور لە ئاشوب بژین ،هەر میللەتەو شوناسی خۆی پارێزراو بێت.
PM:02:07:21/09/2023
ئهم بابهته 644
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی