هەرێم لە تەرازوی جوگرافیا و ماتماتیکدا

‌هەڤاڵ عارف

سیاسەت تەنیا ژماردن و کۆکردنەوەی دەنگ و کورسی نیە لەسەر کاغەز، بەڵکو هونەری بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان و ڕێکخستنی پێکەوەژیانی کۆمەڵگەیە، بە هەمو فرەڕەنگی و تایبەتمەندییەکانییەوە، سیاسەتی ژیرانە ئەوەیە، کە لە هەناوی واقیعی کۆمەڵگەکە خۆیەوە سەرچاوە بگرێت و لەگەڵ سروشت و پێکهاتەی ئەو ژینگەیەدا بگونجێت، کە تێیدا پیادە دەکرێت، نەک ئەوەی چەمک و بنەما گشتییەکانی دیموکراسی، بەبێ ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە ناوخۆییەکان، وەک قاڵبێکی ئامادە بەسەر واقیعدا بسەپێنرێن.


ئەگەر لەم ڕەهەندەوە سەیری خەسڵەت و تایبەتمەندی پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان بکەین، ئاشکرایە کە فۆرمی حوکمڕانییەکەی ڕیتمێکی جیاوازی هەیە و تەنیا بە ماتماتیکی هەڵبژاردن و حیساباتی وشکی (پەنجا کۆ یەک) بەڕێوە ناچێت. ئەمەش لەبەر ئەو هەقیقەتە کۆنکرێتیەیە، کە لە هەرێمدا نە زۆرینەیەکی سیاسی ڕەها بونی هەیە و نە زۆرینەیەکی جوگرافی ڕەها، هەر بۆیە زۆرینەی بەشێکی دیاریکراوی جوگرافیا، هەرگیز ناتوانێت نوێنەرایەتی سیاسی و ئیداری کۆی نەخشەی جوگرافیای هەرێم بکات، بەڵکو ئەوەی لێرەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، هاوکێشە جیۆپۆلەتیکییەکان، دابەشبوونی نفوز و ئەو دیفاکتۆیەیە، کە وا دەکەن هیچ لایەنێک بەتەنیا نەتوانێت جڵەوی کۆی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی بگرێتە دەست. هەڵبەتە لەسەر ئاستی تەواوی باشوری کوردستان.

بۆیە هەر هەنگاوێکی سیاسی، لەپاڵ ڕێزگرتن لە ئەنجامی سندوقەکانی دەنگداندا، ئەگەر ڕەچاوی ئەم خاسییەت و هاوسەنگییانە نەکات و پەنا بۆ لۆژیکی زۆرینەی ژمارەیی ببات لەبری چارەسەر، ئاڵنگاری و گرێکوێرەی نوێ بەرهەم دەهێنێتەوە هەروەک لە (٤)ی نۆڤەمبەردا بینیمان، کە بازدان بەسەر ئەو هەقیقەتانەدا، چ شێواوی و پەرتەوازەییەکی خستە ناو فەزای سیاسی و پێکهاتەی دامەزراوەیی حوکمڕانییەوە.

ئەزموونی عێراقی دوای ساڵی (٢٠٠٣) نزیکترین نمونەیە بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشەیە، ئاشکرایە عێراقی نوێ لە یەکەم ئەزمونی حوکمڕانییەوە لەپاش ڕوخانی ڕژێمەوە تا ئێستاش، لایەنە شیعەکان لە ڕوی ژمارەوە دەیانتوانی بە زۆرینەی نێوماڵی شیعە حکومەت پێکبهێنن و کۆی پرۆسەی سیاسی بەڕێوە ببەن، بەڵام بەهۆی خوێندنەوەیان بۆ واقیعی وڵاتەکە و ڕەچاوکردنی هاوکێشەی جوگرافی و هێزی پێکهاتەکان، پەنایان نەبردە بەر لۆژیکی زۆرینەی ژمارەیی، بەڵکو تەواوی کابینە یەک لەدوای یەکەکانیان لەسەر بنەمای تەوافوق و سازانی سیاسی پێکهێنا.

کوردستانیش ئەمڕۆ پێویستی بە هەمان تێگەشتنی واقیعبینانە هەیە، ئەو هاوسەنگی و شەراکەتەی هێزە سیاسییە هەرێم لە بەغدا داوای دەکەن، لە ناوخۆی هەرێمیشدا پێویستییەکی حەتمی سیاسییە، هەروەک لە کابینەکانی دوای یەکگرتنەوەی هەردو ئیدارەشدا بنەمای پێکهێنانی حکومەت وبەڕێوەبردنی پرۆسەی حکومڕانی بوە.

لە کورتترین پێناسەدا، ئەمە رێژەی نەگۆڕە لە هەرێمدا نـە هاوکێشەی جـوگرافی بە ژمارەی کورسی دەسـڕدرێتەوە و نە حـوکمڕانیش بێ ڕەچاوکردنی سەنگـی هـێزە سەرەکییەکان بەڕێوە دەچێت.

کەواتە، پێویستە جەمسەرە سیاسییەکان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش بەتایبەت هەندێکیان، کە نان و پیازی پێوە دەخۆن و دەهۆڵی خراپ دەکوتن ئاوێک بەم ئاڵۆزییانەدا بکەن و لەم ڕاستییەش تێبگەن، کە ئەمڕۆ کوردستان پێویستی بە دوو قسەی خێر و دەستێکی برایانە هەیە نەک فوتێکردن هاندان، کە لەنەتیچەدا میللەت باجەکەی دەدات.

سەرئەنجام، تاکە چارەسەر و دەرچەی ڕاستەقینە بۆ ڕێگریکردن لە قەیران و بنبەستی نوێ، گەڕانەوەیە بۆ تەوافوق و لێکتێگەیشتنی سیاسی، بە میکانزمێک، کە یان لەسەر بنەمای هاوبەشی ڕاستەقینە لە یەک ئیدارەی یەکگرتودا پێکەوە کار بکەن، یان ئەگەر بژاردەکە دو ئیدارەی جیاوازیش بێت، هەر بە دیالۆگ و ئاشتی و دور لە گرژی و توندوتیژی ڕێکبخرێت، لە هەموو بارێکدا پێویستە ژمارەی کورسییەکان و واقیعی جوگرافیا یەکتری تەواو بکەن، نەک دژی یەکتر بوەستنەوە.


PM:12:36:12/11/2026

ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی