برایم ئەحمەد، نووسەرو مرۆڤ ‌

‌لەتیف فاتیح فەرەج

برایم ئەحمەد نووسەر و شاعیر و رۆمانوس و سیاسی، وەك چۆن لە سیاسەتا واقعی و پڕ ئومێد بووە و هەرگیز، بە نائومێدی نەبینراوە، تەنانەت لەدوا دوای تەمەنی و لە دیدارە جیاجیاكاندا هەمیشە ئومێدی بە سبەینێی باشتر هەبووە، لە نووسینەكانیشیدا، بە رۆمانە زۆر تراژیدی و پڕ كارەساتەكانیشیەوە، هەمیشە ئومێدی بەخشیوەتەوە.

لەگەڵ كاروانی رزگاری، 
گەلان ئەڕوا بەچالاكی 
لەسەختی رێ‌، لەدووری جێ‌،
دڕیی دوژمن نییە باكی
نەكۆڵدان‌و نەلادان‌و نەوێستانی نییە هەرگیز 
پشو نادا هەتا نەبڕێ‌، 
رەگی چەوسانەوەو ماكی 

ئەمە پەیام و بەردەوامی برایم ئەحمەد بووە، ئەو نووسەر و مرۆڤەی چ لەڕۆژگاری ژیانیا، چ دواتر، بێ‌ هیچ هۆیەكی دروست بەردەوام لە لایەن هەندێ‌ كۆنەخواز و تاریكبینەوە هێرش كراوەتە سەری و ئەویش، كە لەژیاندا بووە، زیاتر ئەو هێرشانە هانیداوە، بەردەوام بێت و نەكەوێ‌، بەنووسینەكانی نەك هەر كورد، تەنانەت عەرەبیشی هێناوەتە پای ئەوەی بیر لەمافی ئەوانی تر بكەنەوە و لەڕێگەی نووسینەوە بەرچاوی زۆر رۆشنبیرو سیاسی عەرەبی رۆشنكردوەتەوە، بۆ ئەوەی رێز لە كورد بگرن و وەك نەتەوەو مرۆڤ سەیری بكەن، نەك وەك دوژمن، وەك هاوبەش لەگەڵیا بژین نەك وەك ئەوەی ئەو بەردەست بێت و ئەوان سەردەست.

ئەو زۆر زوو بە عەرەبەكانی وتوە، یان هاوبەشی و برایەتی، یان دەبێ‌ بەدووی دەرچەیەكی دیكەدا بگەڕێین، ئەمەشی لەزۆر بۆنەدا دووبارە كردوەتەوەو لای وابوە ناكرێ‌ بەزۆرە ملێ‌ كورد ناچاری ئەوە بكرێ‌ لەنێو ئەوانی تردا بتوێتەوە «نە عەرەبم نە ئێرانیم – نە توركێكی شاخستانیم».

ئەمە پەیامی ئەو بووە بۆ ئەوانی تر، زۆر داكۆكی لەوەش كردوە كە پێویستە كورد پێكەوە بن لە بەرانبەر ئەوانی تردا، بۆ ئەمەش خۆی داوای لە مەلا مستەفای بارزانی كردوە رێبەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان وەربگرێ‌ و ئەو سەرۆكایەتی حزبەكە بكات، ئەمەشی بۆ ئەوە بووە كە زۆرترین خەڵك هەم بەهۆی حزبەكەوە هەم بە هۆی بارزانییەوە لەدەوری بزوتنەوەكە كۆبنەوە.

ناكرێ‌ رەوڕەوەی مێژو رابگیرێ‌ برایم ئەحمەد بڕوای تەواوی بەوە هەبووە، كە ناكرێ‌ نەشۆڕش و نەمرۆڤ هیچیان لەیەك بارودۆخدا بمێننەوەو گۆڕانكاری دروست نەبێ، بۆ ئەمەش هەمیشە جەغتی لەوە كردوەتەوە كە ناكرێ‌ رەوڕەوەی مێژو رابگیرێ‌، لە دیدارێكدا لەگەڵ ئاپۆ لەو بارەیەوە لەسەر زۆر پرس دەوەستێ‌ و قسەیان لەبارەوە دەكات و باسی ئەوە دەكات گەشەی كۆمەڵایەتی و سیاسی بەهیچ كەسێك راناگیرێ‌. بلە پارێزەرێكی گەورەو ناسراوی كورد بووەو پیشەكەی بۆ داكۆكی لەخەڵكی هەژارو نەدار بەكارهێناوە، رەنگە كەم بن ئەوانەی كردەوەو نووسینیان وەك یەك بێت، بەڵام برایم ئەحمەد لەنووسیندا چۆن خاوەنی هەڵوێست و پیاوێكی شۆڕشگێڕ بووە، لە كرداریشدا هەروابووە و هەر لەسەرەتاوە بەرپرسیارەتی «ژێ‌ كاف»ی وەرگرتوەو سڵی نەكردوەتەوە لەوەی ئەمە سەرهێشەی بۆ دروست دەكات.

لەخۆپیشاندان و توڕەییەكانی خەڵكیشدا لەو سەردەمە هەمیشە ئامادەیی هەبووەو بۆ هەموو بۆنەو خۆپیشاندانەكان قسەی خۆی هەبووە، ئەوەش بەشێك بووە لەهەڵوێست و ئاكارو كردەوەكانی. برایم ئەحمەد جگە لەوەی خۆی شیعری نووسیوە لەئینگلیزییەوە شیعریشی كردوەتە كوردی، لەوە دەچێ‌ هەرگیز برایم ئەحمەد نەیویستبێ‌ وەك شاعیرێك بناسرێ‌، بەڵام خۆی وتەنی لەبەر ئەوەی «شیعر ژیانە» هەم شیعری نووسیوە هەم شیعری شاعیرانی وەك «شیللی، شكسپیر، تۆماس مۆر»ی وەرگێڕاوە، لەوەرگێڕانی شیعریشدا هەوڵیداوە چێژو سیماو ناوەڕۆكی شیعرەكان لەدەست نەچن.

نزیكەی 60 ساڵ لەمەوبەر برایم ئەحمەد نووسەر و شاعیر و رۆماننوس و سیاسیەكی ناودار بووەو دەستی بردبێ‌ بۆ هەر كارێك ویستویەتی لەوانی دیكە نەچێت، نزیكەی 60 ساڵ لەمەوبەریش لەنامیلكەی «العرب و الاكراد»دا دیدو سەرنجی وردی خۆی بۆ پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی ئەو دوو گەلە خستوەتەڕوو، كەواتە ئەو وەك مرۆڤێك، وەك كوردێك كە نەتەوەكەی پارچە پارچەو پرش و بڵاو كراوەتەوە، ئەوەی لەبیر نەچووە، چۆن بەپێی قۆناغەكان ئەو نادادیە راست بكرێتەوە كە لەسایكس بیكۆو جەنگی جیهانی یەكەمدا لەكورد كراوە، ئەو لای وابووە پێویستە بەپێی پێشكەوتنی زەمەن كوردو عەرەب بگەنە ئەو ئاستەی چ جۆرێك لەپێكەوە ژیان هەڵبژێرن.

قسە كردن لەبارەی برایم ئەحمەدەوە، قسەكردنە لەبارەی كەسێكەوە كە زیاتر لە فەرهەنگێك دەچیت تا كەسێكی ئاسایی، ئەوەش هەر لەبەر ئەوەی كە ئەو لەزۆر بواردا بوون و ئامادەیی بەرچاوی هەبووە، رۆمانەكانی «ژانی گەل، كوێرەوەری» شاهیدی ئامادەیی بەرچاوی ئەون لەبواری رۆماننوسیدا، بۆ بوارەكانی دیكەش هەروایە، ئەم كورتە نووسینەم زیاتر بۆ ئەوە بوو، تا ببێتە وەڵامێك بۆ ئەوانەی بەبۆنە و بێبۆنە پەلاماری ئەو پیاوە دەدەن.

ئەو پیاوەی هەمیشە هەوڵی داوە نێو ماڵی كوردەواری تەباو رێك بێت بۆ ئەمەش باجی گەورەی داوە، بەڵام هەمیشە وەك چرایەكی روناك دەمێنێتەوە . نا نا من هەر خۆم نیم بە تەنیا نەكەوتومە رێ‌ هەزاران هەزاران هەژارانین هەموو بە جارێ‌، ئەمجارە هەموو بەجارێ‌ ئەڕۆین بەرەو روناكی


PM:01:55:26/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 6660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی