شەیتانی ئالوودەبوون

‌نیاز نەجمەدین

ژیان هیچی تر نییە جگە لە گرفت (problem) و چارەسەر(، solution, solving) . پرسیارەکە ئەوەیە بە چی گرفتێکەوە سەرقاڵیت و بۆچی؟

بەوەی بە خوێندن و خوێندنەوەوە سەرقاڵیت، یان بەدوای ئەوەدا دەگەڕێیت لاوازییەکی جەستەیی، دەروونیی، کۆمەڵایەتیی، سیاسیی و ئابوورییت چارەسەر بکەیت جیایە لەوەی ئالودەی شتێک یان کەسێک بووبیت. ئەوەی یەکەمیان چێژبەخشە و ژیانت پێش دەخات، ئەوەی دووەمیان وێرانی دەکات.

هاوسەنگیی ئەو شتەیە ئێمە دەبێت بیدۆزینەوە. ئالوودەبوون جۆرێکە لە تێکچوونی هاوسەنگیی. لە ئالوودەبووندا تۆ هەست دەکەیت بەبێ ئەو شتە یان کەسە ناژیت. ئالوودەی کورسی و پارە بیت یان ئیشکردن و دەسەڵات، تەسەوف و مەزهەب و ئایین بیت یان ئیلحاد و سۆشیالیزم و لیبڕاڵیزم، هی حزبێک بیت یان سەرکردەیەک، هی کچێک بیت یان کوڕێک، هی نانخواردن بیت یان مەسڕەفکردن، هی سێکس و کحول بیت یان جگەرە و حەشیشە، هی یارییە ئەلەکترۆنییەکان بیت یان تەنانەت خەم و مەراقیش، هەمووی منداڵی یەک خێزانن کە هەندێکجار و لە هەندێکیاندا لە مرۆڤبوون دوورت دەخەنەوە، لەناوت دەبەن بەو هۆیەوە لە هاوسەنگیی دەرچوویت. رەنگە وات لێ بێت بەبێ ئالوودەبوون بە شتێکیتر، لە ئالوودەبوونی یەکەم رزگارت نەبێت. بەمەش لەم تەڵە رزگارت دەبێت و پێ دەخەیتەناو تەڵەیەکیترەوە.

ئالوودەبوون تەنها کەوتنە داوی چێژی کاتیی و ئۆفەری کۆمپانیاکانی چواردەورت نییە (وەک کۆمپانیاکانی یارییە ئەلەکترۆنییەکان)، بەڵکو برینێک و دووان و سیانە لە منداڵیی و هەرزەکارییتەوە دەستیان پێکردووە و لە گەورەبووندا چارەسەرت نەکردوون، لەنگەریان تێکداویت و بێدەسەڵاتیان کردوویت، دوژمنیان لە خەیاڵتدا بۆ دروست کردوویت، ژینگەیەکیش هەبووە زیاتر رایکێشاویت و کەمتر بەهۆش خۆتی هێناویتەتەوە. وا نەبوایە، ئەمڕۆ ئەو هەستەت نەدەبوو کە وادەزانیت تۆ بەبێ ئەو شتە یان کەسە ناژیت.

هەمان شتیش بۆ کۆمەڵگە و نەتەوە و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد راستە: برینێک و دووان و سیانی کۆن هەیە و چارەسەر نەکراون و لەو مێژووە دانەبڕاوین، دێنەوە سەر رێگەمان و دەمانخەنەوە ناو هەمان بازنەی ئالوودەبوون بە گرفتی وێرانەکەر (وەک ئالوودەبوون بە پرسی سەربەخۆیی، یان شەڕی حزبایەتیی!).

گوێی مەیەرێ ئەگەر دەردێکی لەم چەشنەت هەیە، تەنها نیت و وەکو هەموومانیت. مادام ماوین بەختی ئەوەمان هەیە پرۆسەی شیفا (بەڵام بە ئالوودەبوونێکی تر نا) دەست پێبکەین و مادامیش لە سەردەمێکی دەوڵەمەندتر بە مەعریفە دەژین، ئەوا ئەم وەرچەرخانە رەنگە زۆر نەخایەنێت. لە کۆتاییدا شانازیی بە خۆمانەوە دەکەین ئەگەرچی ئاوڕێک دەدەینەوە و بە بێعەقڵیی خۆمان پێدەکەنین. دوای ئازادبوون، رۆژێک دێت و چیرۆکەکە بۆ کەسێک یان زیاتر دەگێڕینەوە، بەم هۆیەوە کەسێک یان زیاتر لە زیندانی شەیتانەکە ئازاد دەبێت. چی لەوە باشترە؟


PM:09:59:08/07/2024

ئه‌م بابه‌ته 1140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی