تارمایی سوریاو هەڵبژاردنەکانی تورکیا

‌دڵزار عارف

وا بریارە لە ٢٠٢٣/٥/١٤ هەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆمارو پەرلەمانی تورکیا ئەنجام بدرێت، یەکێک لە کارتە هەرە گەرمەکان کە چاوەڕێ دەکرێت هەردوو بەرەکە ئۆپۆزسیۆن و دەستەڵات لە دژی یەکتر بەرزبکەنەوە کارتی سوریاییە. ئاشکرایە لەدوای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا لە ٢٠١١ تورکیا بەهەموو تواناو هێزیەوە تەدەخولی ئەم وڵاتەی کردوەو دەیەویست روداوەکان بەرەو ئەو ئاقارە بەرێت کە سوریایەکی بە تورکیا کراو بنیاتبنێتەوە.  دواتر بۆی دەرکەوت تەنها لە رێگەی هێزە پرۆکسیەکان ناتوانێت ئامانجەکان بپێکێت بە تایبەت رێگرتن لە دروستبونی رێرەو کوردی لە عەفرینەوە بۆ جەزیرەو تا سنوری باشور، بۆیە لە ٢٠١٦ بە راستەوخۆی هاتە ناو خاکی سوریا لە رێگەی سنوری جەرابلوس، دواتر لە ٢٠١٨ کەوتە عەفرین و لە ٢٠١٩ بەردەوام بوو تا گەیشتە ئدلب و سەرێ کانی. ئێستا تورکیاو گروپەکانی نزیک لە خۆی نزیکەی ٨٪ خاکی سوریان داگیرکردوە.

تورکیا هەر لە سەرتای هەڵچونە جەماوەریەکان پشتیوانی دەربڕی و هەوڵی فراوانبونی شۆڕشەکەی دا لە رێگەی هێزە جیابوەکانی سوپای سوریا و هێزە توندڕەوە ئیسلامیەکان . بەڵام دوای دە ساڵ بۆی دەرکەوت ئەنجامەکان بەدڵی ئەو  ناڕۆن و بەپێچەوانەوە فایلی سوریا بۆتە یەکێک لە فایلە هەر ئاڵۆز و پڕ کێشەکان هەم لە ئاستی ناوخۆ هەم لە ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. تێگەیشت کە ئەم کێشەیە وەکو گرێیەکی  ئاڵۆزی وشک وایە هەموو رۆژ زیاتر یەخەی دەگرێت و توشی تەنگە نەفەسی زیاتری دەکات. ئاشکرایە لە ئەنجامی گەورەبون و دژواربونی پێکدادانەکان لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و هێزەکانی سوریاو بڵاوبونەوەو گەورەبوونی رووبەری شەڕەکان، بووە هۆی خەڵکێکی زۆری سڤیلی سوریا روو لە تورکیا بکەن و لەوێ بگیرسێنەوە. ئەردۆگانیش هەر زوو ویستی وەکو کارتێکی بەهێز لە دژی ئەوروپاو هەروەها لە دژی دەوڵەتی سوری و کوردانی رۆژئاوا بەکاربهێنێت. بەڵام بوونی چوار ملیۆن  ئاوارە بارگرانیەکی زۆری لەسەر بازارو ئابوری و خزمەتگوزارە گشتیەکانی تورکیا دروسکرد، بەپێی هەندێک میدیاو لێدوانەکانی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن تورکیا لەسەرەتای روداوەکانی سوریا تاکو ئێستا نزیکەی ٩٦ ملیار دۆلاری خەرجکردوە. راستە یەکێتی ئەوروپا ساڵانە سێ ملیار تا چوار ملیار یۆرۆ دەداتە تورکیا لەبەرامبەر مانەوەی ئەو ئاوارانە.

کەیسی سوریاو ئاوارەکانی بۆتە یەکێک لە بابەتە گەرمەکانی هەڵمەتی پێشنەی هەڵبژاردنی تورکیا، بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەیانەوێت بەم کارتە لە بەرەی دەستەڵات بدەن و تۆمەتباریان بکەن بەوەی کە بەشێوەیەکی خراپ ئیدارەی ئەم کەیسە داوەو بۆیە پارتی گەلی کۆماری تورکیا نامەیەکی خۆیان بڵاوکردەوە کە لەسەرەتای راپەڕینەکانی گەلانی سوریا داوایان لە ئەردۆگان و ئیدارەکەی کردوە بێلایەن بن لەم روداوانە. ئێستا فایلی سوریا رۆژ بە رۆژ وەکو مۆتەکە بۆتە بارگرانی و ئاستەنگ بۆ ئابوری و سیاسەتی نێودەوڵەتی تورکیا. بۆیە ئەردۆگان دەیەوێت بەهەرجۆرێک بێت بەر لە مایس بگاتە جۆرێک لە رێکەوتن لەگەڵ بەشار ئەسەد بەمەبەستی ناردنەوەی ئاوارەکان  و تێکدانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاڤا. بەو هیوایەی وەکو کارتێکی براوە شەڕی هەڵبژاردنی پێ بکات. بەڵام بەشار ئەسەد دەزانێ ئەردۆگان رەوشی باش نیەو  دەیەوێت وەکو کەرەستەکی هەڵبژاردن بەکاربهێنێ بەمەبەستی گرێنتیکردنی بردنەوەی هەڵبژاردن، بۆیە ئەمیش زۆر بەساردی و بە ناگرینگیەوە بەرخود لەگەل ئەم دەستپێشخەریە دەکات. چونکە بەشار دەزانێ ئەوەی قوڕەکەی بۆ سوریا خەستکردەوە ئەردۆگان بوو، ئەم بوو لەپشت داروخانی ئابوریەکەی و دەزگاکانی دەوڵەت  و پشتیوانی هاوکاریە بەردەوامەکانی گروپە چەکدارەکانی سوریا، بۆیە بۆ بەعسیەکانی سوریا ئاسان نیە دەست بخەنەوە دەستی تورکیاو رابردوە پڕ کارەساتباویەکەیان بیر بچێتەوە, هەر چەندە روسیا هەموو هەوڵ و فشارێک دەکات، بۆ گەیشتن بەلێکتێگەیشتێک لە نێوان هەردولا.

لەوە دەچێت فایلی سوریا دوای فایلی ئابوری و سیاسی لە تورکیا زۆرترین رووبەرووبونەوە بەریەکەوتن دروست بکات لە نێوان دەستەڵات و ئۆپۆزسیۆن، بۆیە مانگەکانی داهاتوو زۆر گەرم و گوڕ دەبن و ململانێەکان توند تر و رەقتر دەبن.

حکومەتی تورکیا بۆی روون بۆتەوە مانەوەی لە سوریا رۆژ بە رۆژ تێچووی زیاتر دەبێت و بە گرانی دەکەوێتەوە لەسەری، ئەمە لە رووی ئابوریەوە لە رووی سیاسی و دەوڵەتداریەوە، ئەم گروپانەی تورکیا پشتیوانیان دەکات بەشێکیان ناویان لە لیستی تیرۆرەو و تاوانبارن بە سەدان و هەزران کاری تیرۆرو کوشتن و جینۆساید، بۆیە تورکیا دەیەوێت بەهەر جۆرێک بێت سیاسەتی خۆی دووبارە بە تەرزو ستایلێکی نوێتر دابڕێژێتەوەو هەوڵبدات ئەم خوێنبەربونەی ئابوری بەهۆی بوونی لە سوریا بوەستێنێت و چیتر زەمینە ئەوە خۆش نەکات رکابەرەکانی وەکو کارتێکی سوور لە دژی بەکاربهێنن.


AM:10:55:28/01/2023

ئه‌م بابه‌ته 888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی