عەبدول لەتیفی سەلەفی: پیاوێک لە درۆ دروستکراو

‌مەریوان وریا قانع

خوێنەری ئازیز،
ئەوەی لەم پۆستەدا دەیخوێنیتەوە وەڵامێکی سەرەتایی منە بۆ ئەو گرتە ڤیدیۆیەی عەبدولەتیفی سەلەفی کە لە کۆمێنتی یەکەمدا دامناوە. گرتەکە لەسەر یوتوب وەک وەڵامێک بۆ نووسینێکی من دانراوە و عەبدولەتیفیش بە ئاشکرا ھێما بۆ ئەو نووسینەی من دەکات کە تیایدا باس لە لەشی ژن دەکەم. خاڵی سەرەکیی وەڵامی ئەم پیاوە سەلەفییە بۆ نووسینەکەی من ئەوەیە گوایە من گوتومە ” ”لاشەی ئافرەت مافی گشتییە بۆ ھەموومان" و ھەموو پیاوێک بۆی ھەیە ژن بخڵەتێنێت و لەگەڵ ئەو لاشەیەدا ڕابوێرێت. من لێرەدا وەڵامەکەم لە چوار خاڵدا کورتدەکەمەوە:

یەکەم: درۆکردن و بیماری سێکس. من لە یەکێک لەو وتارانەی لەم دواییەدا نووسیم باسم لەوەکرد کە لەشی ژن لە دونیای ئێمەدا موڵکی خۆی نییە، بەڵکو موڵکێکی گشتییە، موڵکی دین و خێزان و بنەماڵە و خێڵ و نەتەوەیە. لەشێکە ھەموو ئەو لایەنانە بە موڵکی خۆیانی دەزانن و خۆیان بە خاوەنی مافی ئەوە دەزانن چۆنیان بوێت بەوجۆرە دایبڕێژن. لەم ڕووەوە من نووسیومە: ” لە دونیای ئێمەدا لەشی ژن موڵکیەتێکی گشتییە، موڵکی نەتەوە و کۆمەڵگا و خێڵ، و خێزان و بنەماڵەیە، وەکچۆن موڵکی دین و دیدگا ئەخلاقیی و ئایدیۆلۆژیاکانیشە. لەشی ژن موڵکی ھەموو ئە شتانەیە بەیەکەوە و بەتەنھا، تەنھا موڵکی خاوەنە ڕاستەقینەکەی، کە ژن خۆیەتی، نییە." خوێنەر سەرنجبدات من لێرەدا بەھیچ جۆرێک ناڵێم ”لاشەی ئافرەت مافی گشتییە و بۆ ھەمووان"ە. ئەمە درۆیەکی ئاشکرایە خەیاڵ و عەقڵ و ئەخلاقیاتی سنوورداری ئەم ڕابەرە سەلەفییە دروستیکردوە، نەک وتەکانی من. من لەو پەرەگرافەدا ڕێک پێچەوانەی لێکدانەوەکانی ئەم ڕابەرە دینییە قسەدەکەم و بەرگریی لەوەدەکەم کە نابێت کەس خاوەنی لاشەی ژن بێت و تەنھا کەسێک مافی ئەوەی ھەیە خاوەنی ئەو لەشە بێت خودی ژن خۆیەتی.  لەڕاستیدا تەنھا خەیاڵی بیمار و ئەخلاقیاتی سنوورداری ئەم ڕابەرە سەلەفییە بوێری ئەوەی ھەیە ئەمم تێگەیشتنە سێکسییەی بۆ ئەو نووسینەی من ھەبێت، کەسێک سێکس خەیاڵ و عەقڵی داگیرنەکردبێت فیکری بۆ لێکدانەوەی لەو جۆرەی قسەکانی من ناچێت، ھەروەھا تۆمەتی ئەوە ناداتە پاڵ خەڵکانی تر گوایە داوای ئەوە دەکەن ژن جل لەبەرنەکات.  

دووھەم: جنێوفرۆش و دەمپیس. ئەو گرتە ڤیدیۆیە کە ئەو پیاوە سەلەفییە تیایدا قسەدەکات پڕیەتی لە تۆمەت و جێنو و سوکایەتیکردن بەوانەی لە خۆی ناچن و کردنی سێکس بە سەرەتا و کۆتایی نرخاندنی کەسانیتر. ئەوەتا دوای ئەوەی ئەو درۆ گەورەیە بەناوی منەوە دیەکات، زۆر بە ئاسانی کۆمەڵێک تۆمەتی ناشیرنیش دەداتە پاڵیشم، کە بۆ ھەریەکێکیان مرۆڤ دەشێت تووشی سزای گەورە ببێتەوە. ئەم سەلەفییە ”لەخواترسە" ”ئیماندارە" زۆر بێباکانە دەربارەی من دەنووسێت: ”کەسێکی لە خوانەترسی، مولحیدی، دوور لەدین، نەفس پەرست"، زیاتر دەڕوات و دەڵێت ” ئەو گورگە برسیی" و ”ناشەریف"ە. مرۆڤ دەشێت ژیانی خۆی بۆ ھەریەکێک لەم تۆمەتانە لەدەستبدات، بە تایبەتی لە ژینگەیەکدا کەسانی وەک ئەم عەبدولەتیف سەلەفییە بتوانن بڕیار لەسەر مولحیدی و نامولحیدیی و شەریف و ناشەریفی مرۆڤەکان، بدەن. دەتوانم بۆ ھەریەکێک لەم تۆماتەنە دەرگای دادگای لەم پیاوە جنێوفرۆش و دەمپیس و تۆمەتبەخشە بگرم، بەو ھیوایەی ئەو دەمە پیسە پڕ جنێو و تۆمەتەی کەمەکێک پاکببێتەوە و سنوورێک بۆ ئەو زمانە عوسابییە دابنرێت کە لەناو ئەو دەمەدا دەجوڵێت.

سێھەم: کاری سەرەکیی ئەم عەبدولەتیفە، ئەم دیندارە سەلەفییە، لەم کورتە ڤیدیۆیەدا، لەخشتەبردنی خوێنەران و گوێگرانە، فێڵکرنە لە ئیماندارانی سادە، دروستکردنی پێگەی ھێزە بۆخۆی، کەڵەکەکردنی دەسەڵاتی دونیاییە لەڕێگای دەسەڵاتی دینییەوە. دەنا نووسینەکەی من زۆر لەوە سادەترە خوێنەری ئاسایی نەتوانێت تێیبگات و نەزانێت چیدەڵێم. بوونی مینبەریی دینیی جەماوەریی و بەکارھێنانی بۆ دروستکردنی دەسەڵاتی شەخسیی، ئەو تاوان و گوناھە گەورەیەیە کە کەسانی وەک ئەم عەبدولەتیف سەلەفییە ئەنجامیئەدەن. ئەم مۆدێلە لە بانگخوازیی دینیی ڕەچەتەیەکی ترسنکی تێکدانی ژیانی دینین، بەر لە ژیانی کۆمەڵایەتیی.

چوارھەم: ئەوەی گوێ لە ڤیدیۆکە بگرێت بە ئاشکرا بۆی دەردەکەوێت ئەم پیاوە خۆی بە نوێنەری خودا یان پەروەردگار دەزانێت و ئەوەی دەیڵێت و دەیکات، وەک درێژکراوەی ئیرادەی پەروەردگار و نوێنەرایتیکردنی ئەو ئیرادەیە، دەیکات. ئەو بەناوی خوداوە قسەدەکات بۆ ھێرشبردنە سەر ئەو کەسانەی عەقڵ و ئەخلاقیی سنوورداریی ئەو بە ”ناڕاست" و ”بێدین" و ”ناشەریف" و ”نەفسپەرست" و ”گورگی برسیی"، ناویان دەبات. 

سنووردانان بۆ ئەم گوتارە دینییە پڕ لە ڕق و پڕ لە کردەی دروستکردنی دوژمن و پڕ لە سوکایەتیکردنە، بۆ ئەم زمانە دینییە دابڕاوە لە لانی ھەرەکەمی ئەخلاق، ئەرکێکی گرنگیی بەشە ھۆشیار و بەرپرسەکەی کۆمەڵگای ئێمەیە. یەکێک لە دیاردە ھەرە ناشیرین و ترسناکەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین دروستبوونی کەسانی وەک ئەم عەبدولەتیف سەلەفییەیە، کە بەر لە ھەمووشتێک خودی دین و دینداریی ناشیرین دەکەن.


PM:07:40:05/10/2022

ئه‌م بابه‌ته 1504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی