كۆرۆنا بە داتا و ژمارە بەڵام زۆر بە سادەیی!

‌ئاوات عەلی

ئەم ئامارانە بخوێینەوە و مەترسییەکانتان بڕەوێننەوەو خۆپارێزیتان تۆکمەتر بکەن!

• ژمارەی دانیشتوانی چین (١.٤٣٧.٠٠٠.٠٠٠) (یەک ملیار و چوارسەد و سی وحەوت ملیۆن) کەسە و یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان لەڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، تا ئێستا لەچین (٧٨٠٠٠) (حەفتاو هەشت هەزار) کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە دەکاتە ڕێژەی (٠,٠٠٥%) دانیشتوانی چین، واتە خوانەکردە گەر بەهەمان ڕێژەو هاوشێوەی چین ڤایرۆسەکە لەهەرێمی کوردستان بڵاوبێتەوە کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی (٥٠٠٠٠٠٠) (پێنج ملیۆن) کەسە، ئەوا تەنها (٢٧١) کەس توشی ڤایرۆسەکە دەبن و گەر هەمان ڕێژەی گیانلەدەستدانیش هەبێت ئەوا تەنها (٥ کەس) گیانلەدەستدەدەن، کە هیوادارین ئەو ڕۆژە نەبینین و هەموان سەلامەت بن.

• بەپێی ئەو داتایانەی لەسەر ئەو ٨٠ هەزار توشبووەی جیهان لەبەردەستن، ٨٠%ی‌ توشبووان زۆر بە سوکی توشی ڤایرۆسەکە دەبن و پێویستیان بە چارەسەریش نییە، ١٥%ی توشبووان نیشانەکانی نەخۆشییەکە بە قورسی تیاندا دەردەکەوێت و پێویستیان بەهاوکاری پزیشکی و تەندروستی هەیە بەڵام سەرکەتوو دەبن بەسەریدا، ٥% یان زۆر بە قورسی توشی ڤایرۆسەکە دەبن و تەنها ٢% یان گیانلەدەستدەدەن.

• ئەو ٢%ی‌ بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانلەدەستدەدەن زۆرینەی ئەو کەسانەن کە تەمەنیان لەسەرو ٧٠ ساڵەوەیە و کێشەی بەرگری لەشیان هەیە، ڕێژەی گیانلەدەستدان لەنێو ئەو کەسانەی تەمەنیان لە ٧٠ بۆ ٧٩ ساڵدایە ٨% و لە تەمەنی شەستەکاندا دادەبەزێت بۆ ٣.٦% و تەنها ١.٥ % بۆ ئەو کەسانەی تەمەنیان لە پەنجاکاندایە و بۆ هەر کەسێکی تر ڕێژەی گیانلەدەستدان ٠.٥% کە ڕێژەیەکی زۆر کەمە و هاوشێوەی زۆر نەخۆشی ترە.

• ڕێژەی توشبونی منداڵان زۆر زۆر کەمە و نزیکە لەوەی بوترێت منداڵان بە ئەستەم توشدەبن، تەنانەت منداڵێکی تەمەن ١٧ ڕۆژ توانی بەسەر ڤایرۆسەکەدا زاڵ بێت و چاکببێتەوە.

• ئەم ڤایرۆسە بە ڤایرۆسێکی کوشندە دانانرێت و ڕێژەی گیانلەدەستدان تەنها ٢% کە زۆر کەمترە بە بەراوردی ئەندامانی تری ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە سارسدا ڕێژەی مردن (٩.٦%) لە ٢٠٠٢ و ٢٠٠٣و لە ڤایرۆسی مێرسدا (٣٥%) دا لەساڵی ٢٠١٢ و ٢٠١٣ بوو بەڵام مرۆڤایەتی بەسەریدا زاڵ بوو. هەروەها زۆر جیاوازە لە نەخۆشییەکی وەک تاعون کە ڕێژەی مردن گەیشتووەتە ٧٠% بۆ ٩٠% لە سەدان ساڵ لەمەوپێش بەهۆی لاوازی توانای زانستی مرۆڤ و بەرەنگاربونەوەی.

• بەرگری لەشی مرۆڤی ئاسایی توانای لەناوبردنی ڤایرۆسەکەی هەیە و قورس نییە، تەنها ئەو کەسانە مەترسیان هەیە کە بەرگری لەشیان لاوازە یان کێشەی تەندروستییان هەیە، بۆیە لەم کاتەدا پێویستە گەر چارەسەری تەندروستیت هەیە دەرمانەکان لەکاتی خۆیدا و وەک پێویست بخۆیت و رەچاوی ڕێنماییەکان بکەیت. دووربکەونەوە لە رێجیمی قورس و بەردەوام خواردنی پڕ ڤیتامین و تەندروست بخۆن.

هیوادارم هەمیشە تەندروستبن و لە کۆرۆنا بەدوربن!


PM:07:40:26/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 2040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی