لە ئێستادا سزای لە سێدارەدان رزگارکەری گیانی سەدان کەسی ئەم هەرێمەیە!

‌هێڤار هیوا.

تا دێت رووداوەکانی کوشتن روو لە زیادبوون دەکەن  و رۆژ نییە لەم هەرێمە 6 ملیۆن کەسیەدا چەند کەیسێکی کوشتن روونەدات. کێ هۆکارە لەم رووداوانە؟ چی بکرێت بۆ چارەسەر؟ بۆ زیندانییان یەکجار لە سێدارە نادرێن و ببنە پەند بۆ ئەوانی دیکە و چەندین پرسیاری تر بیر و هۆشی هەموومانی پڕکردووە و خەریکە نەفەسمان لێ دەبڕێت. رووداوەکان بە جۆرێکن کە زۆر جار مرۆڤ واقی دەورمێت کە چۆن ئەوەندە کارەکە سادە و ساکار بووە! هەر بەراستی پیاوکوشتن و لێسەندنەوەی رۆحی مرۆڤێک ئەوەندە ئاسانە!

ئەوەی لە ئێستادا بەراستی چارەسەری ئەم هەموو رووداوی کوشتنە دەکات و دەبێتە بەربەستێکی کۆنکرێتی، تەنها جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانە. ئەگەر سەرنج بدەین کوشتنی ژنان و کچان، لاقەکردنی منداڵان، کوشتنی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و مامۆستای زانکۆ و تا دەگاتە ئەوەی لەسەر فوول لایت و هۆڕن لێدانێک کەسێک کەسێکی دیکە دەکوژێت، بۆ دزینی 200 هەزار دینار مێردمنداڵێک هاوتەمەنەکەی خۆی دەکوژێت! ئێ ئەمە بە چی رادەگیرێت ئەگەر لە سێدارەدان و سزای مەرگ نەبێت؟ 

سزای لە سێدارەدان چەندێک قورس و قێزەونە، لە ئێستادا دوو هێندە سوودبەخشە بۆ ئەم کۆمەڵگە نەخۆشەی ئێمە. بەداخەوە لە هەرێمێکدا دەژین لەوەتای چاومان کردووەتەوە چەک بووەتە پێداویستی سەرەکیمان و زۆربەی ماڵەکان تێدایەتی، بوونی ئەو هەموو رێژەیە و ئاسان بەدەستکەوتنی وایکردووە هەر کەسێک کەمێک مێشکی گەرم بوو، رۆحێک لە کەسێکی دیکە بسەنێتەوە، وەک دەوترێت، "لەم وڵاتە لێناگەڕێن بە سەلامەتی بگەینە مردن و دەمانکوژن". 

ئەگینا هەروا ئاسانە تۆمەتبارێک رووبەرووی هێزە ئەمنییەکان ببێتەوە و ئەفسەران و کارمەندانیان شەهید بکات؟ یان خوێندکارێک دوو مامۆستای زانکۆ بکوژێت کە پڕبوون لە زانست و زانیاری بۆ چەند جیلێکی دیکە؟ باشە ئیتر چۆن مامۆستایەک بتوانێ زەبتی ناو موحازەرە و وانەکانی بکات لە کاتێکدا ترسی هەیە سبەی ببێتە چاولێکەری و خوێندکارێکی دیکە هەمان کار دووبارە بکاتەوە!!!

ئێمە لەم هەرێمەدا تووشی گەورەترین قەیرانی پەروەردەیی بووین کە دەیان ساڵە پسپۆڕانی وەک دکتۆر کەریم شەریف قەرەچەتانی و دەیانی دیکە هاوار دەکەن "فریای داهاتووی ئەم وڵاتە بکەون" بەڵام کەس گوێیان بۆ ناگرێت، دەیان ساڵە دەڵێن ئەم حکومەتە بەس زمانی شەق دەزانێت و بێگومان خەڵکیش هەروای لێ دەردەچێت هەر وتیان "هیچ نییە بابە ڕاهاتووین لەگەل وەزعەکە". ئاخر کارەساتەکە ئەمە دروستی کردووە.

لە لایەکی دیکەشەوە دوورکەوتنەوە لە دین و پەیرەوی خودا و بێ ئاگابوونی دایکان و باوکان لە پەروەردەی منداڵەکانیان و نەبوونی یاسایەک کە بۆ هەمووان وەک یەکبێت و کەس ئاغا و کەس گەدا نەبێت و چەندین هۆکاریی دیکە.

ئەگەر چاوێک بە زیندانەکاندا بخشێنین، دەیان حاڵەت هەیە کە کەسێکە دەستدرێژی کردووەتە سەر دایک و خوشکی خۆی! باوکی خۆی کوشتووە یان باوک کوڕی خۆی کوشتووە و دەستدرێژی کردووەتە سەر کچەکەی! سەدان حاڵەتی لاقەکردنی منداڵ و مێردمنداڵ لە هەردوو رەگەز دەبێنرێت، ئەمانە بۆ لە سێدارە نادرێن؟ کەسێک دەبینیت ژنەکەی خۆی کوشتووە و یەکێکی دیکە مێردەکەی خۆی بەر چەقۆ داوە بە هاوکاری دۆستەکەی، کەسێک دەبینیت سەدان کەسی گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر کردووە و یەکێکی تر لەسەر هۆڕن لیدانێک کەسێکی کوشتووە. لەو لاشەوە کۆمەڵێک رێگر چەند کەسێکیان کوشتووە و ماڵیان دزیوە بەڵام کە دەبینیت لە من و تۆ مورتاح ترن و بێخەم پاڵیان لێداوەتەوە و لە زیندانەکاندا تەنها قەڵەویان دەکەن. ئەمانە کارەساتن!

ئەو هەموو پیاوکوژ و تلیاکخۆر و چەکل و بێ خاوەنە چۆن چارەدەکرێن، بە ناو سزای لە سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە بەڵام جێبەجێ ناکرێت، کە جێبەجێش نەکرا ئیتر ئەم کەسە یان چاوەرێی "لێبوردنی گشتی" دەکات یاخود ئیتر هیچی نامێنێت لە دەستیبدات و دوور نییە هەر لەناو زیندانیشدا خەڵکی تر نەکوژێت. ئەوەتا لە دوو رۆژی رابردوودا داواکارێکی گشتی یەکێک لەم شارانەی هەرێم دەڵێت، "منداڵ لەسەر دزییەکی بچووک چووەتە زیندانەوە و لەوێ دەستدرێژی کراوەتە سەر!"، ئەمە دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئێمە زیندانەکانمان بووەتە جێگەی فەسادی و قەڵەوکردنی تۆمەتباران.

ئەوەتا هەفتەی رابردوو لە ئێران بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک، دوو کەس بە پشتی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب بەناو شاردا بە لێدان و سووکایەتییەوە دەیانگێڕان و دواتریش لە سێدارەدان، ئەگەر لەم هەرێمەشدا ئەوە بکرێت، ئیتر کەس زاتی ئەوە ناکات بە چاو تروکانێک جەرگی دایک و باوکێک بسوتێنێ و منداڵی خەڵک بێ نازی دایک یان باوکیان بکەن. دڵنیاییش دەدەم لەوەی ئەگەر بە زووترین کات بریاری لە سێدارەدان و هەڵواسین لە ناوەراستی شاردا جێبەجێ نەکرێت و تاوانباران نەکرێنە پەند بۆ هەمووان، ئەوا لە چەند ساڵی داهاتوودا وای لێدێت رۆژانە زیاتر لە 50 حاڵەتی کوشتن روودەدات.


AM:10:46:29/06/2022

ئه‌م بابه‌ته 1364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی