کۆرۆنا و دیکسامیسازۆن( dexamesazon)

‌فایق گوڵپی

لە ماوەی چەند رۆژی رابوردودا لە سەر دەرمانی دیکسامیسازۆن( دکسا) هەواڵێک بڵاوکرایەوە، هەواڵەکە باس لەوە دەکات کە ئەم دەرمانە کاریگەریەکی باشی بۆ چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا هەیە.

دەرمانی دکسا، دەمێکە دۆزراوەتەوە، بۆ نەخۆشی حەساسیەت و هەوکردنی قورس و کەمی مادەی ستیرۆیدەکان بەکاردێت.

 دیارە لەم ماوەیەدا بۆ هەوکردنی گرانی( قورسی) کۆرۆناش بەکارهاتوە و سوودی بەخشیوە، بۆیە پزیشکانی بەریتانی وەک هەواڵیکی دڵخۆشکەر و وەک سەرکەوتنێکی زانستی باسیانکرد.

بەڵام ئەوەی بە لای منەوە گرنگە رونیبکەمەوە ئەوەیە، ئەم دەرمانە ڤایرۆسەکە ناکۆژێت، رێگە لە تووشبونی نەخۆشی کۆرۆنا ناگرێت، بەڵام سنور بۆ لیکەوتە خراپەکانی نەخۆشیەکە لەسەر جەستەی نەخۆشەکە دادەنێت.

 کاتیک کەسێک دووچاری کۆرۆنا دەبیت، سیستەمی بەرگری نەخۆشەکە  دژی ڤایرۆسەکە چالاک دەبێت، هەندێکجار سیستەمی بەرگری زیاد لە سنوری خۆی چالاک دەبێت  و کۆمەڵیک مادەی کیمیاوی  بە ناوی سایتۆکاین ( cytokine) دەردەکات، ئەم سایتۆکاینانە زیاتر جەستەی مرۆڤەکە وە بە تایبەتی سیەکانی و بۆریەکانی هەناسەدانی بریندار دەکەن و  دووچاری هەوکردنی قورسیان دەکەن.

کە مادەی دکسا بەکاردێت، چالاکی سیستەمی بەرگری جەستەی نەخۆشەکە هێوردەکرێتەوە، سایتۆکاینەکان کەم دەبنەوە، برینداربون و هەوکردنی کۆئەندامی هەناسەدانی نەخۆشەکە کەم دەکاتەوە و باری تەندروستی نەخۆشەکە باشدەبێت.

لێرەدا بە گرنگی دەزانم ئەو دەرمانانەی بۆ چارەسەری نەخۆشی کۆرۆنا بەکاردێن، بە شیوەیەکی گشتی ئاماژەیان پێبدەم.

١.ڤاکسین ئەو دەرمانەیە کە رێگە لە توشبونی نەخۆشی کۆرۆنا دەگرێت، ئەم دەرمانە تا ئیستە نەدۆزراوەتەوە.

٢.ئەو دەرمانەی کە بەرگری لەشی نەخۆشەکە بەهێزدەکات، وەک پلازمای ئەو نەخۆشانەی کە کۆرۆنایان هەبوەو چاک بوونەتەوە، ئەگەر پلازماکەیان بۆ نەخۆشی تربەکاربێت، بەرگری لەشی نەخۆشەکە بەرزدەبێتەوە و زوو چاکدەبێتەوە.

٣.ئەو دەرمانەی بۆ کوشتنی ڤایرۆسەکە بەکاردێت، ئەم دەرمانەش تا ئیستە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە،هەندێک دەرمان کە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی تر بەکاردێن بۆ کۆرۆناش سودیان لیوەرگیراوە، وەک دەرمانی تامیۆفلۆ Tamiflu Ramdesivir,

٤.ئەو دەرمانانەی  بۆ لێکەوتە گرانەکانی کۆرۆنا بەکاردێن، وەک  دەرمانی دیکسامیسازۆن، ئەم دەرمانە سیستەمی بەرگری لەش ‌‌هێوردەکاتەوە، بڕی سایتۆکانەکان کەم دەکاتەوە، یارمەتی هەناسەدانی نەخۆشەکە دەدات. دیارە  دکسا سوودی زۆری بۆ نەخۆشەکان هەبووە، بۆیە بە سەرکەوتنێک لە چارەسەری کۆرۆنا دەژمێردریت.


PM:12:05:21/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 2252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی