کێ لە سەرهەڵدنەوەی کۆرۆنا بەرپرسیارە؟

‌فایق گوڵپی

ماوەی چەند رۆژێکە لە پاریزگای سلێمانی و پاریزگاکانی تری هەرێم، پەتای کۆرۆنا سەریهەلداوەتەوە، بەرپرسانی دەسەلات کەمتەرخەمی خەڵک بە هۆکاری گەرانەوەی پەتاکە دادەنێن، منیش دەڵیم هۆکاری سەرهەلدانەوەی پەتاکە ئەمانەیە.

١.رێمایی تەندروستی لە خالە سنوریەکانی نیوان هەرێم و ئێران جێبەجێنەکرا، بە جدی پشکنین بۆ ئەو کەسانە نەکرا کە لە ئێرانەوە گەرانەوە یان بۆ بازرگانی سەردانی هەرێم دەکەن، بە تایبەتی لە خاڵی گومرگی باشماخ، دوێنێ کەناڵی تەلەفزیۆنی NRT  رایگەیان کە ١٨ هەژدە رۆژە لە خاڵی پشکنین باشماخ پشکنین بۆ کەس نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران سەرچاوەیەکی سەرەکی گواستنەوەی کۆرۆنای هەرێمی کوردستان بووە، بۆیە لە شارێکی سنوری وەک پێنجوێن لە یەک رۆژدا ٥١ کەس تووشی کۆرۆنا دەبن.

٢.دەسەلاتی هەرێم بە وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی ناوخۆوە، نەیتوانی قەناعەت بە خەڵک بکات کە کۆرۆنا هەیەو و نەخۆشیەکی مەتریسدارە، بۆ خۆپاراستن دەبێت رێنامیی تەندروستی پەیرەو بکرێت.خەڵک بروای بە هیچ شتێکی حکومەت نەماوە.

٣.حکومەت نەیتوانی دەرمانی پێویست بۆ پشکنینی خەلکی گومانلێکراو بە دەستبخات، لە پاریزگای سلێمانی چەندان ئەندام پەرلەمان و رێکخراوی کۆمەڵگای مەدەنی  رایانگەیاند، ژمارەی ئەو پشکنینانە بۆ خەڵکی سلێمانی  دەکرێت لە چاو سارەکانی تری هەرێمدا زۆر کەمە، کەچی بەرپرسانی تەندروستی سلێمانی بەرپرچی ئەو کەسانەی دایەوە و وتی ئەوە راست نییە.

٤.لە کاتی بلاوبونەوەی پەتاکەدا لە پارێزگای سلێمانی چەند کەسێک کۆچی دواییانکرد، بەرپرسانی ئیداری تەندروستی دەیانوت بە هۆی کۆرۆناوە مردوون، بەرپرسانی زانستی-پزیشکی نەخۆشیەکانی کۆرۆنا دەیانوت ئەو نەخۆشانە بە کۆرۆنا نەمردوون و بە دەردی تر مردوون. ئەم بۆچوونە ناکۆکە لە سەر هۆکاری مردنی ئەو نەخۆشانە هێندەی تر خەلکی کوردستانی لە دەزگا تەندرستیەکانی هەرێم بێمتمانە کرد.

٥.قەرەنتینە و پشکنینی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی هەرێم گەرانەوە، گەندەڵی تێداکرا.بازرگانێکی خەڵکی دەربەندیخان لە ئەوروپا گەرایەوە و قەرەنتینە نەکرا، لەبەر ئەوەی هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، بەهۆی ئەوەوە نزیکەی ٣٠-٤٠ کەس لە دەربەندیخان دووچاری کۆرۆنا بوون.

 ژمارەیەک بەرپرسی هەرێمی کوردستان لە ئەوروپا گەرانەوە، هیچیان قەرتینەنەکران، ئەمە وایکرد خەڵک گالتەی بە کۆرۆنا بێت و گرنگی پێنەدا.

دوو کەس  لەوانەی لە ئێران گەرانەوە ( خەڵکی هەلەبجە و کۆیە بوون)لە سلێمانی پشکنینیان بۆ کرا، سەرەتا وا راگەینرا کە  کۆرۆنایان نییە و نێردرانەوە ماڵەوە، بەڵام دوای ماوەیەک دەرچوو هەردووکیان دووچاری کۆرۆنا بوون، بەوەش ئەو دوو کەسە بۆ ماوەیەک ڤایرەسەکەیان لە ناو خەڵکدا بلاوکردەوە.

٦.بریارەکانی قەدەغەی هاتوچۆی وەزارەتی ناوخۆ، بە بێ ئەوەی زیانی بێکاری خەڵک ببژێردریت، دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، وایلەخەڵک کرد، بڵێت مردن لە برساندا لە مردن بە کۆرۆنا ناخۆشترە و پەیرەوی قەدەغەی هاتوچۆ نەکات و دەست لە کار هەڵنەگرن.




PM:03:07:02/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 2584 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی