بۆ كۆبوونەوەكەی پارتی و یەكێتی

‌فایق گوڵپی

فایەق گوڵپی

رۆژی ٢٢-٤-٢٠٢٠ كۆبونەوەی دوو قۆڵی دەكەن، حەز دەكەم بزانن بە سیاسەتی دەمارگیری حزبیتانەوە، خەریكە هەرچی دەستكەوتی سیاسیمان  هەیە لە دەستی دەدەین، بە سیاسەتی ئابوری شكستخواردوتانەوە، تا توانیتان خەڵكی كوردستانتان  برسی و هەژار و مووچەبڕ كرد.

ئێوە لە دوو حكومەتدا دەسەلاتدارن، دەرگای حكومەتی هەرێمتان بۆ داگیركەران واڵا كردووە، دژایەتی حكومەتی عێراقتان بە لووتكە گەیاندووە.

بۆیە لە ژێر دەسەڵاتی ئێوەدا، بارودۆخی هەرێمی كوردستان لە هەموو رویەكەوە  بەرەو داڕوخان دەروات، ئەگەر بتانەوێت لە حوكمی ئەم وڵاتەدا بەردەوام بن، دەبێت گۆڕانكاری لە عەقڵیەتی سیاسی و لە سیستەمی حوكمرانیدا بكەن، ئەم جۆرە عەقلیەتەی ئێستەتان مودێلی نەماوە، ئەم جۆرە سیستەمە حزبیەتان، وەڵامی داخوازی خەڵك ناداتەوە.

یەكەم: كۆتایی بە سیستەمی حزبایەتی  بێنن، با حكومەت و پەرلەمان و دادگا و پێشمەرگە و ئاسایش، سەربەخۆ بن، نیشتمانی و یەكگرتوو و دامەزراوەیی بن. لە حوكمڕانی تەندروستدا، حزب تەنها  لە كاتی هەڵبژاردندا دێتە  مەیدانەوە، بەرنامەی هەڵبژاردن و لیستی پاڵیوراوانی پێشكەشی جەماوەر دەكات، ئەگەر دەنگی پێویستی بەدەستهێنا و سەركەوت، بەرنامەكەی لە رێگەی پاڵێوراوەكانییەوە لە حكومەت و پەرلەمان و دەزگاكانی تردا جێبەجێ دەكات، تا هەڵبژاردنێكی تر دەست لە كاروباری دەوڵەت وەرنادات، هەر خەریكی پەروەردەی ئەندام و كادرەكانی دەبێت، بەرنامەی هەڵبژاردنی ئایندە دادەنێت، وەك حزبەكانی ئێوە بۆ هەتا هەتایە، دەست لە بینەقاقەی هەموو بوارەكانی ژیان گیر ناكات. 

دووەم: مافی بەڕێوەبەری و سیاسی و ئابوری و حقوقی خەڵكی كوردستانتان زەوتكردووە، لە وڵاتانی تردا تەنها پۆستی وەزیر لە لایەن حزبی براوەوە دەستنیشان دەكرێت، حزبەكانی ئێوە وەزیرو و بەرێوەبەری ناحیە و بەرێوەبەری قوتابخانەش دادەنێن، ئەو كەسەی حزبی نەبێت، با ئەوپەڕی تواناشی هەبێت، ناتوانێت لە هیج پۆستێكی حكومەتدا خزمەت بكات. لە وڵاتانی تردا، ئەگەر كاسبێك پۆستێكی حكومی وەربگرێت، دەست لە چالاكی ئابوری هەڵدەگرێت، لێرە لە هەرێمی كوردستاندا دەسەڵاتدار و كاسب و بازرگان هەر یەك پێكهاتەیە.

لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئێوەدا، یاسا و دادگا بۆ ئەو كەسانەیە كە ئەندام و كادری حزبەكانی ئێوە نین، تورەبوونی بەرپرسێكی حزبی و حكومی، چەندان بریاری دادگای لێدەكەوێتەوە. 

بەو هۆیەوە خەلك متمانەی پێتان نەماوە، ئەگەر بتانەوێت متمانە بۆخۆتان بگێڕنەوە، دەبێت دەست لەم جۆرە سیاسەتانە هەڵگرن.

سێیەم: لە باتی ئەوەی بە گوێرەی داخوازی گەلی خۆتان و بۆ گەلی خۆتان كار بكەن، بە گوێرەی داخوازی داگیركەرانی كوردستان و بۆ داگیركەرانی كوردستان كار دەكەن، دەست لە وابەستەیی دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان هەڵگرن، دەنگی گەل بكەنەوە مەرجەعی خۆتان، حكومەتی هەرێم بخەنەوە سەر پێی خۆی و لە چوارچیوەی وڵاتی عێرقدا، چالاكی دبلوماسی و سیاسی و ئابوری پێشبخەن، تەنها لە رێگەی دەوڵەتی عێراقەوە دەتوانن كێشەی دارایی هەرێم چارەسەر بكەن، تەنها لە رێگەی دەوڵەتی عیراقەوە دەتوان مافە سیاسیەكانی گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان و لە سنوری مادەی ١٤٠ بپارێزن، بەردەوامی وابەستەبوون و ملكەچكردن بۆ سیاسەتی توركیا و ئێران، ئەو دوو ولاتەی كە چارەنوسیان نادیارە، ماڵوێرانی و مایەپووچی لێدەكەوێتەوە.


PM:10:48:21/04/2020

ئه‌م بابه‌ته 3460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی