هەڵویستی نابەرپرسیارانەی پزیشکان

‌فایق گوڵپی

هەڵویستی نابەرپرسیارانەی پزیشکان
پزیشک لە یادی راپەرین و بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا

نزیکەی سێ مانگە پەتای کۆرۆنا بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە، دەیان هەزار کەس دووچاری پەتاکە بووە،هەزاران کەسیان گیانیان لە دەستداوە و دەیان هەزاریش چاکبووونەتەوە.

سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، زانست و بوێری و گیان لەسەردەستی پزیشکان و هاواکارەکانیانە، پزیشکان لە چین سنوریان بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاکە دانا، بە هۆی ڤایرەسی کۆرۆناوە لە چین چەندان پزیشک و کارمەندی تەندروستی نەخۆشکەوتن و هەندێکیان گیانیان لە دەستدا. لە  وڵاتانی تریش پزیشکان کەمتەرخەمی ناکەن و بەوپەڕی دلسۆزییەوە نەخۆشەکانیان چارەسەر دەکەن.
بەلام بە داخەوە لە شاری سلێمانی، توێژێکی پزیشکان، توێژی پزیشکانی دێرینی (مقیم ئەقەدەمەکان) بەشی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی، لە ترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی کۆرۆنا مانیان لە کارکردن گرتووە، بەو هۆیەوە ئەمرۆ نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی فێرکاری سلێمانی تەگەرەی تێکەوت و وەستا.

١. بە بروای من مانگرتنی ئەو توێژەی پزیشکان لەم کاتەدا، خۆدزینەوەیە لەبەرپرسیارێتی، هەڵەیەکی گەورەیە، نابیت رێگەی پێبدریت، ئەو توێژە لەو تەمەنەدا، بەرگری لەشیان لە لوتکەدایە، ڤایرەسەکە  بە زەحمەت پێیاندەوێڕیت.

 ٢. بۆ راگرتنی دەوام، دەبێت لایەنی پەیوەندیدار، بەرێوەری نەخۆشخانە و بەریوەبەری تەندروستی شار و وەزیر رەزامەندی لەسەر  داواکەیان بدەن، نابێت ئەو تویژە خۆیان بخەنە جێگەی دەسەڵاتی جێبەجیکردن و سەربەخۆ بریاربدەن.

٣. لە کاتێکدا پزیشکانی دێرین دەوام ناکەن، پزیشکانی تری پسۆڕی بێهۆشی و هاوکارەکانیان، پزیشکانی پسپۆڕی نەشتەرگەری و هاوکارەکانیان، لە نەخۆشخانە ئامادەی کارکردنن نایانەوێت دەوام رابگیرێت، تۆ بڵیی گیانی ئەم پزیشکە دێرینانە  لە گیانی پزیشکان و کارمەندانی تری نەخۆشخانە پیرۆزتر بێت؟ .

٤. باشە ئەگەر پزیشکانی موقیم ئەقدەمی نەشتەرگەری کە زۆر دوورن لە نەخۆشی ئالودەبووی کۆرۆناوە، مانبگرن؟، ئەی ئەبێ پزیشکانی موقیم ئەقدەمی نەخۆشخانەی کۆرۆنا چی بکەن کە رۆژانە لەگەل نەخۆشەی کۆرۆنادا دەژین؟

٥. ئەگەر بەشی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە گشتیەکانی شاری سلێمانی دابخریت، نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە تایبەتەکانی شاردا بەردەوام بێت، ئەبێ خەڵک چیی بەو پزیشکە دێرینانە بڵێت؟ 

٦. ئەو پزیشکە دێرینانەی ئەم بیرۆکەیان بلاوکردەوە و دەوامیان راگرت، زۆربەیان ئەندام و کادری حزبە دەسەلاتدارەکانن، دەبوو ئەو براحزبیانە هەر هیچ نەبوایە لە رۆژی راپەرینی شاری سلێمانیدا هێندە بی ئیرادە نەبوونایە، ئەو هەڵوێستەیان نەنواندایە. من دەمێکە وتومە ئەوانەی دوای راپەرین خۆیان بەم حزبانەوە هەڵواسیوە،مەبەستیان ئەوە نیە خزمەتی گەل و حزبەکەیان بکەن، مەبەستیان ئەوەیە لە سێبەری دەسەڵاتی حزبەکاندا بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان بپاریزن و کەسە دلسۆزەکانی حزب و نیشتمان لە حزبەکان دوربخەنەوە.


PM:02:40:07/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 4892 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی