تێکەڵکردنی ئاڵای فەرەنسا و وێنەی پرۆفایل مرۆڤدۆستیە

‌فایق گوڵپی

لە دوێنێ شەوەوە وەک ژمارەیەکی بەرچاوی ھاورێکانم منیش وێنەی پرۆفایلی ئەکاونتەکەم تێکەڵ بە ئالای فەرەنسا کرد،لە ھەمان کاتدا ژمارەیەکی بەرچاوی ھاورێکانم رەخنەیان لە کەسانی وەک من گرتوە کە ئاڵای وڵاتێکیان بەرزکردۆتەوە پەیمانی سایکس بیکۆی دروستکردوە،ھۆکاری دابەشکردنی کوردستانە،چاوی لە بکوژانی شەھید قاسملۆ پۆشی ،بکوژی سێ ژنە شۆرشگێرەکەی پاریسی ئاشکرا نەکرد و گلەیی و رەخنەی تریان ھەیە.منیش دەڵێم :

١.رەخنە سیاسیەکانی ئیوە گرنگی ھەیە،بەلام بەرپرسیارکردنی فەرەنسا بە  شکستەکانی گەلی کورد  و بەرپرسیار نەکردنی کورد لە شکستەکانی خۆی راست نیە،بۆ نمونە پەیمانی (سیڤەر) کە ساڵی ١٩٢٠ لە فەرەنسا دەرچوو،لە مادەکانی ٦٣،٦٤،٦٢،دان بە مافی چارەنوسی گەلی کوردا نرا، بەڵام کورد نەیتوانی سود لەو پەیمانە وەربگێت. ساڵی ١٩٨٨ دوای ئەنفال و کیمیابارانی ھەلەبجە فەرەنسا یەکەم وڵات بوئیدانەی ئەو تاوانەی  کرد و وەفدی حکومەتی بەعسی لەبەرچاوی جیھان رسوا کرد،ھەر دوینێ بو سەرۆکی فەرەنسا پێشوازی لە ھاوسەرۆکی p y d  و بەرپرسی یەکەمی y p j کرد. بەلام لە ھەمانکاتدا دەبێت ھەمومان بابەتی سیاسی و بابەتی کۆمەڵایەتی و ئینسانی لە یەک جیابکەینەوە،تاوانێکی جەرگبری وەک کۆمەلکۆژی ١٣-١١ پاریس کە ١٢٩ کەسی مەدەنی و بێچەک بەو شێوە وەحشیەتە بکوژرێن و سەدانی تر بریندار ببن،وا لە مرۆڤ دەکات کە پەرچەکردارێکی مرۆڤدۆستانەی وەک ئێمەی ھەبێت.

٢. داعش کە کردەوە تیرۆریستیەکەی فەرەنسای ئەنجامداوە،ئامانجی سەرەکی لە ناوبردنی گەلی کوردە،بۆیە بەگژاچونەوەی ئەو ھیزە تاریکە بە ھەر شیوەیەک بێت و لە ھەر شوێنێک بێت،نەک دژی بەرژەوەندی گەلی کورد نیە،بەڵکو دەبێتە ھۆکارێک بۆ ئەوەی دوژمنی دوژمنەکەت بکەیتە دۆستی گەلەکەت و ھەوڵی پەیداکردنی دۆست بدەیت بۆ بەگژاچونەوە و لە ناوبردنی دۆستی درندەی ئەم سەردەمەی گەلی کورد کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش و ئەو وڵاتانەن پشتگیری داعش دەکەن.

٣.ژمارەیەک لەو ھاورێ بەرێزانەی کە ئالای فەرەنسایان لەگەل وێنەی پرۆفایلەکان تێکەل کردوە،ئەو ژمارە کەمەی رۆشنبیرانی باشوری کوردستانن (نزیکەی شەست کەس بووین) کە دوای تاوانی داگیرکردن و ئەنفالی شەنگال، لە کاتێکدا داعش لە لوتکەی ھێزدا بو،ھەڵمەتی یەزیدیبونیان بەرێوەبرد تا ئازادکردنی شەنگاڵ،ئەوانەی ئالای فەرەنسایان تێکەل بە وێنەی پرۆفایل کردوە،زۆربەی ئەو کەسانەن کە بۆ پشتیوانی رۆژئاوای کوردستان و باکوری کوردستان نەک ھەر کاری جدیان کردوە، بەڵکو لەسەر ئەو ھەڵویستانەشیان جۆرەھا سزا دراون.
 کەوابو ئەو بەرێزانە ھیچ کات تاوانەکان و دۆزی رەوای گەلی خۆیانیان پشتگوێ نەخستوە،بەڵکو کەسانێکن گرنگی بە مافە نەتەوەییەکانی گەلی خۆیان دەدەن.،تاوانە دلتەزێنەکانی مرۆڤایەتی و ئازادی تاک و پێکھاتە چەوساوەکانیش فەرامۆش ناکەن .      


PM:11:27:16/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 7204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی