بەڕاست سەردەمی فیفتی بە فیفتی بەسەرچوە ؟!

‌سلێمان عەبدوڵا یونس

ھەرکاتێک باسی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی نێوانیان بکرێت، پارتی بە دەنگی بەرز، بە یەکێتی دەڵێ؛ کە سەردەمی فیفتی بە فیفتی بەسەرچوە!

لەڕاستیدا، ئەوە مایەی دڵخۆشییە، کە ھەردو ھێزە سەرەکیە چەکدارەکە، ھاتبێتنە سەر ئەوباوەڕەی، سەردەمی پەنجا بە پەنجای دابەشکاری دو حزبی بەسەرچوبێت. چونکە ئەو سەردەمە، سەردەمی دابەشکاریەکی ئێجگار ناڕەوا و ناڕاستە و تیایدا قۆرخکاری و تاڵانکاری تا بینەقاقای خەڵک دێت، بۆیە کەس نابێت لەگەڵ ئەم تێزە ناکۆک بێت، بەڵام خۆئەوە ھەربەتەنھا بۆ یەکێتی ڕاست نیە، بەڵکو ئەوە دەبێت بۆ پارتیش ھەر ڕاست بێت.

پارتی کە تەنھا %22.2 « لەسەدا بیست و دو پۆینت دو»ی ڕێژەی دەنگی کۆی گشتی دەنگدەرانی ھەرێمی کوردستانی بەدەسھێناوە، نەک تەنھا پشک و پێگەی فیفتی بە فیفتی خۆی خستوەتە باخەڵیەوە، بەڵکو بەو پێگە بچوکەوە حوکمی ھەمو کوردستان دەکات و سەرۆکایەتی ھەرێم، حکومەت، پەرلەمان و بەشی زۆری پێگە گرنگ و گەورەکانی دیکەی حکومەتیشی بردوە. ئەمە وێڕای دروستکردنی کابینەیەکی بچوک، لە یاریدەدەرەکان.

پارتی و لەگەڵیدا یەکێتی و گۆڕانیش، دەبێت بزانن جارێ لە %41 « لەسەدا چل و یەک» لەکۆی ئەوانەی مافی دەنگدانیان ھەبوە، بەھەر ھۆکارێکە بایکۆتی دەنگدانیان کردوە و دەنگیان نەداوە. خۆ ئەگەر لیستی ھەڵبژاردن پاک و بێگەردبوایە، ئەوا بێگومان ڕەنگە ڕێژەکە لە نیوەی زیاتری دەنگدەرانی ڕاستەقینە زیاتریش بێت. ئینجا لەم نێوەندەدا  ئەگەر سەنگی پارتی بە کۆی ژمارەی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان بەراورد بکەین، ڕەنگە بابەتەکە زۆر ڕونتر دەربکەوێت، بەتایبەت کەدەزانین لەھەڵبژاردنی ئەیلولی ساڵی 2018 بۆ پەرلەمانی کوردستان، پارتی لەباشترین حاڵەتدا تەنھا نوێنەرایەتی ٪‏12 دوازدە لەسەدی ھاونیشتیمانیانی ھەرێمی کوردستان دەکات. بەشێوازێكی دیكە بەنزیکەی ٪‏88 لەسەدا ھەشتا و ھەشتی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، ئەوانەن کە پارتی نین.

خۆئەگەر تەنھا بەژمارە قسە بکەین ئەوا بەگوێرەی ئاماری دەستەی ئاماری هەرێم، ژمارەی دانیشتوانی هەرێم  بۆ هەڵبژاردنی 30ی ئەیلولی 2018 پەرلەمانی كوردستان(5.577.815) پێنج ملیۆن و پێنج سەد و حەفتاو حەوت هەزارو هەشت سەدو پانزە كەس بوە لەو ژمارەیەش ( 3,088,642) سێ ملیۆن و هەشتاو هەشت هەزار و شەش سەدو چل و دو كەس مافی دەنگدانیان هەبوە و لەناو ئەو ژمارەیەش پارتی تەنھا 686070  شەش سەد و ھەشتا و شەش ھەزار و حەفتا دەنگی بەدەستهێناوە.

خۆ ئەگەر کورسیەکانیش بکەین بە پێوەر،ئەوا قورسایی پارتی ھەر لە یەک پارێزگادا چڕ دەبێتەوە. کەچی وێڕاش بەو ڕێژەیە و بەو واقعەش، پشکی سەروی فیفتی بەفیفتی بردوە و حکومی ملیۆنان و ھەمو کوردستان دەکات و زوزوش بە ھاوتا سەربازی و ئەمنیە کوردیەکەشی دەڵێت: سەردەمی فیفتی بە فیفتی بەسەرچوە، ئەوە لەکاتێکدا بەکردار، پشک و بەرکەتە و دەسەڵات و ھاوبەشێتیە ڕاستەقینەکانی ئەوی، بۆ کەمتر لەشایستەیی ھەڵبژاردنیش ھێناوەتە خوارەوە، ئەوە ڕێک وەک ئەوە وایە کە «قانع» لە «ماڵ بەشکردن لەگەڵ براکەم»دا باسی دەکات!


AM:10:12:09/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 3160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی