ھەرێم بۆ لە ھەموارەکە دەترسێ؟

‌سلێمان عەبدوڵا یونس

زۆربەی هەرە زۆری لایەنە سیاسیەکانی عیراق، بە عەرەب و کورد و هەمو پێکهاتەکانی دیکەوە بێ جیاوازی، تێبینی و رەخنەی خۆیان لە دەستور هەیە و پێشتریش و لەزۆر بۆنەدا بە ئاشکرا باسیان لێوە کردوە، بۆیە ئیدی ھەموارکردنەوەی دەستوری عیراق بوە بەداخوازیەکی بەرفراوانی میللی و سیاسی و لایەنە سەرەکیەکانی عیراقیش «بە ھەرێمی کوردستانیشەوە» لیژنەیەکی پەرلەمانی باڵادەستیان لەسەر ئاستی سەرۆکی فراکسیۆنەکان بۆ دروستکردوە، کە نوێنەرایەتی کوتلە سیاسیە گەورەکانی عیراق و پارتی و یەکێتی و گۆڕانیش تیایدا ئەندامن.
ئەمە وێڕای بونی سەرۆک کۆمار کە دەکرێت وەک سەرچاوەی دڵنیایی بۆ ھەرێمی کوردستان سەیر بکرێت.

ھەرچەندە باسی سەرۆک کۆمار لە هەموارکردنی دەستووریش لە چوارچێوەی ئەو واقیعە تازەیەدایە کە لەعیراق بەهۆی ناڕەزایەتی هاوڵاتیان و داواکاری خۆپیشاندەران هاتوەتە کایەوە، بەڵام وێڕاش دەزانین کە سەرۆک کۆمار یەکێک لە ئەرکە سەرەکیەکانی پارێزگاری دەستورە، و خۆیشی پێیوایەو زۆرجاریش جەخت دەکاتەوە کە هەر هەنگاوێک بە ئاراستەی هەموارکردنی دەستوور، دەبێ بە میکانیزمی دەستوری و دیموکراسی و لەبەرچاوگرتنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتەکان بێت.

لەڕاستیدا، داواکاری بۆ هەمواری دەستوور، لەم قۆناغەدا، زادەی ئەو واقیعەیە کە هاتۆتە ئاراوە، بەهۆی شکستی جۆری حوکمڕانی، بڵاوبونەوەی گەندەڵی، بێ توانایی حکومەت لە خزمەتکردنی خەڵک و دابینکردنی دیموکراسیەکی راستەقینە کە سەرەتاکەی بەھەڵبژاردنی پاک دەستپێبکات.

بۆیە لێرەوە بۆمن کەمێک سەیربو، کەلەیەکەم کاردانەوەدا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەجۆرێک لە جۆرەکان دژایەتی ھەرێمی کوردستانی نیشاندا سەبارەت بەو ھەموارە. ھەرچەندە ڕۆژێک دوای ئەوە سەرۆکی ھەرێم، ئەو دژایەتی و ترسە پێشوەختانەی ھەرێمی کوردستانی بەشێوازێکی زیرەکانە داپۆشی و ھەڵوێستێکی واقعیتری خستەڕوو.

ترسی حکومەتی ھەرێم رەنگە لەشوێنێکدا لە جێگای خۆیدایەتی، بەڵام ئێستا بابەتەکە لە دەربڕینی ترسی پێشوەختە تێپەڕیوە. بۆیە باشتربو وەک ئەوەی سەرۆکی ھەرێم ھات و بە وریاییەوە ئەو ترسەی ھەرێمی داپۆشی، حکومەتیش لانیکەم پەرچەکردارەکەی کەمێک پڕاگماتیکیانە بوایە، چونکە ھەمواری دەستور، ئیدی دیفاکتۆیە و شتێکە حەتمەن روودەدات و پێویستی بە ئامادەسازی ھەیە و دژایەتی و ڕەتکردنەوەی کتوپڕ بەقازانج و لە دەسەڵاتی ھەرێمێکی ھەتا ئەندازەیەک دولەت نیە.

لێرەدا ئەگەر ھەرێمی کوردستان، بەشێوەیەکی ژیرانە ئامادەسازی بکات بۆ ھەموارکردنی دەستور، ئەوە بێگومان دەکرێت لەدوای 14 ساڵ ببێتە دوەمین دەرفەتی دەستوری گرنگ بۆ ھەرێمی کوردستان، ھەتا لەڕێگەی ناردنی نوێنەرایەتیەکی نەوعی و بەھێزەوە، کەموکورتی و گیروگرفتە ڕاستەقینەکانی ناو دەستور، کە لەزۆر جومگە و جێگاوە، یەخەی ماف و سەروەری و ئاستی دەسەڵاتدارێتی ھەرێمی کوردستانی گرتوە، بەگوێرەی ڕێکارە یاسایی و ڕێوشوێنە دەستوریە گونجاوەکان، چارەسەر بکرێن. بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ھەرێمی کوردستان دەرفەتی ئامادەسازی ڕاستەقینە و ھاتنەمەیدانی واقعی دەستوبرد لەدەستبدات، ئەوا ڕەنگە بەشێکی زۆر لەدەسەڵات و ماف و واقعەکانی ئێستا و سەروەری ھەرێم لەبەردەم لەقاڵبدانێکی نوێی کەمەرشکێنی دەستوری تازەدا لە مەترسی ڕاستەقینەدابن.

پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئێستا سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان دەکات و پێشوتریش بەھۆکاری جێبەجێنەبون و بونی کێشەی دەستوری لە عێراق، سەرکردایەتی ڕیفراندەمی ھەرێمی کوردستانی کرد، لەبەردەم بەرپرسیارێتیەکی گەورەدایە و ئەرک و بەرپرسیارێتی یەکەمی کەوتنەوەی قازانج و زیانەکانی ھەمواری دەستور، لەئەستۆی ئەودایە، بۆیە گرنگە بەخێرایی لەگەڵ لایەنە سەرەکیەکانی ھەرێم، بەتایبەت لەگەڵ یەکێتی کە سەرۆک کۆمار لەپشکی ئەوە، بکەوێتە پلانسازی و ئاسەوارە نێگەتیڤەکان، کە بەھۆی ھەژمونخوازیەکی حزبی زەردەوە، کەوتونەتە نێوان خۆی و یەکێتی بسڕێتەوە ھەتا یۆتۆپیای تاکلایەنەی حکومەتێکی بەھێز بۆ کردەی دەستەجەمعی ھەرێمێکی بەواقعی بەھێز لەسۆنگەی سازانێکی نیشتیماندا بگوازێتەوە .

لەڕاستیدا زەمانەتی ھەرێم لە پرسی ھەموارکردنی دەستور، پەیوەندی بەزەمانەتی نێوان یەکێتی و پارتی و ئەندازەی یەک تیمی کورد و یەک دیسکۆڕسی یەکێتی و پارتیەوە ھەیە لە بەغدا و ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە و جیھان، بێگومان کتومت بە پێچەوانەی واقعی پەرتەوازەیی ئێستا، چونکە بەیەکدەنی ھەولێر و سلێمانی و 3 پارێزگا «کە ئێستا چوارین» دەتوانرێت ڕەزامەندی یان ڤیتۆ بخرێتە سەر ھەر بڕگەیەکی پێشنیارکراو بۆ ھەموار لەدەستوری عێراق.

ئەوەش مانای دڵنیایی ئەو گرنتییەیە کە ھەرێمی کوردستان بەیەکگرتویی نەک توانای ھەیە بەرگری لە مافە دەستوریە چەسپاوەکانی ئێستای بکات، بەڵکو توانای ھەیە کێشە و گرفتە ڕاستەقینەکانی ناو دەستور، سەبارەت بە مادەی 140، شایستە داراییەکان، مافی سەروەرێتی ھەرێم بەسەر سنورەکان، ناسنامە و ماف و شایستە دارایی و سەربازیەکانی ھێزی پێشمەرگە، نوێنەرایەتی و پەیوەندیە دیپڵۆماسیەکان لە ئاستی دەرەکی و پشک و بەرکەوتەکانی ھەرێم لە سێ سەرۆکایەتیەکەی عێراق بەڕونی لەدەستوری نوێدا دابڕێژێتەوە.

بەپێچەوانەشەوە و بە خوێندنەوەی ئەو واقعەی کە ئێستا لەئارادایە و بەناسینی ئەو عەقڵیەت و ھەژمونەی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی و لەنێوانی ھەردوکیشاندا گۆڕان، لەھەمبەر یەکتری گروتیانەتەبەر، ئاماژەی ئەوەدەدەن کە ئەگەر زوبەزو چارەی ناکۆکی و پەرتەوازەیی ناوماڵی خۆمان نەکەین، ئەوا لە ئەگەری ھەر ھەموارێکی دەستوریدا، دەسکەوتە کوردیەکان لەسەر بنەمای ھەرێمێکی نەتەوەیی، لەبەردەم پاشەکشە و وردوخاشبونێکی گورچکبڕدا.

ڕاستە ئەم خۆپیشاندانانەی عیراق دەریان خست کە عیراق پێویستی بە چارەسەرێکی بنەڕەتی هەیە و لەبەرامبەریشدا ھەرێم بەمە خۆشحاڵ دەرکەوت، بەڵام بیریشمان نەچێت ڕاستە بۆ قەوارەی ھەرێمی کوردستان ڕوبارێک خوێننبەخشراوە، خۆ بەڵام سیستمی حوکمڕانی کوردستانیش، بە ھەمان ئەندازەی عێراق و زیاتریش، کێشەی بنەڕەتی ھەیە، بۆیە ئەوەی لە تەحریر و گۆڕەپانەکانی دیکەی عێراقدا ئێستا ڕودەدات زۆر لەگۆڕەپانەکانی ھەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکەی ھەرێم بەدور نیە. ڕەنگە دەسەڵاتدارانی ھەرێم حەزی پێ نەکەن بەڵام بەدەر لەخواستی خۆمان قەدەرمانە دیسان لەگەڵ عێراق لەناو چارەیەکی ھاوبەشداین.

بەکورتی ئەگەر یەکێتی و پارتی زووبەزوو پێکەوە نەکەونەخۆ و فۆڕۆمەلیزەی ھەرێمەکە لەسەر بنەمای ھاوسەنگی دوقۆڵی و شەراکەتی ڕاستەقینەی مەلموس، بەسازان و ڕێکەوتنێکی نوێی ستراتیژی، لەپێناو خاک و بەقازانجی خەڵکی ھەرێمی کوردستان نەکەنەوە ئەوا ئەوەی لە 16 ئۆکتۆبەر بە بیانگەی ڕیفراندەمەوە عێراق لەبندەستی دەرھێناین، ئەوا ئەمجارە بەھۆی ھەمواری دەستوریەوە دەسکەوتی ھەرێمە نیمچەسەربەخۆکەمان، لەچوارچێوەی ئۆتۆنۆمیەکی شکڵیدا لەقاڵب دەدرێتەوە، خۆ بەپێچەوانەشەوە لە سۆنگەی سازان و یەکڕیزی و تەبایدا دەتوانین هەموارکردنەوەی دەستور بکەینە دەرفەتێک و ئاستی دەسکەوتە دەستوریەکان لە فیدڕاڵیەوە بۆ کۆنفیدڕاڵی بگۆڕین.


AM:09:15:01/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 2176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی