رێككەوتنەوە لەگەڵ پارتی!

‌سلێمان عەبدوڵا یونس

جارێكی تر دەنگۆی ڕێككەوتنەوەی یەكێتی و پارتی بووەوە بەڕۆژەڤ و دوای ئەوەی (یەكێتی) ڕەشنوسی پڕۆژەی ڕێككەوتنەوەیەكی بۆ نۆژەنكردنەوەی (ڕێككەوتنی ستراتیجی ) لەگەڵ پارتی ئامادەكردو پڕۆژەكەش دوێنێ خرایە بەردەم مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی.

ئەم ڕێككەوتنەوەیە ئەگەر ئاوا سەربگرێت، قاعیدەی یەكێتی تووشی شۆك و سەركردایەتی گۆڕانیش توشی نائومێدیەكی قوڵ دەكات، چونكە ڕێككەوتنێكی ئاوەها لەكاتێكدا دێت، كەهەمان سەركردایەتی، لەلایەكەوە سەقفی چاوەڕوانی یەكێتیەكانی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ گۆڕان، هەتا ئەندازەی یەكگرتنەوە بەرزكردۆتەوەو لەلایەكی تریشەوە بەڵێنی كۆنكرێتی بەتەنیا نەمانەوەی گۆڕانیشی، بەسەركردایەتی ئەو بزوتنەوەیە داوە.

یەكێتی پێش ئەوەی لەگەڵ پارتی باسی ڕێككەوتنەوە بكات، پێویستە سێ هەنگاوی حەیاتی بهاوێژێت كەئەوانیش بریتین لە: ـ (ڕێككەوتنی نێوان باڵەكانی خۆی بۆبەڕێوەبردنی یەكێتی)و (ڕێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان بۆ بەڕێوەبردنی سلێمانی)و دواجاریش (یەكخستنی گوتاری سیاسی ئەم دیوی دێگەڵە) سەبارەت بەپرسەكانی (سەرۆكایەتی) و (سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێم)و (دەستوور) و (نەوت) و (داهات) و (حكومەت و خزمەتگوزاریەكانی خەڵك) و(پەیوەندیەكان و ڕاپرسی).

بێگومان ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی پێویستە، چونكە ئەو ڕێككەوتنە كوردستان دەباتەوە بەردەم سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون. بەڵام پێشمەرجەكانی سەركەوتنی ئەم ڕێككەوتنە، بەڕەهایی بەستراوەتەوە بەڕێكخستنەوەی ناو ماڵی یەكێتی خۆی و بەڕێككەوتنی (ماڵە ڕێكخراوەكەی یەكێتی) لەگەڵ (گۆڕان) و هی هەردووكیشیان لەسەر سیاسەت و هەڵوێستی یەكگرتووی، ئەم دیوی دێگەڵە!


PM:12:29:14/01/2016

ئه‌م بابه‌ته 3710 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی