((پارادۆکس لە دەربڕینماندا...))

‌د.ڕەنجدەر قەرەداغی

لە بەشی ڕاوێژکاری نەو نەخۆشخانەیەی کاری لێدەکەم، نەخۆشێکی بەڕێز سەردانی کردم کە پێشتر کێشەیەکی لە پێستی سەریدا هەبووبوو.

دوای سەلام و بەخێرهاتن، کەوتینە باسی ئەوەی چیەتی و بۆچی هاتووە؟ 

ووتی دکتۆر ئەمە پەنجا جارە بێم، ئینجا بە عیلاجەکان خراپتر بووم باشتر نەبووم...نازانم بۆ ئەم کێشەیەی من حەل نابێ! 

ووتم ئاخر چۆن پەنجا جار؟ خۆ هەموو هەفتەیەکیش جارێک هاتبی ئەبێ تۆ هەر بەڕێی ئێرەوە بووبێتی! 

دەستی کرد بە پێکەنین و ووتی نەوەڵا پەنجا نا بەڵام بەڕاستی وابزانم دوو بۆ سێ جار هاتووم..

ووتم ئێ زۆر باشە ئەمەیان مەعقوولە..

ووتم باشە ئەخیر جار کەی هاتووی؟

ووتی دوو ساڵ پێش ئیستە!

ووتم جا خۆ تۆ وا دەست پێکرد وامزانی دوێنێ لێرەبووی!!

دیسان پێکەنی و مناڵێکی بچووکی هێنابوو لەگەڵ خۆی، دەسێکی بۆ درێژ کردوو ووتی ئەو مناڵەمان هێشتا لە دایک نەبووبوو کە هاتووم...!

ئینجا هاتینە سەر باسی ئەوەی چەند ئیسفادەی لە دەرمانەکان کردووە کاتی خۆی ...

ووتی وەڵا حەزەکەم هەر گولاجم بۆ بنووسیت کرێمم ناوێ، چونکە جاری پێشوو بە گولاجەکان یەکاو یەک فەرقم کرد...!

ووتم ئەی خۆ تۆ ئەڵێی خراپتربووم باشتر نەبووم؟

دیسان پێکەنی و ووتی کورە دەچووزانم....

جا ئیمە وەک پزیشک ڕۆژانە ئەم حاڵەتە ئەبینین، زۆربەی جارەکان نەخۆش یان هاوەڵی نەخۆش موبالەغە ئەکات لە پێدانی زانیاریی کە حاڵەتەکە خراپتر و چارەسەرەکە لاواز و بێ سوود دەرەخات. دیارە ئێمە لەمە تێدەگەین، هەندێ نەخۆش پێی وایە ئەگەر ئاوا خراپ باسی شتەکان بکات ئەوکاتە پزیشکەکە زیاتر بایەخی پێئەدات. 

نەخۆشی ئێمە ترسی هەیە لەوەی پزیشک پشتگوێی بخات و جوان گوێی لێنەگرێ. ئەم ترسە ڕەگێکی درێژی هەیەو لەخۆوە دروست نەبووە. لێرەو لەوێ پزیشکی کەمتەرخەمیش هەر هەبووەو هەر ئەشبێت. بەڵام خۆشبەختانە ئێستا زۆرینەی پزیشکان بە سەبرو ئارامن لەگەڵ نەخۆش و هاوەڵی نەخۆش و پەیوەندی نێوانیان تادێ ڕێکخراوترو ڕاشکاوانە تر ئەبێت.
 
جا  لەڕاستیدا هەندێجار ئەم جۆرە موبالەغانە پزیشک دەخەنە هەڵەوەو سەری لێدەشێوێنن. بۆیە زۆر پێویستە نەخۆش بەئەندازەی حاڵەتەکە قوورسایی شتەکان پیشانی پزیشکەکەی بدات و کێشەکە وەک خۆی وێنا بکات.

هەستی پشتگوێخستن گرێیەکی دەروونیی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتیە، ترسی بەردەوام لە وەرنەگرتنی ماف و لەدەستچوونی هەمیشە ختوورەی دڵی تاکەکانێتی. ئەم ترسە لە کاردانەوادە دەرئەنجام جۆرێک لە ئایدیای بەرهەم هێناوە کە دەبێ هەمیشە دەنگ هەڵبڕی، چاوت زەقکەیتەوە، دیقەت بدەیت و لەسەر هێڵ بی نەبا نۆرەبڕیت لێبکرێ، نەبا پێشتکەون، نەبا پەیامەکەت وەک خۆی نەگات. جا لە کۆمەڵگایەکدا کە هەمووان پێکەوە قسە دەکەن و کەمترین گوێگر بوونی هەیە، ژاوەژاوێکی کۆمەڵایەتی لە ساتی دانیشتن و گفتوگۆو دانووستاندنەکاندا هەیە. هەمووان دەیانەوێ قسەکەرێکی باش بن، کەس لای مەتڵەب نیە گوێکرێکی بە ئارام بێت. ووردتر بیڵێم، کەمن ئەوانەی دەیانەوێ تێبگەن، زۆرینە دەیەوێ بوونی خۆی لەڕێی دەربڕین و دانیشتن و دەمە تەقێیەکانەوە بسەلمێنێ. بۆیە دەبینی ئێمە زۆر بێ حەوسەڵەین بەرامبەر خوێندنەوەی کتێبەکان، ڕۆژنامەکان، گۆڤارەکان، تەنانەت توانای ستارگرتنمان نیە بۆ دانیشتن بەدیار سیمفۆنیایەکەوە. 


AM:10:36:03/12/2022

ئه‌م بابه‌ته 1064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی