بە یەک ئیرادە و یەک گوتاری کوردستانی شاڵاوی بێهودەکردن و بێمتمانەکردنی جەماوەر ڕادەگیرێت
کاوە محمود
پەیوەندی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەوپەڕی ئاڵۆزبووندایە. دامەزراندنی حکوومەتی نوێی سوودانی و ڕێککەوتنی نێوان هەردوو سەرۆک وەزیرانی عێڕاق و کوردستان و تەنانەت خودی ئەو ڕێککەوتننامانەی پەیوەندی بە دامەزراندنی حکوومەتی عێڕاقەوە هەبوو، توانای چارەسەرکردن کێشەکانی نەبوو. دوای بڕیاردانی لێژنەی تەحکیم لە پاریس سەبارەت بە نەوت و قایلبوونی حکوومەتی هەرێم بەناچاری و بڕیاڕدانی یاسای بودجە بەو گرفتانەی، کە تیایدایە، تێکڕای ئەم بابەتانە بە ڕوونی دەسەڵات و شکۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لاواز کرد و، کار لەم ڕادەیە نەوەستا و خودی یاسای بودجە لە جێبەجێکردندا لێکدانەوەی دیکەی لەلایەن دەسەڵات لە بەغداوە بۆ دەکرێت، تا کار گەیشتە ناردنی کەمتر لە نیوەی پشکی هەرێمی کوردستان وەک قەرز و لە دوا هەنگاویشدا بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ناردنی بڕی ٧٠٠ ملیار دینار بە قەرز و بۆ تەنیا ٣ مانگ. بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرەڕای ئەوەی دابینکردنی تەواوی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵکوو لە ناوخۆیدا چەندین گرفتی ئاڵۆزی هەڵگرتووە، وەک ئەوەی هەر لە بڕیارەکەدا و لە ئێستاوە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زەنگی بڕینی شایستە داراییەکانی ساڵی داهاتووی هەرێمی کوردستان لێ دەدات، لەکاتێکدا بڕیاری پێدانی قەرزەکە لەسەر بنەمای بە بارمتەگرتنی شایستە داراییەکانی ٢٠٢٤ی هەرێمی کوردستان داڕێژراوە. ئەو بڕیارە، لەوپەڕیدا ڕێککەوتنێکی کاتییە و چارەسەری ڕیشەیی نییە و ناکرێت وەک دەستکەوت و موژدەیش بە خەڵک بفرۆشرێتەوە. ئەم ڕەوشە هاوکاتە لەگەڵ هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان، کە هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی بەپلەی یەکەم بۆ بڕیاری سیاسی عێڕاق و هۆکاری دووەمیش بۆ هەڵوێستی تورکیا دەگەڕێتەوە.
بە بۆچوونی حزبمان هۆکاری سەرەکی ئەم ڕەوشە سیاسییەی درووستبووە بۆ چەندین خاڵ دەگەڕێتەوە:
ــ باوەڕنەبوونی بەغدا بە چەمکی فیدڕاڵی و کارکردن بۆ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی ناوەندی ڕەها. ئەم ئاڕاستەیە لە سەرجەم بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێڕاق و دادگای ئیتحادی و کاری تەکنیکی حکوومەتی بەغدا و هەر هەموویانیش کە لەژێر کارتێکردنی بڕیارەکانی (دەوڵەتی قوڵ)دان، ڕەنگی دایەوە.
ــ گۆڕانکاری لە هاوسەنگی هێز لە نێوان لایەنە عێڕاقییەکان بە سوننە و شیعەوە بەرانبەر هێزی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی هێزی عێڕاقی، بە جۆرێک هاوسەنگی 2003، کە دەسەڵاتی بەعس ڕووخا جیاوازە لە هاوسەنگی 2023، کە تیایدا نوێنەرانی هێزە کوردستانییەکان لە بەغدا، نەک تەنیا خاوەنی هەڵوێست و گوتاری یەکگرتوو نین، بەڵکو بە توندی ناکۆکی و ململانێیەکانیان لە بەغدا ئەنجام دەدەن، جگە لە زیادبوونی ململانێیەکانی ئەم دوو حزبەی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان و، ئەو شکستییانەی دووچاری حکوومەتی هەرێم لە بواری بەڕێوەبردنی حکوومەت و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک بەرجەستەبووە.
ــ دابەشبوونی دوو لایەنی کوردستانی پارتی و یەکێتی لە ژێر کارتێکردنی تورکیا و ئێران، کە دووەمیان بەتەواوی کۆنتڕۆڵی ژیانی سیاسیی و هێزەکانی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی شیعەی کردووە.
ــ بوونی دەوڵەتی عێڕاق بە گۆڕەپانی ململانێ نێوان ئەمریکا و ئێران، و کارکردنی ئێران بۆ بنیاتنانی هیلالی شیعی و کارکردنی ئەمەریکاش بۆ بچڕاندنی ئەو ڕێگایە، کە لە ئێرانەوە بۆ عێڕاق و سوریا و لوبنان دەگات و، ئەمەش هەڕەشەیە لە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا لە سوریا و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل.
هاوکات لەگەڵ ئەم خاڵانەدا ئاڵۆزبوونی تابلۆی سیاسیی لە ڕەوشی سیاسیی کەرکووک ڕەنگی دایەوە و، سەرکوتکردنی کوردستانیانی کەرکووک و شەهیدبوونی چوار لاوی کورد و گرتن و داپڵۆسین لە گەڕەکە کوردنشینەکان و پیلانگێڕان بۆ درووستکردنی پێکدادانی نەتەوەیی لەلایەکەوە بەشێکە لە بەردەوامبوونی سیاسەتی تەعریب و فەرامۆشکردنی ماددەی 140ی دەستوور و، لەلایەکی دیکەوە بەشێکە لە هەمان ئەو پیلانەی کە کار بۆ شەڕ نێوان کورد عەرەب لە دێرەزور دەکات و لەلایەن حکوومەتی سوریا و میلشیاکانی ئێران لە سوریا ئەنجام دەدرێت.
لە لایەکی دیکەوە، ڕەوشی ژیانی خەڵک لە کوردستاندا بە هۆی دابەشنەکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ ماوەی دوو مانگ ئێجگار دژوارە و، ئەمەش لەلایەکەوە فشاری سیاسییە لە لایەن بەغداوە و بەشێکە لە سزای ئابووری و کارکردن بۆ گەڕانەوە بۆ دەوڵەتی مەرکەزی ڕەها و، لەلایەکی دیکەوە ئاکامێکی لۆجیکی سیاسەتەکانی حکوومەتی هەرێمە، کە تا ئێستا ئامادەنییە پێداچوونەوەیەک بکات بە سیاسەتەکانی لە بواری ئابووری و پاکتاوکردنی کەرتی گشتی و واڵاکردنی سەرجەم چالاکی ئابووری لە بواری بەرهەمهێنان بە خزمەتگوزاری گشتییەوە بۆ کەرتی تایبەت، کە لەلایەن کۆمپانیاکانی حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە قۆرخکراوە. ئەم سیاسەتە لە بواری ئابووری هاوکاتە لەگەڵ نەبوونی چاکسازی لە بواری سیاسی و کارانەبوونی دەسەڵاتەکان و لاوازی دەسەڵاتی دادوەری و نەبوونی بنەماکانی حوکمڕانی باش و پێشێلکردنی ئازادییەکان و زیادبوونی ڕێژەی تاوان و پاشگەزبوونەوە لە هەندێ ئاڕاستەی مەدەنی تایبەت بە مافەکانی ژنان بە هۆی ڕازیکردنی ئیسلامی سیاسی، نموونەی ئەمەش لابردنی وشەی جێندەرە لای وەزارەتی داد لە ناونیشانی یەکەی مافی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری لەو وەزارەتە.
لە چوارچێوەی خوێندنەوەمان بۆ ئەم ڕەوشە و، بە مەبەستی ڕووبەرووبوونەوەی شاڵاوی بێهودەکردنی جەماوەری گەلی کوردستان و خولقاندنی کەشوهەوای بێمتمانەیی لە نێوانیاندا، حزبمان جەخت لەسەر ئەم خاڵانە دەکاتەوە:
ــ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ــ پشتگیریکردنی کوردستانیانی کەرکووک و دژایەتیکردنی سیاسەتی تەعریب و جەختکردنەوە لەسەر نەهێشتنی مەترسی شەڕی نەتەوەیی لەو شارە، لە ڕیگای داواکردنی لابردنی پارێزگا بە وەکالەت و کشانەوەی هێزی سوپا و حەشد لە کەرکووک و پێدانی دۆسیەی ئەمنی بە پۆلیسی ناوخۆیی شارەکە و بواردان بە کار و چالاکی سیاسیی بە هەموو لایەنەکان و سزادانی تاوانباران و بکوژانی چوار لاوی خۆپیشاندانەکان و، دادگاییکردنی ئەو پەرلەمانتارە عێراقییانەی زەمینەیان بۆ شەڕی نەتەوەیی و سوکایەتکردنیان بە کورد درووست دەکرد.
ــ جەختکردنەوە لەسەر بۆچوونمان سەبارەت بە سازدانی دیالۆگی نیشتمانی کوردستانی بۆ ئەوەی هەڵسەنگاندنێکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە شێوازی حوکمڕانی لە کوردستان و بابەتی بەشداری کوردستان لە پڕۆسەی سیاسی عێڕاق، هەبێت و، یەک ئیرادەیی و یەک گوتاری نیشتمانی کوردستانی لەم بوارەدا درووست بکرێت.
ــ درووستکردنی فشاری سیاسی مەدەنی سەبارەت بە دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی خەڵکی کوردستان و بەرپرسیاری هەردوو حکوومەتی عێڕاق و هەرێمی کوردستان سەبارەت بەم بابەتە، کە ناکرێ خەڵکی کوردستان بکرێتە بارمتەی ناکۆکییە سیاسییەکان.
ــ پێداچوونەوەی حکوومەتی هەرێم بە سیاسەتی ئابووری و هەنگاوەکانی بۆ بەتایبەتکردنی سەرجەم چالاکییە ئابوورییەکان.
ــ کارکردن بۆ گەڵاڵەکردنی دەستووری هەرێمی کوردستان و ڕاگرتنی سەرجەم ئەو سیاسەتانەی، کە ئازادییەکان و ئاراستەی مەدەنی و مافی ژنان زەوت دەکات.
AM:10:27:19/09/2023
ئهم بابهته 632
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی