ئەندازیار چۆن ئاپارتمانی خۆی خاپور دەکات؟

‌کامەران سوبحان


*پێش زیاتر لە دەساڵ لەمەوبەر، لە شاخی گۆیژە بەهۆی وەرزشی شاخەوانیەوە ناسیم. لەو رۆژە بەدواوە، لەگەڵ جیاوازی زۆری تەمەن، رێزێکی زۆر و گفتوگۆیەکی بەردەوام لە نیوانمادایە. خوێنەرێکی بە سەلیقە و پزیشکێکی میهرەبان و کەسایەتیەکی سەنگینی هەیە، لە ژیانمدا کەم کەسایەتی وا راستگۆ و خاکیم ناسیوە.

*پێش یەکترناسینەکەمان، ماوەی ساڵێک لەگەڵ نەخۆشێکماندا هاتوچۆی (نەخۆشخانەی هیوا)م دەکرد، لەگەڵ ئەوەی پزیشکی نەخۆشەکەمان نەبوو، بەردەوام دەهات و رێنمایی نەخۆشەکەی دەکردین و ورەی بەرزدەکردەوە. لەو رۆژگارەدا، نەخۆشەکانی هیوا چیرۆکی سەیری ئەو پزیشکە کەڵەگەت و شیکپۆشە دەگێڕایەوە:

+لە ئەمەریکاوە هاتوەتەوەو بە خۆڕایی لەم نەخۆشخانەیە کاردەکات!

+لە سعودیە و بریتانیا و ئەمەریکا بڕوانامەی باڵای بواری شێرپەنجەی بەدەستهێناوەو لێرە بە خۆبەخش کاردەکات!

+هەموو هەفتەیەک لە کەلارەوە دێم، د. ئەنوەر شێخە، پارەی رێگەکە و پارەی خواردنیشم دەداتێ!

+هەر جارێک لە هیوا، ئەو دەرمانەنە نەبێ کە بۆمنوسراوە، د. ئەنوەر، پارەی گیرفانی خۆیمان دەداتێ و دەڵێت بڕۆ لە دەرەوە بیکڕن!

*لە پاش ئازادی عێراق، د. ئەنوەر شیخە گەڕایەوە بۆ کوردستان، پێشتر لە ئەمەریکا پێشنیاز دەکات بۆ د.مایکڵ هیوسن بێتە کوردستان و لە شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆک، چارەسەری نەخۆشخی شێرپەنجە بکەن. د. مایکڵ، داواکەی پەسەندکرد، سەرەتا لە نەخۆشخانەی شۆڕش و پاشتر بۆیەکەمجار نەخۆشخانەی هیوایان دامەزراند، ئایا دەکرێت ئەندازیار وێرانکاریی ئاپارتمانێک بێت، کەخۆی خۆبەخشانە دروستیکردبێت؟

*لە پاش گەڕانەوەی نزیکەی 150 پزیشک، ماستەر و دیبلۆمی باڵایان لەسەر دەستی د. ئەنوەر، وەرگرتوە.

*دەیانجار، پرسیاری (هیوا)م لێکردوە، بە نیو دێڕی کورت دەیگوت: وەک منداڵەکانم خۆشمدەوێت. کاک سوبحان، خۆم ئەندازیاری بووم، ئێستا چۆم دەبمە خاپورکەری ئەو ماڵەی چارەسەری هاونیشتمانیەکانم دەکات؟!

*ئەم شەڕەی ئێستا بەم پزیشکە دانسقەیە دەیفرۆشن، شەڕێکی ناشیرینە، دژ بە مرۆڤە جوانەکانی وڵات. شەڕە دژ بەو داهێنەرانەی لەم هەرێمە بنەدەستەدا کە مەحاڵە جارێکی تر دوبارە ببنەوە!

ئەم شەڕە، شەڕێکی درێژەو سەرەتاکەی و پێش ئەنوەر شیخە دەگەڕێتەوە، پێشتر ئەم شەڕە بە دەیان کەسایەتی وەک حاجی قادری کۆیی، نالی، پیرەمێرد، ئەمین زەکی، تۆفیق وەهبی، شێرکۆ بێکەس، لەتیف هەڵمەت، عەبدوڵا پەشێو، بەختیار عەلی و مەریوان قانع فرۆشراون و دڵیانشکێنراوەو تیرۆری کەسایەتیانکراوە، هەندێکیان بێدەنگیان هەڵبژارد و هەندێکیان سەریخۆیان هەڵگرت!


AM:10:36:20/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 2468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی