ئاماژەکان

‌هیوا فایەق


هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە دۆخی حکومڕانی و سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا لە خراپترین حاڵیدایە، ڕۆژ بە ڕۆژیش هەندێک ڕووداوی دێتەسەر ئەستمە بڕوا بەوە بکەیت ڕاستەو و کەچی ڕاست دەردەچێت! هەواڵی هەڵبەستراو و حەقیقیش وا تێکەڵ بوون بە ئەستەم لە یەکتری جیا دەکرێتەوە، زۆر جاریش هەموومان دەخاتە هەڵەوە و تا ڕادەی ئەوەی خەجاڵەت بین کە بەسەرماندا تێپەڕیوە و خۆمان 
تێکەڵی ژاوەژاو کردوە.

ئەوەشی وایکردوە دیمەنەکە خراپتر ببینین ئەوەیە هەرێمی کوردستان کەوتۆتە دەست چەند خێزانێکی حیزبی کە هەموو جومگەکانیان بە قوڵی داگیرکردوە. لە ناو ئەم خێزانە حیزبیانەشدا ناکۆکی و ململانێی قوڵی ئەندامانی ناو خێزانەکان بەئاشکرا هەستی پێدەکرێت تا ڕادەی ئەوەی هەر ئەندامێکی ئەو خێزانە ناکۆکانە هێزی چەکدار و پارەی ناشەرعی  وچەند کەناڵێکی ئیعلامی خۆی هەیە تا سەرەنجام پاوەری گەورەی بۆ دروست کردون و بەرامبەر یەکدی بەکاری دەهێنن. 

ئێمەی هاوڵاتیش ئەندامانی ئەم خێزانە دەستڕۆیشتوانە لە دوو کاراکتەری جیاوازدا دەبینین: کاراکتەرێکیان لەسەر شاشە و شوێنە گشتییەکاندا نابینرێت بەڵام بکەری سەرەکی ئەم ژاوەژاو و گەندەڵی و هەڕەشەیەیە لەسەر ئازادی کە بەبەرچاوی هەمووانەوە ڕوودەدەن باوەڕیشم وایە پێوستی بە نموونە هێنانەوە نییە، پاشان شەڕی ئەندامانی ناو خێزانەکەی خۆی دەکات و جەبهەش لە ئەندامانی خێزانە ناکۆکەکانی تر دەکاتەوە، بەشوێن باشترین دەستەکەوتدا دەگەڕێت بۆ خۆی، ئەوەی بەڕەوای نازانێت بۆ ئەوانی تر، دەیەوێت  ڕەوایەتی بۆ خۆی مسۆگەر بکات و ئامادەیە خوێنی لە پێناودا بڕژێت. 

کاراکتەری دووهەمی بریتییە لە دەرکەوتنی لەناو خەڵک و سەر شاشەکاندا، ئەگەرچی ئەم کاراکتەرە بکەری سەرەکی ئەم دۆخە وێرانەیە، کەچی لەم ڕۆڵەدا دەبێتە فریادڕەس، بەرگری لە ئازادییەکان دەکات و دەستی گەندەڵکاران دەبڕێتەوە و باس لە برایەتی و هاوسەنگەری و خوێن تێکەڵ بوونی لە نێوان ئەندامانی خێزانەکەی و خێزانە ڕکابەرەکانی دەکات. 

جێگەی داخە هەتا ئەم ساتە وەختە ئەم کارەکتەرانە لە هەردوو ڕۆڵەکەدا سەرکەوتوو بوون و سوپایەکیش بەرگرییان لێدەکات. بێگومان هیچ شەرمێکیش لەناو حیزبی کوردیدا نەماوە کە هەرەمی دەستەڵات لای خێزانێک بمێنێتەوە  تا ئەو ڕادەیەی کۆمەڵە خەڵکێکیش بونەتە زمانحاڵی ئاسایی بوونی ئەم نەریتە ناشرینە. 

زۆر بەداخەوە، ئێمە زۆربەمان بەبێ ویست و ئیرادەی خۆمان، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک لە ئەندامانی ئەم خێزانە پڕ لە ناکۆکی و کێشانە بە ڕاستەوخۆیی داوامان لێبکەن، بووینەتە لایەنگریان و نوقمی ناو ئەو ناکۆکی و ململانێیەی  خۆیان کردوین و کۆمەڵگەیان بەسەر خۆیاندا دابەشکردووە، زۆربەی ئەو هەڵوێستانەی خەڵکانی دەرەوەی ئەم خێزانانە وەریدەگرن، دەچێتە خزمەت ئەجێندەی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە، ئینجا شەڕە نەهێنی و نەبینراوەکانی ناو خۆیان دێتە سەر شانۆی دیمەنە بینراوەکە و کەسانی تر ڕۆڵی یەکەمی ئەوان دەبینن و خۆشیان دەبنە بینەر، وەک ئەوەی ئەوان ئاگایان لە هیچ نەبووبێت. یان وەک ئەوەی ئەم شەڕەی بەئاشکرا دەیبینین، چاوڕێی ئەوە بکات ئەوان قسەیەکی خێری تێدا بکەن و چارەسەری بکەن! 

هەڵبەت بەرگری کردن لە ئاڕاستەیەک کە دەیەوێت دژی ئەم بێ دادی و گەندەڵییە بێت ڕەوایەتی ئەوەی تێدایە هەموومان بەرگری لێبکەین و پشتی بگرین، بەڵام هەموو ئەم کاراکتەرانە خۆیان بکەری سەرەکین و تێوەگلاون لەوەی دەگوزەرێت، بۆیە ناکرێت پشتیان پێبەسترێت و هاواری خەڵک بچێتە خزمەت ئەجێنداکانی ئەو.

من تەواو بێ هیوام لەوەی ئەم دۆخە بەرەو باشتر بڕوات، ئەوەشی هیوای بەوە هەیە ئەم نەوەیەیەی ئێستا حوکمڕانی کوردستان دەکات دەتوانێت داهاتوویەکی باشتر دروست بکات، ئەوە لە ترۆپکی بێ هیوایدا دەژی، بەڵام پێی نەزانیوە. 

پێموایە بێ هیوایی مانای خۆ بەدەستەوەدان نییە، ساتەوەختی تەقینەوەی بێ هیوایی زەمەنەکەی نادیارە، بەڵام دوور نییە ئەو ساتەوەختە لە ناو چایخانەیەکەوە بە خۆڕسکی رووبدات و هیچ ئیتیفاقێکی پێش وەختەی لەسەر نەکرابێت و کەسیش بۆ جارێکیش بەخەیاڵیدا نەهاتبێت ئابەو شێوەیە رووبدات، مێژوو نموونەی زۆری تێدایە ڕاستی ئەم فۆڕمەی تەقینەوە دەسەلمێنێت.


AM:09:42:20/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 4012 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی