شەڕی تورکیا و پەکەکەو حەقیقەتێکی تاڵ

‌لەتیف نێروەیی

بەرلەوەی حەقیقەتە تاڵەکە بخەمە ڕوو کە پەیوەستە بە سیاسەتێکی هەڵەی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و تائێستا باجی ئەو هەڵە سیاسییە دەدەین، بەرلەوە دەخوازم تەفسیرێکی هەڵە ڕاست بکەمەوە کە پەیوەستە بە هۆکاری رەتکردنەوەی شەڕی کوردو کورد.

کاتێک دەڵێین دژی شەڕی (کورد وکوردین)، مەبەستمان ئەوە نییە کە پشتگیری لە (پەکەکە) بکەین و بمانەوێ لە دژی تورکیا بجەنگین. بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە کەمەترسیەکانی  بەڵای هەموو جۆرە شەڕێک لە هەرێمەکەمان دووربخەنەوە بەشەری(تورکیاو پەکەکە) شەوە.

کاتێک دەڵێین لەجیاتی شەڕ بابیر لە بژاردەیەکی دیکە بکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و، شەڕکردن لە دژی (پەکەکە) چارەسەری کێشەکە ناکات، مەبەستمان ئەوە نییە کەلە سیاسەت و هەڵس و کەوتی (پەکەکە)ڕازین، بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە پێشتر لە هەرێمی کوردستان چەندین جار ئەزموونی شەڕمان هەیە لەگەڵ (پەکەکە)و بەهۆی شەڕەوە دۆخەکە ئاڵوزترو مەترسییەکان زیاتر دەکات و دەستی وڵاتانی ئیقلیمیش بەتایبەتی تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان فراوانترو کراوەتر دەکات، هەروەک بەو جۆرە شەڕانە نە هێزەکانی (پەکەکە ) ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان چوڵدەکەن، نە هێزەکانی سوپای تورکیاش لەو شاروشاروچکەو زنجیرە شاخ و دێهاتانەی هەرێمی کوردستان دەکشێنەوە کە لێینیشتە جێن، بەڵکو بیانوو دەدات بەدەستەوە کە هێزەکانی هەردوولا زیاتر ڕووبکەنە ناو قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، نەدەرفەتیش دەڕەخسێت کە هاوڵاتیانی دێهاتی ناوچە سنورییەکان بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

 ئیدی شەڕکردن لەپێناو چی و چما شەڕ بکەین؟.

حەقیقەتە تاڵەکە:

حەقیقەتە تاڵەکە ئەوەیە کە حزبە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی دابەشبوونیان بەسەر دوو بەرەدا و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هەڵەوە بەهێزترین کارتی هەرێمی کوردستانیان بەرامبەر بە تورکیاو پەکەکە لەدەستداوە، ئەویش کارتی نێوەندگیری هەرێم بوو لەنێوان تورکیاو (پەکەکە) کە پێشتر چەندین جارو لە درێژەی چەندین ساڵ بەهۆی نێوەندگیری هەرێمی کوردستانەوە بەتایبەتی لەسەردەستی هەڤاڵ ( مام جەلال ) ئەو دوو لایەنە ئاگربەستیان راگەیاندو پرۆسەی ئاشتی ودیموکراتی لەتورکیا هەنگاوی باشی هاوێشت کە ڕەوشەکەلە بەرژەوەندی پرسی کوردبوو لەو وڵاتە، جگە لەوە ئەو ئارامییەی کە لەو سەردەمە لەتورکیا هاتە کایەوە باندۆرێکی ئەرێنی لەسەر هەرێمی کوردستانیش هەبوو بەتایبەتی لە ناوچە سنورییەکان و ئاوەدانکردنەوەی دێهاتەکان.

 بەڵام بەداخەوە لەهەڵبژاردنەکانی پێشوتری تورکیا حزبە کوردستانییەکانی هەرێمی کوردستان بێ لایەنی خۆیان لەدەستداو بەکردەوە بونەتە بەشێک لە ململانێکانی ناوخۆی تورکیاو بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەکدا دابەش بوون،

 بەشێکیان بەڕاشکاوانە چونەتە پاڵ حزبی دادوگەشەپێدان (حزبی عەدالە) و بەشی دووەمیش بەڕاشکاوانە چونەتە پاڵ (هەدەپە) و دەستیانکرد بە بانگەشەی هەڵبژاردن بەشێوازی دەرگا بە دەرگا لەباکوری کوردستان.

 هەرچەندە لەڕووی مێژووی و سۆزی نەتەوەییەوە جیاوازی لەنێوان ئەو دوو بەرەیەدا هەبوو، بەڵام لەڕووی بابەتییەوە
ئەم هەڵوێستەی حزبەکانی هەرێمی کوردستان بەهەڵەیەکی ستراتیژی ئەژماردەکرێت، چونکە لەلایەکەوە   بێلایەنی هەرێمی کوردستانیان لەدەستداو  لەلایەکی دیکەوە ئەو کارتە بەهێزەی هەرێمیان لەدەستدا کە هەرێم ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان سوپای تورکیاو (پەکەکە ) دەگێڕا، هەروەک هەرێم ڕوڵی هەبوو لە یەکتر نزیکردنەوەی حزبی عەدالە و پەیەدە و ناوچەکە بەگشتی سەقامگیریەکی سیاسی و ئەمنی بەخۆیەوە بینیبوو.

 بۆیە گرنگە  دان بەو هەڵەیەدا بنێین و بیر لەوە بکەینەوە چؤن بتوانین ئەو هەڵەیە ڕاست بکەینەوە تاوەکو هەرێم جارێکی دیکە بتوانێت هەمان ڕۆڵی جاران بگێڕێت و نێوەندگیری لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا بکات وەکو جاران  ببێتە کارەکتەری سەرەکی دۆزینەوەی چارەسەر نەک ببێتە  بەشێک لە شەڕەکەیان،  بەمە دەتوانین مەترسیەکانی ئاگری شەڕەکە لەناو ماڵی خۆمان دووربخەینەوە.



PM:11:04:13/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 2604 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی