سەرۆکی هەرێم وەک بزوێنەری سیستەمی سیاسی

‌د. عومەر نورەدینی

لەدەوڵەت و قەوارەی سیاسی دامەزراو لەسەر بنەماکانی دیموکراسی، کە تیایدا دەسەڵاتەکان لەیەکتری جیادەکرێنەوە، سەرۆکی وڵات وەک یاساناسی دەستوری(رۆبێرت رێدسلوب)وەسفی دەکات بزوێنەری سیستەمی سیاسیە .
لەوەش زیاتر سەرۆکی هەڵبژێردراو جا لەلایەن گەلەوەبێ یان پەرلەمان بەرجەستەی سەروەری گەل و نیشتیمان دەکات ،ڕۆڵی نێوەندگیری و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوان دەسەڵات و دامەزراوەکانی دیکەی وڵات دەبینێ بەشێوەیەک شارەزایان سەرۆک بە حەکەمی یاری تۆپی پێ دەچوێنن .

بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١) ی ساڵی (٢٠٠٥) ی هەموار کراو کە سروشتێکی دەستوری هەیە ، پێگەی سەرۆکی هەرێم و ئەرک و دەسەڵاتەکانی ، چوارچێوە و ئامرازەکانی کارکردنی ، وا ڕێکخراوە سەرۆک نوێنەری باڵای گەل و هاووڵاتیانی کوردستانە، بۆ مانەوە و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان ویەکڕیزی گەل وخاکەکەی لەڕووی سیاسی و یاساییەوە بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە ئەستۆ .

وا بوو بە دووساڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمە ، لەو پێگەو دامەزراوە باڵایەوە بەشدارە لە سەرکردایەتی کردنی کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان ، ئەگەر چاوێک بەم دووساڵەی کارو چالاکی و جوڵەی سەرۆک دا بخشێنین ئەوە هەڵدێنجین کە لەڕووی جوگرافیای کارکردن و بابەت و ئامانجەکانەوە لەسەر چەند ئاست و بابەتێکی سەرەکی کاری کردووە کەبریتین لە  :

یەکەم :لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ،سەرۆکی هەرێم کاری لەسەر چەند پرسێکی تایبەت کردووە کە  لەژیانی سیاسی هەرێمدا بایەخی گەورەو ستراتیژیان  هەیە لەوانە :
* زەمیەنەسازی بۆ قۆناغی دوای هەڵبژاردنەکان و ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرەنجام گورج و چالاک بوونەوەی سیستەمی سیاسی و دەربازکردنی لە لەرزوتای پێش و پاش هەڵبژاردن .
* خاوکردنەوەی گرژی و ناکۆکیە سیاسی و حزبیەکان و پاراستنی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی و کردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی  هەرێم بە ڕەشماڵی نێشتیمانی بۆ گفتوگۆی نێوان حزب ولایەنەسیاسیەکان .
* بایەخ دانی تایبەت بە  پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی  نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان و ماف وئازادی ڕادەربڕین لەمبارەوە سوپاسنامەی پاپافرانسيس  بۆ سەرۆکی هەرێم دوای سەردانە مێژوویەکەی لەمانگی ئازاری ئەمساڵ بەڵگەیەکی مانادارە ، لەونامەیەدا  پاپا بە نێچیرڤان بارزانی دەڵێ : لێبوردەیی و شکۆمەندی و برایەتی و مرۆڤدۆستی لە گیانتایە.
* بوونی هەماهەنگی وهاریکاری لە نێوان سەرۆکایەتیەکانی هەرێم وبەرجەستەکردنی بنەمای هاوسەنگی و هاریکاری نێوان دەسەڵاتەکان .
* بەڕۆژەڤکردنەوەی بابەتی دەستور و دەست کردن بە گفتوگۆ لەبارەیەوە بەمەبەستی ئەوەی لە داهاتوودا ببینە خاوەن دەستور .
* هەیکەلبەندی نیشتیمانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە .

دووەم : لەسەر ئاستی عیراق :
* نێچیرڤان بارزانی ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو لە وەی عیراق قەیرانی پێکهینانی حکومەت لەدوای دەست لەکارکێشانەوەی عادل عبدالمهدی تێپەڕێنێ و وڵات نەخزێتە ناو گێژاوی داڕمانی دامەزراوەکان و لەبەریەک هەڵوەشانی سیستەمی سیاسی  .
* وەک سەرپەرشتی کەرو و ئاڕاستەکەری پەیوەندیەکانی هەرێم  لەگەڵ  دەسەڵاتە فیدراڵیەکان  چەندین جار سەردانی بەغدای کردوە ، بەجدی کاری کرد بۆ گەیشتنی هەولێرو بەغدا بە ڕێککەوتن و پەسەند کردنی بودجە  .
* سەبارەت بە گفتوگۆ و ئاشتەوایی نیشتیمانی لەنێوان پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەکانی عیراق بەمەبەستی  تێپەڕاندنی تائیفیەتی دابەشکەر و وێرانکەر ، جوڵەی دیبلۆماسی جۆراوجۆر و بەرهەمداری هەبووە .

سێیەم : لەسەر ئاستی دەرەکی :
* بەو ئاڕاستەیەدا سەرۆکی هەرێم لەڕێگای چەندین  سەفەری  دیبلۆماسی و دیدار ی سیاسی لەگەڵ سەرۆک و  وەزیرانی دەرەوەوگەورە بەرپرسان و دیبلۆماتکارانی وڵاتانوڕيکخراوە نێودەوڵەتیەکان هەروەها وەگەڕ خستنی ئامرازە دیبلۆماسیەکان پێگەی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستانی لەدەست ئەودڕکوداڵانە دەرهێنا کە بەهۆی سیاسەتی گەمارۆدانی دیبلۆماسی لەدەست وقاچی هەرێم ئاڵابوون و  بەچاکی ئەو پێگەیەی بووژاندەوە .
* لەفۆرمێکی نوێدا ڕاستەوخۆ مخاتەبەی ڕيکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسیایشی نێودەوڵەتی کرد، لە ١٩ی نیسانی ئەمساڵ نامەیەکی فەرمی ئاڕاستەکردن و ژمارەیەک پێشنیاروداوای سەبارەت بە دۆخی عیراق  وهەرێمی کوردستانی ڕوبەڕووکردنەوە  ، شایانی باسە بەشێک لە و پێشنیارانە خرانە ناو بڕیاری ژمارە(٢٥٧٦) ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە ٢٧ ی ئایاری ئەمساڵ لەبارەی عیراقەوە دەرچوو ، ئەمە پێشکەوتنێکی دیار بوو لە کایەی دیبلۆماسیەتی کوردستاندا کە توانرا کاریگەری ونەخشی هەبێ لە دەرکردنی بڕیاری بەهێزترین ئۆرگانی یوئێن کە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیە .

هەڵبەتا لەسەر هەرسێ ئاست بابەتی دیکە هەن کە جێگای بایەخی سەرۆکی هەرێم بوون و کاریان لەسەر کراوە بەڵام لەم وتارە هەر ئەوەندە دەرفەت هەیە  ، لەگەڵ ئەوەش دا هێشتا چاوەڕوانی زیاترلەسەرۆکی هەرێم و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەیە ، بەتایبەتی  ئەم چاوەڕوانی و تەوەقوعە لە خودی نێچیرڤان بارزانی هەیەو دەبێ ، چونکە خۆی کەسایەتیەکی سیاسی بنیاتنەر و ڕچەشکێن و روئیاگەورەیە ،  وەک حسن عەلەوی دەڵێ : هەمیشە چاوی لەبەرزیە. لەلایەکی ترەوە بزوێنەربوونی سەرۆک بۆ سیستەمی  سیاسی و بەهێزبوونی دامەزراوەی سەرۆکایەتی پەیوەندیان هەیە بە بەرژەوەندی گشتیەوە ، وەک زانای سیاسی بەناوبانگ سامۆئیل هنتنگتۆن دەڵێ : بەرژەوەندی دامەزراوەیی لەگەڵ بەرژەوەندی گشتی دەسازێ ،دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هاوجووتە لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی وڵات .
بۆئەمە دەکرێ دامەزراوەی سەرۆکایەتی بەپێی  ئامرازی گونجاو لەکاتێکی گونجاودا خۆیان لەنێوان خۆیان و بەبەشداری کەسانی شارەزا و پسپۆڕ گفتوگۆ بکەن ، لەژێر ڕۆشنایی مێژووی دووساڵەی ئەم خولەی سەرۆکایەتی هەرێم ، ڕیالیستانەو بەلەبەرچاو گرتنی  سەرچاوەکانی دەرامەت و توخمەکانی هێز و  ڕووەجیاوازەکانی واقعی هەرێمی کوردستان  نەخشەڕێگایەکی نوێ بۆ کاری داهاتوو گەڵاڵە بکەن  .


PM:07:37:09/06/2021

ئه‌م بابه‌ته 1228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی