"خەونەکەی خۆتم پیشاندە" ئێران و کێشەی گۆڕانکاری لە خۆرهەڵات

‌‌بەختيار عەلی

*ئەمە بەشی یەکەمە لە زنجیرە وتارێک

ساڵانێکی زۆرە بەڵگەنەویستێکی سیاسی زۆر ڕوون  باڵی بەسەر خۆرهەڵاتدا گرتووە. ئەویش ڕەتکردنەوەی سەرتاسەری بەشی هەرە زۆری خەڵکە بۆ ئەم ڕژێمە سیاسییانەی لە خۆرهەڵاتدا حاکمن، بەجۆرێک ڕۆشن و بێ لێڵی دەبینین هەموو ئەم سیستمانە لەسەر بنکەی جەماوەری گەورە و پتەو ڕانەوەستاون، زادەی هەڵبژاردنی ڕوون و پاک نین، شتێکی ئەوتۆ بە خەڵکەوە گرێیان نادات. نەفرەت لەم ڕژێمانە لە ئێرانەوە تا لوبنان، لە سوریاوە تا دەگاتە حاکمییەتی پارتە کوردییەکان لە کوردستانی باشوور، بۆتە بەشێکی  سروشتی و بەڵگەنەویستی ژیانی سیاسی لەم هەرێمەدا.

کێشەکە لە هیچ ڕووەیەکەوە کێشەی ئەوە نییە نوخبە و عەقڵە دیارەکانی ئەم وڵاتانە یاخود زۆرینەی جەماوەر  لە پشت ئەم سیستمانەوە بێت، بەڵکو کێشەکە نەگۆڕانی ئەم دۆخەیە بۆ زەمینەی سەرهەڵدانی ئەلتەرناتیڤ لە کایەی سیاسیدا. ڕق و توڕەیی سیاسی توێژاڵکی سەرەوەی ژیانی سیاسی دەهەژێنێت، درز لە سیستمدا دروستدەکات، بەڵام ئەوەی بیەوێت دونیا بگۆڕێت دەبێت چینێک قووڵتر ڕۆبچێت.

لە ساڵی 1984 دا لە تاران سوار تاکسییەک بووم، پیاوێکی ڕیشنی بچکۆلە لێی دەخوڕی، لەگەڵ سواربوونی تاکسییەکەدا دەستیکردە جنێودان بە ڕژێمی نوێ و سوێندی خوارد ئەم خوێنخۆرە تازانە کە جێگای شای گۆڕبەگۆڕیان گرتۆتەوە ناتوانن شەش مانگی تر لەسەر کاربن. ئەمڕۆ زیاد لە سیوهەشت ساڵ بەسەر قسەکانی ئەو شۆفێرە بچوکەدا تێدەپەڕێت و بە درێژایی ئەو کاتە، لەگەڵ هەموو لەرزینێکی پایەکانی ئەو سیستمەدا من بیر لەو قسانەدەکەمەوە، پرسیارێک هەمیشە لە خەیاڵمدا دێت و دەچێت ئەوەیە «بۆ ناڕوخێت?».  ئەم پرسیارە تەنیا بۆ ڕژێمی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران ڕاست نییە، بەڵکو بۆ هەموو دیکتاتۆرەکانی ناوچەکە ڕاستە. «بۆ عێراقییەکان نەیانتوانی خۆیان سەدام بڕوخێنن?» «بۆ ئەسەد تا ئێستا لە دیمەشق فەرمانڕەوایە?».

بە گشتی ئەو پرسیارەی لەو کاتەوە لە خەیاڵمدایە، ئەو پرسیارەیە بۆ خەڵكی ناوچەکە ناتوانن گۆڕانکاری بکەن? ئەوە پرسیارێکی سەرەکیشە لە ئێستای خۆرهەڵاتدا، هەر کارێک بکەین و بمانەوێت ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەم دونیایەی خۆمان بڕوانین ناتوانین خۆمان لەو پرسیارە بدزینەوە «بۆ ناگۆڕێت? ... بۆ ناڕوخێت?». بۆ ئەوەی شتێک بگۆڕین، سادەترین سەرەتا ئەوەیە تێبگەین بۆ نەمانتوانیوە بیگۆڕین?، بەڵام بەداخەوە هیچ وەڵامێکی سادە بۆ ئەم پرسیارە لەبەردەستدا نییە، بەجۆرێک دەتوانم بڵێم لە بەشێکی زۆری نوسینی خۆمدا لە دوای وەڵامی ئەو پرسیارەم... باوەڕیشم وایە، پشکنینی کۆمەڵگا، پشکنینی سیستمی سیاسی، بە پشکنینی ناوەوەی مرۆڤەکاندا تێدەپەڕێت.

ئەم دەوڵەتانەی لە شێوەی ئێران، عێراق یان سوریا، هەرگیز دەوڵەتی جەماوەری نەبوون. هۆکانی مانەوەیان لەوەدا نییە لای خەڵک خۆشەویستن، بەڵکو لە جێگایەکی دیکەدایە. ڕژێمی ئێرانی لە ساڵانی ڕابوردوودا، وەک دەوڵەتەکانی دیکەی ناوچەکە لە سوریا، عێراق، هەرێمی کوردستان، لوبنان تووشی ڕاتەکاندن و بومەلەرزەی زۆر توند بووە، ملیۆنان مرۆڤ بۆ گۆڕینی ڕژێم هاتوونەتە سەر شەقام، بەڵام پێشبینی شۆفێرە بچکۆلەکەی تاران کە ئێستا ڕەنگە زۆر پیر بێت یاخود لە ژیاندا نەمابێت، هێشتا نەهاتۆتەدی.

حەماسەتی شۆڕشگێڕانە، ساتی ئێجگار قەشەنگ لە مێژوودا دروستدەکات، خەڵکانی دڵگەرم لە ناکاو ساڵانێکی دوورودرێژی خەوتن و سڕبوون جێدەهێڵن و وادەردەکەون وەک لە ناکاو بووبێتنە هێزێک هەموو شت لە بن دەهێنێت. ئەم ساتە زۆرانەی حەماسەتی کورت و هەڵچوون لە پازدە ساڵی ڕابوردووی خۆرهەڵاتدا هەندێک جار لێرە و لەوێ دووبارەبوونەتەوە. سەرەتا بەو ڕاپەڕینە گەورەیەی ئێران دەستی پێکرد کە بزاڤی سەوزیان پێدەگووت.  بزاڤێک بوو لە مەلاکانەوە بۆ ڕیفۆرمی «سیستمی مەلاکان». بزاڤێک ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەی ئێجگار گەورەی بەرەڵاکرد، بێئەوەی لە ڕاستیدا ڕوون بێت ئەم وزە شۆڕشگێڕە چی دیکە دروستدەکات، چ ئێرانێکی جیاواز دەخولقێنێت. ناڕوونیەک وایکرد دواجار بزاوتەکە لە جێگایەکدا بوەستێت و جازبییەتی نەمێنێت. ئەوانەی شۆڕشگێری مەوسمین یان کێشەی زۆر قووڵیان لەگەڵ کۆی بونیادی فیکری و ئەخلاقی سیستمەکەدا نییە، زوو لە جێگایەکدا دەوەستن.

لەو ساتەوە تا ئەندازەیەک ناکۆکییەکی قووڵ لە هەناوی هەموو بزاوتە شۆڕشگێڕییەکانی خۆرهەڵاتدا ئاشکرادەبێت، ناکۆکییەک لە نێوان «دڵێکی شۆڕشگێڕ» ـی پڕ و عاشقانە، دڵێکی پڕ لە حەماسی بێسنووری شۆڕش، گەروویەک دەتوانێت تا قووڵایی ئاسمان نەعرەتە بکات، بەرامبەر بە «عەقڵێکی شۆڕشگێڕ» کە ناتوانێت بیربکاتەوە، ناتوانێت مۆدێلێکی ئەلتەرناتیڤ دروستبکات، نایەوێت لە ئاستێکی تیوریی و عەقڵانیدا کێشەکان بخوێنێتەوە. واتە ناتوانێت لە «دڵێکی شۆڕشگێرەوە» بەرەو «عەقڵێکی شۆڕشگێڕ» بگوازێتەوە، ناتوانێت لە حەماسەتەوە بەرەو داڕشتنی مۆدێلێکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی نوێ هەنگاو بنێت. بەجۆرێک دەتوانم بڵێم هۆیەکی سەرەکی نەهاتنەدی خەونی شۆفێرە بچوکەکەی تاران لە ناو خودی خەونەکەدایە، لە ناو چەقبەستن و بەرزڕاگرتنی ئومێددایە، بێئەوەی ئەم هەنگاوە بتوانێت  لە بەرزڕاگرتنی حەماسەت و دڵگرمییەوە بەرەو شتێکی دی بپەڕێتەوە. هەموو دڵێکی شۆڕشگێڕ تەنیا تا ماوەیەکی دەتوانێت توند و بەرز لێبدات، ئەگەر عەقڵێکی شۆڕشگێڕ، ئەگەر ئەلتەرناتیڤسازێکی ڕادیکال کارەکانی بۆ تەواو نەکات. ئەوەی دەتوانێت شۆڕش دروستبکات عەقڵە نەوەک دڵ، بیرکردنەوەیە نەوەک ئومێدی تاک و تەنیا.

شۆڕش پرۆسەیەکی دوو دیوە، بەدیوکدا ئەکتی بەرەنگاربوونەوەی دەزگاکانی دەوڵەت و ئایدۆلۆژیا و ستراتیژە سەرکووتکەرەکانێتی، بە دیوێکی دیکەشدا ئەکتی بەرەنگاربوونەوەی مرۆڤە سادەکانە بۆ بیرکردنەوەکانی خویان، سیستم شتێک نییە تەنیا لە دەرەوە هەبێت، تا بتوانین تەنیا لە دەرەوە بیڕوخێنین، سیستم شتێکە لە ناو خۆشماندا، لە هۆش و  بیرکردنەوەماندا. «بەرەنگاری» پرۆسەیەکە نێوەی لە دەرەوەیە، نیوەکەی دیکەی ڕوانینی مرۆڤە لە دۆگماکانی ناو سەری خۆی، پاککردنەوەی دەرونی خۆیەتی لە کینە و ڕاسیزم و سێکسیزم و تەسکبیری نەتەوەیی و دینی. من سیوهەشت ساڵ لە مەوبەر لە تاران لەگەڵ ئەو شۆفێرەدا کەوتمە گفتوگۆ، پیاوەکە زۆر توند و ڕوون دژ بە ئاخوندەکانی ناو دەوڵەت بوو، کێشەی لەگەڵ هەموو سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا هەبوو، بەڵام کە لێم پرسی من کوردم و بەلامەوە گرنگە بزانم ئاخۆ لەگەڵ ئەوەدایە کوردەکان مافی زۆرتریان هەبێت?  کابرا وەخت بوو لە ماشێنەکەی بمکاتە دەرەوە. شۆفێرە بچوکەکەی تاران لە دژی هەموو ئاخوندەکان بوو، بەڵام ئاخوندێکی بچوک لە ناخیدا بوو نەیدەتوانی تێیپەڕێنێت. دڵێکی شۆڕشگێری هەبوو دەیویست ڕژێمی سیاسی بگۆڕێت، بەڵام عەقڵێکی شۆڕشگێڕی نەبوو بتوانێت دونیا بگۆڕێت. سنووری گۆڕینی دونیا لای ئەو دەبوو لە سنووری خەونی خۆی تێنەپەڕێت. شۆڕش بەسەرێک وەستانە دژ بە ڕژێمی باڵادەستی سیاسی، بەسەرێکی دیش وەستانە دژ بەو بیمارییە ئایدۆلۆژیانەی ساڵانی دوورودرێژی شێواندن و سەرکوت، بە ناوی کولتوور و نەریت و نەتەوەپەروەرییەوە لە مرۆڤەکاندا سەوزیانکردوە، شۆڕش تەنیا لەسەر ئەم دوو قاچە دەوەستێت، لادانی هەر یەکێک لەم دوو پایە گەورەیە سیفەتی شۆڕش لە هەموو هەستان و  ڕاپەڕینێک دەکاتەوە. نمونەی شۆفێرەکەی تاران لە ناو هەموو نەتەوە و تایەفە و گروپە کۆمەڵایەتییەکانی خۆرهەڵاتدا هەیە.

ئەم کێشەیە تەنیا کێشەی بزاڤە شۆڕشگێڕەکانی ئێران  نییە، بەڵكو دۆخێکی سەرتاسەرییە، بە گشتی دۆخێکی جیهانییە.  سیستم هەمیشە وێنەکە وا پیشاندەدات وەک ئەوەی ئەگەری سەرهەڵدانی جێگرەوەیەکی ڕاستەقینە بوونی نەبێت، وەک هیچ ئەلتەرناتیڤێک لە ئاسۆکاندا نەبێت، یاخود جۆرە جێگرەوە و ئەلتەرناتیڤێکی دزێو دەتاشێت تا شتەکان بەو ئەلتەرناتیڤە دزێوە بپێوین ولە گەڕان بۆ ئەگەرێکی دیکە پەشیمان ببینەوە. نەبوونی ئەلتەرناتیڤ کێشەیەکی سەرتاسەرییە، لەوەوە دەست پێدەکات کە کەپیتالیزم خۆی وەک سیستمێکی بێئەلتەرناتیڤ پیشاندەدات، بەڵام ئەم بەشەی کێشەکە بەرەو جێگای دیکەمان دەبات، ئەوەی لێرەدا و لە ئێستادا گرنگە دیوە خۆرهەڵاتییەکەی گرفتەکەیە «چۆن بیسەلمێنین ئەلتەرناتیڤ هەیە و چۆن خۆمان لە جێگرەوە و ئەلتەرناتیڤی وەهمی و درۆزنانە بپارێزین?». ئەوە پرسیارێکە ئەگەر ئێستا نەیکەین خۆمان بەوە مەحکوم دەکەین، وەک کۆمیدیا مێژووی ڕابوردوو دووبارەبکەینەوە. بەهاری عەرەبی نمونەیەکی زەقی ئەو قەیرانە قووڵە بوو. لە بەهاری عەرەبیدا دۆخێکی شۆڕشگێرانە ئامادەبوو، ملیۆنەها مرۆڤ دژ بە ڕژێمەکانیان ڕاپەڕین، بەڵام ئامادەنەبوونی پڕۆژەیەکی ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینە وایکرد خەونی شۆڕش لە خۆرهەڵات شکست بهێنێت و بوێریی هەنگاوی نوێی نەبێت.

تەواوی ئەم سیستمەی ئێمە ئێستا لە ناویدا دەژین کار لەسەر ئەو هەستە دەکات گوایە ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینە بوونی نییە. زۆر جار شۆڕشگێڕەکان بە بێ ئاگای خۆیان هەمان ئەو هەستە دروستدەکەنەوە.  ڕاپەڕین و حەماسەتەکان لە دەوری کۆمەڵێک کێشە گەمارۆدەدەن، مێژوو بە ئاڕاستەیەکی ڕادیکال ناگۆڕن یاخود هەر نایگۆڕن. ئەوەی هەیە تەنیا گۆڕانکاری سنووردارن، دروشمی سنووردارن.  بۆ نمونە ئێستا هێزە ڕاپەڕیوەکانی ئێران خەریکە دەکەونە ئەو چاڵەوە، وەک کێشەکە تەنیا کێشەی پۆشاک بێت، وەک گرفتەکە لە نێوان «حیجاب» و «بێحیجاب» دا بێت، لە کاتێکدا کێشەکە لە ڕاستیدا کۆتایی هێنانە بە باڵادەستی وێنەیەک بۆ مرۆڤ، بۆ ئەخلاق، بۆ ئازادی و گۆڕینێتی بە ئاڕاستەیەکی جیاواز. ئەوەی ململانێکان بشێوێنرێن و دووبەرەیی وەهمی و ناڕاستەقینەیان لێ دروستبکرێت، ستراتیژێکە تا ئێستا لە هەموو خۆرهەڵاتدا سەرکەوتووبووە. شتەکان تا ئێستا وا وێنادەکرێن وەک ململانێ بن لە نێوان دوو هەڵبژاردندا، هەڵبژاردن «لە نێوان حیجاب و بێ حیجابدا»  « لە نێوان ڕەئیسی و مۆدێلی سەڵتەنەتیدا»  « لە نێوان ئەسەد و تیرۆریستەکانی بەرەی نوسرەدا» « لە نێوان مالیکی و موقتەدا» ... تا دوایی لەم جۆرە شێوازانەی هەڵبژاردن کە لە خۆرهەڵات گیرۆدەی بووین. بە واتایەکی تر ئەو جۆرە گووتار و ململانێیانەی کایەی سیاسی پێشکەشیاندەکات، بوونەتە ئەو بەربەستە گەورانەی ناهێڵن، شتێکی دی لەودیو تەپوتۆزی ئەم جۆرە «بژاردەگەلە»وە دەربکەوێت. لە خۆرهەڵات سیاسەت واداڕێژراوە، هەموو ئەگەرەکانی ناو مێژوو بخنکێنێت ... شۆڕشیش بریتییە لە کردنەوەی دەرگا لەسەر ئەو ئیمکانیات و شیمانە و ئەگەرانەی مێژوو دەیخاتە بەر دەستمان. کێشەکە لەوەدا نییە ئەلتەرناتیڤ بوونی نییە، لەوەدایە کایەی سیاسی و میدیا و فۆرمی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان شێوەیەکیان بدرێتی، تەواوی ئەو ئەگەرانە بشارێتەوە، بمانخاتە بەر بژاردەگەلێک دواجار هیچ شتێک لە دیوارەکانی ستەم و زنجیرە گەورەکان نەشکێنێت، شۆڕش لە چەمکێکی ڕادیکال و مۆدێرن و خولقێنەرەوە بگۆڕێت بۆ لێکەوتەیەکی کۆنزەرڤاتیڤ کە تەنیا ئەوە بەرهەم دەهێنێتەوە کە هەیە یان پێشتر هەبووە.

ترسی گەورە لە خۆرهەڵات لە نەبوونی هێزی توڕە و هەڵچوودا نییە، بەڵکو لە لادانی شۆڕشەکاندایە بەرەو لای ڕاست، لە نەبوونی ئەو هێزەدایە کە پڕۆژەی ئەلتەرناتیڤێکی مێژوویی بۆ ئەم دۆخە دابڕێژێت. خۆرهەڵات لە توڕەییدا قوڵپدەدات، بە هەر لایەکدا بڕوانین، بە هەر شارێک، بە هەر گوندێکیدا بڕۆین توڕەیی و داخ لە سیستمەکان لە لوتکەدایە، لە بەیروتەوە بۆ بەغداد، لە هەولێرەوە بۆ تاران، لە سلێمانییەوە بۆ دیمەشق، خەڵکی لە هەموو شوێنێک لە حوکمڕانەکانی خۆیان پڕ و توڕەن، ئامادەگی تەقینەوەیان تێدایە، ئەوەی گرنگە ئەم هێزانە، ئەم توڕەییە گەورەیە چی لێ دەخولقێت. هەر کات پڕۆژەیەکی شۆڕشگێڕیی گەورە بوونی نەبێت کە تەواوی ئەم پارچەپارچەبوونەی ئەمڕۆ تێبپەڕێنێت و مرۆڤەکان لە دەوری وێنەیەکی تازە بۆ ژیان و ئازادی و کۆمەڵگا کۆبکاتەوە، ئەو هێزە دەڕژێتە کەنالگەلێکەوە شتێکی کاریگەر لەم دونیا تاریکە ناگۆڕێت.

کاتێک دەرگا لەسەر شۆڕشی ڕاستەقینە دەکەوێتە سەر پشت، دەمێک ئەو خورافەتە کۆتایی بێت کە گوایە ئەلتەرناتیڤی ڕاستەقینە ناگونجێت و لەباردا نییە دروست ببێت.  بوونی ئەلتەرناتیڤ لە هیچ سیستمێکدا مەحاڵ نییە، بەڵام  بەبێ بوونی هوشیارییەک بتوانێت بە گژ ئەو وێنەیەدا بچێتەوە، پیادەکردنی دەبێت کارێکی سەخت. بەبێ بوونی هەست و پێداویستییەکی قووڵ لای تاکەکان بۆ پڕۆژەیەکی ڕادیکال، شتێک نابێت ناوی گۆڕانکاری بنچینەیی بێت. ئەلتەرناتیڤی ڕادیکال زادەی بیرکردنەوە و ئازادکردنی سروشتی مرۆڤە لە دەرەوەی چەپاندنە کولتووریی و سیاسییەکان، ئەم ئەلتەرناتیڤە خۆڕسک لەسەر شەقامەکان و لە ناو خەڵکەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکو لە پەیوەندی قووڵی فیکر و سیاسەتەوە دروستدەبێت... ئەگەرچی هەموو فیکرێک سیاسەت بە ئاقاری ئازادیدا نابات، بەڵام هەر لە بنەڕەتیشەوە سیاسەتی بێ فیکر ناتوانێت سیاسەتێکی شۆڕشگێڕانە بێت.

سروشتی هەموو بزاوتێکی سیاسی  بە سروشتی ئەو گووتارانەوە بەستراوە کە پشتی پێدەبەستێت، ئێمە تەنیا لە ڕێگای سروشتی ئەو گووتارانەوە تێدەگەین ئاخۆ سبەینێ چی دەگوزەرێت، تێدەگەین لە بەردەم شۆڕشێکی کۆنزەرڤاتیڤی بێ خەونداین یاخود لەبەردەم بزاوتێکی ڕادیکالداین کە ئازادی مرۆڤ تێیدا ئامانجی یەکەمە. ئەوەی ئێستا پێویستە پڕۆژەی ئەلتەرناتیڤێکی ڕوون و ئاشکرایە، پڕۆژەیەک مانا بدات بە حەماسەتی شۆڕشگێڕانە. هەموو شۆڕشێک بەبێ پڕۆژەیەکی سیاسی ئەلتەرناتیڤ دەرەنجامی دروستی لێ ناکەوێتەوە.  زۆرینەی خەڵكی ئێران دژ بە دەوڵەت و سیستمی فەرمانڕەوایە، بەڵام پرسیاری گەورە ئەوەیە لەم دژایەتییە دەکرێت چی شتێکی نوێ سەوز بێت، چ شتێکی نوێ بێتەدەرێ، شتێک جیاواز بێت لەوەی کە هەیە. 

«پڕۆژەیەکی سیاسی ئەلتەرناتیڤ»، بتوانێت دۆخێکی مێژوویی نوێ دروستبکات، جێگای ئەم دۆخەی ئێستا بگرێتەوە کارێکی زەبەلاحە، کارێکی فرە دیو و فرە ڕەهەندە. ئەوە پڕۆژەیەکی شەخسی نییە، پرۆگرامێکی حیزبی نییە، بەرنامەیەکی نوسراو نییە لە چەند خاڵێکدا، بەڵکو زەمینەسازییە بۆ جۆرە تێگەیشتنێکی دی لە دونیا، زەمینەسازییە بۆ مرۆڤێکی خۆرهەڵاتی نوێ. هەر کەسێک بیەوێت شۆڕش بکات، دەبێت بڵێین «خەونەکەی خۆتم پیشاندە، تا بزانم تۆ کێیت». لێرەدا سەفسەتەی پۆپۆلیستی و تێکەڵ و پێکەڵ کردنی شتەکان بە دەردی هیچ ناخوات، ئەوەی دەبێت ببینرێت، دیدگای ڕوون و تێڕوانینی قووڵە،  دیدێک تێمانبگەێنێت ئەوەی لێرەدا هاواردەکات دەیەوێت چ دونیایەک دروستبکات.

بەشی دووەمی ئەم وتارە «ئەرکی کێیە ئەلتەرناتیڤێکی ڕادیکال دابڕێژێت؟»

وێستگە ئەم وتارەی لە لاپەڕەی فەرمی  Bachtyar Ali وەرگرتووە.




PM:08:58:26/09/2022

ئه‌م بابه‌ته 984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی