لە کۆبانێوە بۆ ئێستا چیرۆکی بچوكبوونەوەی خەونەکان؟

‌ئه‌بو به‌كر كاروانی‌

لەسەر کەلی ساڵیادی ڕگارکردنی ستالینگرادی کورد، (کۆبانێ)وە، دەڕوانینە دۆخی کوردان لە نێوان ئەویکاتێ و ئێستاداو زۆر بەکورتی دەڵێین: 

ئەوی کاتێ:

١- کورد لەساتەوەختێکی مێژوویدا وەك  نەتەوەیەکی خاوەن ئیرادە خۆی بۆ جیھان نمایش دەکردو سەرقاڵی دڕاندنی وێنە مێژووییە نەمەتی و چەقبەستووەکانی خۆی بوو.

٢- خوێنی ڕۆڵەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان لە کوچەو کۆڵانەکانی کۆبانێدا تێکەڵبەیەك دەبوو. وێنای نەتەوەیەکی خاوەن ناسنامەی ھاوبەش و دابەشکراوو نەمردووی بۆ ناوەو دەرەوە دەنارد.

٣- ھەست بە سەربەرزی و شانازی نەتەوەیی و ھاوچارەنوسیی، لە دڵ و دەرونەکاندا شەپۆلی دەدا.

٤- پەرلەمانی کوردستان وێنای دەزگایەکی نەتەوەیی لە خۆی نیشاندەداو بڕیاری ناردنی ھێزی پێشمەرگەی بۆ پشتیوانی پارچەیەکی تری کوردستانی دەدا. بەوەش کوردانی ھەموو دنیا دەبوون بە دەنگدەری روحی و سەرچاوەیەکی تری ڕەوایەتی مەعنەوی ئەم دەزگایە.

٥- تورکیا مامەڵەی نیمچە دەوڵەتی لەگەڵ ھەرێمدا دەکرد. لە ساتەوەختێکی مێژوویی خەون ئامێزدا، تێپەڕین ی پێشمەرگە بە ئاڵای کوردستانەوە بەناو خاکەکەیدا، خەونی مرۆڤی کوردی ھێند گەورە دەکرد، لەخەیاڵیدا، بە پاساپۆرتی کوردستانی گەورەوە گەشتێکی خێرای مەعنەویی جیھاندا بکات.

٦- ھەرێمی کوردستان  چاوی بڕیبووە بەرز کردنەوەی داخوازییەکانی و خۆی بۆ ریفراندۆم ئامادە دەکرد. ڕۆژئاواش پانتایی چاوەروانیەکانی بۆ پاداشتدانەوەی جەنگ دژ بە تیرۆر گەورە دەکردو پارچەی چوارەمیشی بۆ کوردستان دەکرد بە واقیع و سەرگەرمی نیشتیمانسازی بوو.

٧-  بەھۆی جەنگی دژ بە داعش و ڕۆڵی گەورەی کورد تیایدا،  کورد وەك کاراکتەرێکی نادەوڵەتی و ھێزێکی بەرچاوی خۆرھەڵات دەردەکەوت و ھەولێر بوبووە سەنتەرێکی دیبلۆماسی گرنگ و دەنگ و باسی ڕۆژئاواش ڕۆژەڤی زۆر ناوەندو دام و دەزگای ڕاگەیاندنی جیھانی.

کەچی ئێستا:
١- ئەوەی بەخوێن لە جەنگی دژ بە تیرۆردا دەستمان کەوت،  بەھۆی خراپ ئیدارەدانی سیاسی و ناکۆکی نێو خۆییەوە، لە دەست درا!!. 

٢- کەوتنی داعش  بوو بەھۆی کەوتنی عەفرین و کەرکوك و زۆر شوێنی تر، وێناشمان لەبەرچاوی ھەندێ لەوانەی تا دوێنێ بە پاڵەوان وەسفیان دەکردین، لەسەربازی کرێگرتە نزیکبۆوە؟!

٣- لەجیاتی چاوبڕینە گەورەترکردنی  دەستکەوتەکان، ھەناسە بڕکێمانه بۆ لەدەست نەچوونی ئەوانەی ماون!

٤- لە جیاتی ھاوسۆزی نەتەوەیی و پشتی یەکگرتن، ھێزەکان بەرامبەر یەکتر وەستاون، لە بری یەکتر تەواو کردنی نەتەوەیی، یەکتر بڕینی نانەتەوەیی فۆرمی باڵادەست ی پەیوەندی نێوان ھێزە کاریگەرەکانە؟!

٥- ھەست بەشانازی نەتەوەیی لەناو کوردستانیانێکی بەرچاودا، جێگەی خۆی بۆ نائومێدی وخۆبە نەفرەت کردن چۆڵ کردووە..

٦- کورد لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەراست و دنیادا، ئەو سەنگ و قورساییەی جارانی لەدەست داوەو زیاد لە جارێكی 
خستمانەروو نەتەوە نین؟!

٧- پەڕلەمان دوای ئەوە، بوویەوە مەیدانی فرکان فڕکانی سیاسی عەبەسیانەو دەرگاکەی بۆ ماوەیەکی زۆر قوفڵی لێ دراو ئیرادەی ھاوڵاتیانی تێدا زیندانی کراو لە ئێستاشدا ڕۆژ بە ڕۆژ وێنای زیاتر دەشێوێنرێ و لە رەمزبوونی زۆرت خاڵی دەبێتەوە.!!

دەزانن بۆ؟ 
چونکە: بێ ھەست و ناسنامەو ئامانجی ھاوبەشین. پێش ئەوەی دوژمن بێت سەرمان و ماڵمان بڕوخێنێ، خۆمان ماڵی خۆمان دەروخێنین! هاووێنەی ئەوانەی قورئان دەربارەیان دەفەرموێت: ( يخربون بيوتهم بايديهم) بەدەستی خۆیان ماڵی خۆیان خاپورووێران دەکەن؟!

لەبەر ئەوەی ھوشیاریەکی مێژوویی ئاسۆییمان ھەیەو ئەزمونەکانمان کەڵەکە نابن و یەکتری تەواوناکەن و پچڕ پچرن!  لەبەر ئەوەی نوخبەی سیاسی و حیزبیمان بە گشتی خەیاڵی سنوردارەو بەکردەوە خەمی گەورەی نیە، ھەر ئەوەش وای کردووە، نەتوانێ لە دەست گرێ دەرونیە مێژووییەکانی ڕزگاری ببێت، لەبەردەم دەسەڵات و پارەو جنس دا، چۆك دانەداو پاکێتی و ئامانج بەرزی و شەرەفی نیشتمانی لەدەست نەدا. 

لە کۆتایدا لەبەر ئەوەی تاکو ئێستا کۆبانێ و کەرکوکی دواکەوتوویی کەسێتیمان لە بیرکردنەوەو ناخماندا، ئازاد نەکردووە. ئەوەی  لە ناخیشیدا ئازاد نەبێت، ئاسان نیە تاسەر جەنگاوەری ڕاستەقینەی ئازادی بێت.


PM:08:49:27/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی