گرێ کوێرەی داهاتوو!

‌دڵشاد ئەنوەر

گەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرێ کوێرەی ئێستای نێوان لایەنەکانی هەرێم بێت و بەئەنجامدانی هەڵبژاردن ئەم گرێ کوێرە بکرێتەوە،  ئەوا گرێیەکی تری لێک ئاڵاوتر لە پێشمانەو کردنەوەی هیچی لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمان کەمتر نییەو بگرە قورستترە.

دواخستنی هەڵبژاردن پەیوەندی بە ناکۆکی نێوان حزبەکان و بەدیاریکراوی پارتی و یەکێتییەوە هەیە، بەهۆی تەنازول نەکردنیشیان بۆ یەکتری تۆپەکە لە گۆڕەپانی دادگای فیدراڵییە، تا بڕیار لەسەر بازنەکانی هەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان بدات.

ئەو گرێ کوێرەی لە داهاتووش دێتە پێش دیسانەوە کردنەوەی قورس دەبێت و تەنازول بۆیەکتری لێنەکردنی لێدەکەوێتەوە، ئەویش گرێی پیکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمە.

کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم، وێڕای قەیرانی دارایی و خراپی دۆخی خەڵک و بۆمبارانی ئیقلیمی هەرێم و دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوس و چالاکوانان و کێشمەکێشە جیاوازەکان، بەڵام ئەوەی ئەم کابینەیەی داغانترکرد، ناکۆکی ناو خودی کابینەکە بوو، ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی بوو، بە جۆرێک ئەم دەیگوت سیر، ئەو دەیگوت پیاز.

لە ڕۆژانی دوای ڕیفراندۆم دا ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی گەیشتە ترۆپک، مەسەلەکە لە تەخوین کردنی یەکترییەوە تێپەڕی بۆ جنێوی بازاڕی دان بە یەکتری، بەڵام لەبەر ئەوەی لەناو کابینە حکومییەکەیاندا لێکتێگەشتن هەبوو ، ڕێگە نەدرا خراپی دۆخی ئەوکاتی نێوان هەردوو حزب بڕواتە ناو حکومەتەوە، بۆیە تەخوین و جنێوەکان ئاستی میدیایان تێنەپەڕاند.

دۆخی ئەم کابینەیە پێچەوانەبوو، پێنج ساڵی پڕ لە کێشمەکێش و ناکۆکی لە نێوان تیمی یەکێتی و پارتی تێپەڕێنرا، بەجۆرێک ئەمجارە ناکۆکی نێو حکومەت گواسترایەوە بۆ نێوان پارتی و یەکێتی، واتە حکومەت بووە سەرچاوەی کێشەکانی نێوان دوو حزبەکە.

بۆیە پرسیارێ جەوهەری دێتە پێشەوە، کابینەیەک وادەکەی بە شەڕە شاخ و کێشمەکێش تێپەڕاندبێ، ئایا دەتوانرێ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان گرێ کوێرەی پێکهێنانی حکومەت بەئاسانی بکرێتەوە؟ ئایا مەسرور بارزانی لە ئێستاوە بەنیازی سەرۆکایەتی حکومەتی داهاتووە لەلایەن یەکێتییەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ خواستەکەی دەکرێ یاخود چۆن دانوستان لەگەڵ یەکێتی دەکات؟ ئەی یەکێتی بەنیازی چییە؟ ئەم پرسیارانە ڕەنگە لە داهاتوودا وەڵامەکەیمان دەست بکەوێت.

بەڵام لە ئێستاوە هەندێک جوڵە دەبینین بۆنی ئەوەیان لێدێ کە بارزانی هەستی بە قورسی کردنەوەی ئەم گرێ کوێرەیە کردبێت، واتە گرێ کوێرەی قورسی دانوستانەکانی داهاتوو و پێکهێنانی حکومەت.

ئێستا دۆخەکە بەراورد بە کاتی پێکهێنانی کابینەی نۆی حکومەت گۆڕاوە، ئەوکات پارەی فرۆشی نەوت لای پارتی بوو، گۆڕان بێ حسابکردن بۆ یەکێتی هاوپەیمانێتی بەست و پشکی خۆی لە حکومەت وەرگرت، یەکێتی لاوازترو فرە جەمسەرتر بوو، بۆیە پارتی زۆر باکی بە خواستەکانی یەکێتی نەبوو، بێ حسابکردن بۆی حکومەتی پێکهێنا.

بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، یەکێتی جیاوازترە لە جاران، ئابووری لای پارتی نەماوە، دۆخی هەرێم زۆر خراپترە لە جاران، هەموو ئەمانە بێ منەتی پارتی لە داهاتوودا لاواز دەکات و کیشمەکێشی پێکهێنانی حکومەتیش قورس دەکات.

ڕەنگە تاکە ئومێدی پارتی بۆ قۆناغی داهاتوو دروستبوونی هێزگەل و لیستی تر بێت کە قورسایی هێزیان لە سلێمانی بێت، تا لەم ڕێگەوە فشار بخاتە سەر ڕکابەرەکەی و بەکاری بهێنێت تا بیباتە ژێر خواستەکانی بەتایبەت لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم دا.

بێگومان ئەم هەوڵە گرەوی لەسەر ناکرێت، چونکە هێشتا قورسایی ئەو هێز یاخود لیستانەی دروست دەبێت نادیارە و کۆمیسیۆنی عێراقیش هەڵبژاردن بەڕێوەدەبات کە لە ژێر هەژموونی دۆستەکانی یەکێتیدایە.

 بۆیە لە ئێستاوە دەبێت چاوەڕێی قورسی چۆنییەتی کردنەوە گرێ گوێرەی پێکهینانی حکومەتیی داهاتوو و ململانێی نێوان یەکێتی و مەسرور بارزانی بکەن.


PM:02:15:09/02/2024

ئه‌م بابه‌ته 1140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی