سووکبوونی حزب و حزبایەتی

‌كاوه‌ محه‌مه‌د

کە ساڵی (١٩٨٧) ئاگادارکرامەوە وەک ئەندامی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان (کۆڕەک) وەرگیراوم، خەریکبوو لە خۆشی و شانازیدا باڵ بگرم، چونکە ئەوکاتە زۆر قورس بوو کەسێک بە ئەندامی کۆمەڵە وەربگیرێت، ئەگەر لەڕووی ئاستی رۆشنبیری و دیسپلینی رێکخراوەیی و ڕەوشتی کەسەکە و نهێنیپارێزی و..تاد، تەواو نەبووبێتە شایستەی بوونە ئەندامی ئەو رێکخراوە پڕ لە وزە و کاریگەرییە..

ئەوەی ئەمەی وەبیرهێنامەوە، پەنجا و چوارەمین ساڵیادی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانە (١٩٧٠/٦/١٠) کە رێکەوتی ئەمڕۆ دەکات..

ئێستا کە بەراوردی دۆخی داوەشاو و داڕماوی ئەمڕۆی حزب و حزبایەتی بەو ساڵانەی رابردووی پڕ لەشانازی دەکەیت، بۆت دەردەکەوێت کە چۆن سنعەتەکە ڕەزیل بووە، چەندە حزبایەتی لەفیکر و رۆشنبیری و روئیای سیاسی دوورخراوەتەوە و کراوە بە بزنس و بەرژەوەندی، نەک ئەندامێتی لەحزب، بەڵکو ئەندامی مەکتەبی سیاسیش بۆتە مایەی شەرمەزاری و سووکبوونی ئەو پێگە گرنگە رێکخراوەییە.

 جاران ئەوەی لەپشت دامەزراندن و بەڕێوەبردنی حزب بوو، خەڵکە رۆشنبیر و خاوەن فیکرەکان بوون و هەر بە بەرزبوونەوەی ئاستی رۆشنبیری و دڵسۆزی بۆ بەرنامە و پرەنسیپەکانی حزبایەتیش، پێشدەکەوت و سەردەکەوت، کەچی ئێستا ئەوانەی حزب بەڕێوەدەبەن و دەبن بە خاوەن پێگەی رێکخراوەیی بەرز، بازرگانە سیاسییەکان و چەکدارە بێ مۆراڵەکان و ماستاوچییەکانی ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرسی حزبن..


PM:11:56:10/06/2024

ئه‌م بابه‌ته 556 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی