جەنابی پارێزگاری دھۆک ئەوەی لای من ئاسایی نەبوو ئەمەیە
ئەبوكاروان
ڕۆژی(٢٠٢٠/٥/١٨)پارێزگاری دھۆک لەکۆنگرەییەکی ڕۆژ نامەوانیدا، کە شڵەژانێکی زۆری پێوە دیار بوو ،وەڵامی تووندی خۆپیشاندەرانی دایەوە ، لەوێدا شەلم کوێرم ناپارێزم ،ھاتە وێزەی ھەموو لایەنەکان و یەک بەیەکیانی تۆمەتبارکرد.
لای من گرنگ نییە چیت دەربارەی کۆمەنیست و شیوعییەکان وتبێت و قەوانە کۆن و سواوەکەی دەیان ساڵەی کۆنەپەرستان و بزوتنەوەی کوردایەتی شکستخواردوت دەبارە کردبێتەوە، بەڵکو ئەوەی لای من گرنگە، جەنابت چەندین جار دووپاتت کردەوە کە گوایە ئەوانەی بەشدار بوونە لە خۆپیشاندانەکەدا زۆربەی زۆریان مامۆستا نەبوونە و لەچین و توێژەکانی ترن.
ئایا لە یادت چووە کە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ھاودەرد و ستەملێکراوی دەستی دەسەڵاتە شکستخواردوەکەی خۆت و حیزبەکەتن؟ پێدەچێت لە بیرت چووبێتەوە کە بەشێکی زۆری مووچە خۆرانی ھەرێمی کوردستان تا ئیستاش مووچەی مانگی یەکی دوو ھەزاروو بیست یان وەر نەگرتووە و ئەوە بەرەو مانگی شەشیش دەروات.
خۆ ئەو خەڵکە هەژار و کەم دەرامەتە وەک تۆنین کە تائێستاش مووچەی خانەنشینی پەرلەمانی بەغدات ھەیە و لەھەرێمی کوردستانیش مووچەیەکی زۆری پارێزگاری وەردەگریت ،ئەوجا کێ دەزانێ لە حزبەکەتیش چەند وەردەگریت و چیت دەستدەکەوێت.
دەرکەوت جەنابی پارێزگار کە ساڵانێکە ھاتووەتە سەر سفرەی حازر ،سیاسەتی نەکردوەو نامۆیە بە سیاسەتکردن ، چونکە دەبوو بیزانیایە لە سیاسەت و حزبایەتیدا ھاوبیر و ھاودیدو هاو هەڵوێست ھەیەو پێکەوە ڕووبەڕووی زوڵم و ستەم دەبنەوە و داکۆکی لە مافە ڕەواکانیان دەکەن.
بۆیە باشترە جەنابی پارێزگار بزانی لە داھاتوودا نەک ھەر مامۆستایان بەڵکو سەرجەم مووچە خۆران، بە پاسەوانی بەرپرسانیشەوە، بەو کرێکارانەش کە نێردراونەتە ماڵەوە ، بە ھەزاران دەرچووی زانکۆ وپەیمانگاکان، سەدان ھاوڵاتی بێکارو نەدار، کرێکاران و جوتیاران ، پیشەوەران و ئەوانەی لە بازاڕەکان کاردەکەن ، هەر هەموویان بەیەکگرتووی دێنە مەیدان و ڕووبەڕووی ئەم دەسەڵاتە فاشیلە دەبنەوە ،کە ناتوانێت سەرەتاترین ماف و بژێوی ژیانیان دابین بکات.
(٢٠٢٠/٥/٢٠)
AM:11:35:21/05/2020
ئهم بابهته 2476
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی