هەڵوێستی شیوعی لە یەكەمین كۆبونەوەی ریفراندۆم

‌ ئەبوكاروان



ئامادەبوانی یەكەمین كۆبونەوەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم
سڵاویكی شۆرشگیرانە ورێز وسڵاوی سەركردایەتی حزبی شیوعی بە ئێوەی بەرێز رادەگەیەنم. لەگەڵ هیوامان بۆ سەرخستنی كۆبونەوەكەمان را وبۆچونی حزبی شیوعی لەم خاڵانەدا بۆ ئێوەی بەرێز پێشكەش دەكەم:

1ـ بابەتی ریفراندۆم بۆ مافی بریاردانی چارەنوس سەرەرای ئەوەی هیچ هێزێكی نێودەوڵەتی ناتوانێ رێگەی لێبگرێت چونكە شێوازێكی دیموكراسیانەی دەربرینی ئیرادەی گەلە وتێكرای پەیاماننامە ورێكەوتننامە نێودەوڵەتییەكان دانیان پێدا ناوە، بەڵام ئاستەنگ وبەربەستی دژوار لە بەردەمی ریفراندۆمدا هەیە بەتایبەتی لە ئاستی ناوخۆیی كە لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان تا ئێستا لە روانگەی بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی مامەڵە لە گەڵ ئەم بابەتە دەكەن.

لەم هەلەمەرجەدا مەسەلەی ریفراندۆم بۆ مافی چارەنووس مەسەلەیەكی كۆمەڵگایی تێكۆشەرانەیە بەو مانەیەی كە دۆسییەكی چارەنوسسازە وكار لە دۆسیەكانی دیكە وەك دۆسیی پەرلەمان وسەرۆكایەتی هەرێم وحكومەت و وەزعی ئابوری خەڵك. پەیوەندی نێوان ئەو بابەتانە پەیوەندی كارتێكردن وكار لەیەككردنە نەك بە مانای میكانیكی، بەڵكو بە مانای دیالكتیكی، بەتایبەتی ئێمە باسی ریفراندۆم بۆ مافی چارەنوسی گەلەكەمان لە شوێنێكدا دەكەین كە رۆژهەڵاتی ناوەراستە كە جێگای ملمڵانێ هەرێمایەتی ونێودەوڵەتییە، ئەمەش بەو واتایەی كە تێكرای ململانییەكانی ناوخۆیی ودەرەكی كار لەسەر ئەم بابەتە دەكات.

لە كۆبونەوەی 7ی حوزەیران هەروەك لە راگەیاندنی كۆبونەوەكە هاتووە باس لە كاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان وهەوڵدان بۆ كاراكردنی پەرلەمان، كراوە. ئەوەی تاكو ئێستا رچاو دەكرێ كە كارەكان لەم بوارەدا زۆر بە خاوی دەروات ئەمەش كارتێكردنێكی نەگەتیفانەی دەبێت لە سەر ئامادەكردنی پێداویستییە ناوخۆییەكان وكاراكردنی هۆكاری زاتی بۆ سەرخستنی ریفراندۆم كە ناكری بە عەقلیەتی رێژەی پەنجا زائید یەك مامەلەی لەگەڵدا بكەین.

2ـ هاوكات لە گەڵ ئەم خاڵەدا راگەیاندنی حزبی رۆلێكی خراپ دەبینی بۆ پۆلینكردنی بیروبۆچون بۆ دوو جەمسەر كە ناوی دەنرێ بەرەی ریفراندۆم وبەرەی دژ بە ریفراندۆم. هاوكات لە گەڵ ئەمەدا سیفەتی نیشتمانپەروەر و خیانەتكار بەسەر ئەم دوو بەرەیدا دابەش دەكرێت. ئەم جۆرە پۆلینكردنە بەتایبەتی كە لە لای بەشێك لە لایەنگرانی ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەكرێت راستەوخۆ زیان بە خودی پرۆسەی ریفراندۆم دەگەیەنیت. هەڵەیەكی گەورەیە ئەگەر هەر كەس و لایەنێك تیبینی لە سەر كاتی ریفراندۆم یان ئامادەكردنی پێداویستەكانی هەبێت بە دژە ریفراندۆم لە قەلەم بدرێت یان ناو و ناتۆریەكی لێبنرێت ودەسەتەواژەی نیشتیمانپەروەر وخەیانەتكار لەسەر ئەم بنەمایە دابەش بكرێت. 

بەردەوام لە پرۆسە گەورە وچارەنوسسازەكاندا راو بۆچونی جیاواز دێتە كایەوە ودوو دلێ و مەترسی درووست دەبێت وپێویستە ئەو مەترسیانەش بە هەند وەربگرێت. رەوینەوەی ئەو مەترسیانە بە رونكردنەوە وگفتوگۆ ودانوستان ودروستكردنی متمانە و هەماهەنگی ویەكێتی ریزەكان وكاركردن بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆ و زاتییەكان دەبێت دوور لە عەقلیەتی دۆراو وبراوە و بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی.

3ـ بایەخدان بە بژێوی خەڵك وچارەسەركردنی كێشەی ئابوری هەروەك لە راگەیاندنی 7ی حوزەیراندا هاتووە یەكێكە لە ئامرازە گرنگەكانی كاراكردنی پێداویستییە ناوخۆییەكانی سەرخستنی ریفراندۆم. نزیكەی مانگێك بەسەر ئەو راگەیاندنەدا تێپەر دەبێت تا ئێستا حكومەتی هەرێم هیچ كاردانەوەیكی نەبووە لەم بارەیەوە و نە رونكردنەوە ونە بەلێن و نەهەنگاوێكی پراكتیكی نەناوە. ئەمەش بە خاڵیكی نەگەتیف لە رێرەوی پرۆسەی ربفراندۆم دەژمێردرێت.

4ـ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم پێویستی بە كۆمەلێك لێژنە هەیە بۆ تەواكردنی كاری ئەنجومەنی باڵا لەوانە:
أـ لیژنەی دانوستان لە گەڵ توركمان لە كەركوك لە گەل بۆ پێدانی گەرەنتی پێویست بۆ پاراستنی مافەكانیان وبەشدارییان لە حوكم لە كاتی هەڵبژاردنی بەڵێ‌ بۆ سەربەخۆیی كوردستان.

ب ـ دانانی لێژنەیەكی تایبەت بۆ هەمان مەبەست لە گەڵ پێكهاتەی كلدان ئاشوری سریان بەتایبەتی ئەوانەی لە گۆنگرەی بروكسل بەشداربوون وبانگهێشتكردنی بزوتنەوەی ئاشوری بۆ بەشداریكردن لەو كۆبونەوەیە. مەبەست لەم بابەتە زامنكردنی مافی ئەو پێكهاتەیە وبەلێندانە پێیان بۆ ئەوەی دەشتی نەینەوا وئەو پێكهاتەیە لە ریفراندۆمدا بەشداربن و دەنگ بە ئەرێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن.

ج ـ دانانی لێژنەیكی تایبەت بە رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بەتایبەتی ئەوانەی لە بواری چاودێریكردنی راپرسییەكان لە دەولەتاندا بە شدار دەبن و ئەم رێكخراوانەش دەتوانن پەیوەندی بە رێكخراوە نێوەوڵەتییەكانی هەمەچەشنی خۆیان بكەن بۆ زامنكردنی بەشدارییەكی كاریگەر لە كاتی ریفراندۆمدا.

5 ــ بە پێی هەواڵەكان وەفدی حكومەتی هەرێم لە گەڵ حكومەتی بەغدا گفتوگۆدەكات ، بەڵام تا ئێستا رێرەوەی ئەو گفتەگۆیانە جگە لەوەی حزبەكان ئاگادارنین ,بۆ جەماوەری گەلەكەمانیش روون نییە. بە پێویست دەزانین حزبەكان لەو دانوستانەدا بەشداربن جگە لە پێویستی دانانی وەفدی حزبە كوردستانییەكان بۆ سەردانی حزبە عیراقییەكان وگفتوگوكردن لە گەڵیان سەبارەت بە بابەتی مافی چارەنوس.
6 ـ حزبمان بە پێویست دەزانی كە وەفدی حزبە كوردستانییەكان سەردانی وڵاتە دراوسییەكان و وڵاتە عەرەبییەكان بكات و چاوپێكەوتن لە گەڵ حزب و رەوتە سیاسییەكانی ئەو وڵاتانە سەبارەت بە ریفراندۆم ومافی چارەنوس بكات.

7 ـ بە هەمان مەبەست وەفدی حزبە كوردستانییەكان سەردانی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا وئەمەریكا وروسیا وچین پێویستە ،بەمەبەستی گفتوگۆكردن لە گەل لایەن وحزبە سیاسسیەكان لەو وڵاتانە.

هەڵبژاردەی حزبی شیوعی كوردستان هەروەك چۆن لە بەڵگەنامەی شەشەمین كۆنگرەی حزبدا هاتووە دەوڵەتی نیشتمانی سەربەخۆیە لە كوردستانی باشور لە سەر بنەمای هاوڵاتیبون و دەستورێكی دیموكراتی مەدەنی عەلمانی. ریفراندۆم رێگای دیموكراسییانەیە بۆ دەربرینی ئیرادەی گەلەكەمان. 

ئێمە لە حزبی شیوعی وا دەبینین كە ریفراندۆم كارێكی تێكۆشەرانەیە و دەبێ لە بەرچاومان بێت كە هەڵوێستی بەغدا ووڵاتانی دراوسێ وبەشێك لە وڵاتانی جیهان بە شێوەی فەرمی دژبە ریفراندۆم دەبێ، بەڵام لە هەمان كاتدا مەسەلەیەكی بابەتی هەیە كە پێویستە لە بەرچاومان بێت ئەوەش بوونی قەیرانی پێكهاتەی دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەتی لە عێراقدا لەمەشەوە پرسیاری گەورە لە سەر چارەنوسی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ژێر باسدایە وئەو سنورەی كە دوای شەری جیهانی یەكەم دەستنیشانركرا ودژ بە بەژەوەندی گەلی كوردستان بوو ئەمرۆ باس لە پێداچونەوەی وگۆرانكاری لێی دەكرێت. 

لەم هەلومەرجەدا بایەخدان بە هۆكاری زاتی وكاراكردنی گرنگە، جگە لەوەی كە تا ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستە نەخشەرێگا هەبێت بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.دانانی كاتی ریفراندۆم لە 25 ئەیلول نابی مانای راگرتنی كاركردنی سەرجەم لایەنەكان بێت سەبارەت بە دۆسێی كاراكردنی پەرلەمان وكیشەی بژێوی خەڵك.

ئەبوكاروان
2017/7/8


PM:08:43:08/07/2017

ئه‌م بابه‌ته 8077 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی