خەونەکەی دۆناڵد ترەمپ

‌ ستەم کامیل



لەدنیای دیموکراسی ئەمەریکیدا، کلتوری دەستاودەستکردنی دەسەڵات بوە بەجۆرێک لەجێگیری سیاسی و وەک بنەمایەکی ئەخلاقی سیاسی دەبینرێت و مێژویەکی درێژی لەپشتە. ئەوەی لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ لە واشتنتۆن کردیان بە ناوی "ڕێپێوانی ڕزگارکردنی ئەمەریکا"، ئەو ڕوداوانەی دواتر لەناو ڕێپێوانەکەدا کەوتنەوە لە ٦ ی ١ ی ٢٠٢١ دا، چ بە پلان بوبێت یاخود نا، پیاکێشانێکی بەهێز بو بەم بنەما جێگیرەدا.

لە بە "ئەویتر" کردنی "ڕکابەر"ەوە بۆ "دێواندن"ی ڕکابەر

لە دنیای سیاسەتدا، بەردەوام ئەوی تری ڕکابەر جێگەی ڕەخنەیە و شایەنی لابردنە. ئێمە بۆیە لێرەین تا بەدیلێکی باشتری ڕکابەرەکانمان بین. ئەویتری ڕکابەر، جا هەر کەس بێت، لە هەر پارتێکی سیاسی بێت، خاوەن هەر جۆرە کەسایەتی و ناوبانگێک بێت، لە ئێمە نیە و ئەوی ترە.

بۆیە، پڕۆسەی بە ئەویتر کردنی بایدن کارێکی سروشتی کەمپینی هەر هەڵبژاردنێکی دیموکراسیە، بەڵام ئەمجارە ترامپ چەند هەنگاوێک لەوە زیاتر ڕۆشت و بە گوتارێکی ڕێکخراو، خەریکی دێواندنی بایدن بو. دێواندن تەکنیکێکی پڕوپاگەندەیە کە لەڕێگەیەوە "ئەوی تری ڕکابەر"، لە هەمو بەهاو پڕەنسیپێک دائەماڵرێت و، وێنەی وەک دێوێک و مەترسیەکی وجودی ئەکێشرێت، لەهەندێک حاڵەتدا تا پڕۆسەی لە مرۆڤخستنیش ئەڕوات. ئەم داماڵینەش لەبەهاو پڕەنسیپ، سەر ئەکێشێت بۆ لەدەستدانی ڕەوایەتی، قبوڵنەکردن، بەرەنگاربونەوەو هەستی ڕق و تۆڵە، بەرامبەر ئەو کەسەی کە دێوێندراوە.

ترەمپ بەشێوەیەکی ڕێکخراو خەریکی دێواندنی بایدن بو لە ڕێگەی تۆمەتبارکردنی، بەڕفاندنی هەڵبژاردنەکان، ئەنجامدانی تەزویر، تەداخولاتی دەرەکی و برەودان بە تیۆری پلانگێڕی. بایدن لە خەیاڵدانی سیاسی بەشێک لە دەنگدەرانی ترەمپدا وەک دێوێندراوێک وێناکراوە، دێوێندراویش مەترسیەکی جدییە.

لێرەوە، گەرچی پێنچ شەمە ٧ی ١ ی ٢٠٢١، کۆنگرێس بەفەرمی سەرکەوتنی بایدنی پەسەند کرد، بەڵام دابەشبونی قوڵی کۆمەڵگەی ئەمەریکی، بەو جۆرەی ئێستا بەربەستێکی گەورە ئەبێت، لەبەردەم بە سەرۆک نەزانینی بایدن، لە لایەن ژمارەیەکی گەورەی خەڵکەوە. ئەمەش لێکەوتەی نەرێنی لەسەر ئاستی قبوڵکردنی لایەنگرانی ترەمپ ئەبێت بۆ سیاسەت و پۆڵەسیەکانی سەرۆکی نوێ.

سێگۆشەی فکر، زمان و واقیع

 زمان لە سیاسەتدا کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی هەیە. مرۆڤ لە ڕێگەی چەمک، وشە، بڕگە، دەستەواژەوە بیر دەکاتەوە و واقیع بەرهەم ئەهێنێت. لە کاتی قسەکردنی بۆ لایەنگرانی لە گردبونەوەکەی ڕۆژی چوارشەمەدا، ترەمپ دەستەواژەی "ڕزگارکردنی ئەمەریکا"ی بەکارهێناو بە ئاماژەی شاراوە لایەنگرانی هاندەدا بۆ توندوتیژی.

گەر سەرنجی ئەم دەستەواژەیە بدەین، ئەبینین چ پەیامێکی شاراوەی مەترسیداری لە هەناودایە. وڵات کاتێک رزگار ئەکرێت کە داگیرکرابێت. لەپڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەم دواییەدا، ئەمەریکا داگیرنەکرا، بەڵکو تاکە مرۆڤێک زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست نەهێنا. لەڕێگەی ئەو دەستەواژەیەوە، ترەمپ وێنای واقیعێکی ئەکرد کە نەک وا نیە، بەڵکو تەواو جیاوازە.

دۆڕانی کەسێک لە هەڵبژاردنێکدا، زۆر جیاوازە لە داگیرکردنی وڵاتێک، چواندنی یەکەم بە دوەم، مەترسیەکی دروستکراوی لە خەیاڵدانی حەشاماتەکەیدا دروست کرد. قسە و لێدوانی سیاسی، فیگەرە گشتیەکان کاریگەرن، چ هەڵە بن یاخود ڕاست، چ باش بن یاخود خراپ. بە تەنها چەک نا ئارامی و پشێوی دروست ناکات، بەڵکو وشەش گەر کاریگەرتر نەبێت، لاوازتر نیە.

پۆپۆلیستە بەرژەوەندی پەرستەکانی ئەمڕۆ و باوکانی دامەزرێنەری دوێنێ

 

 وەک یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا، جۆرج واشنتن چاکەیەکی گەورەی زەمەنبڕی لەگەڵ گەلی ئەمەریکا کرد، بەوازهێنانی لە دەسەڵات دوای دو خول (١٧٨٩ بۆ ١٧٩٧). واشنتن، باش لەو ڕاستیە گەشتبو کە هەر جوڵە و کارێک ئەو بیکات، ئەبێت بە بنەماو کلتور بۆ سەرۆکەکانی دوای خۆی‌. دوای بەدەستهێنانی چەند دەستکەوتێکی مەزن (تەنها بۆ نمونە نوسینەوەی دەستور و بەدیهێنانی سەربەخۆیی بۆ ئەمەریکا)، ئەو زۆر بە ئاسانی ئەیتوانی بۆ جاری سێهەم ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمەریکا. لە پاڵبونی چەند هۆکارێک، ئەو باش ئەیزانی گەر لەسەر کورسی سەرۆکایەتی بمرێت، ئەوا خەڵکی دواتر وا ئەزانن سەرۆکایەتیکردن ئەبێت تا مردن بێت. ئەو زۆر ژیرانە سەرۆکایەتیکردنی بۆ دو خول کرد بە بنەما و یەکەم جاریش لە خۆیەوە جێبەجێی کرد. بەم هەنگاوە، واشنتن هەمو سەرۆکەکانی دوای خۆی پابەند بەم پڕەنسیپە کرد.

هەندێکجار تاکە مرۆڤێک ئەتوانێت بەجوڵەیەکی دروست، بە پەیڕەوکردنی پڕەنسیپێک جیاوازیەکی ئێجگار مەزن دروست بکات. بەراورد بەم وێنەیە، دوای ٢٢٤ ساڵ، ترەمپ کەڵکەڵەی وازنەهێانی لە دەسەڵات هەیە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەند کارتێکەوە، سەرەڕای ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی دۆڕاندوە. هاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی و بەربەست دانان لەبەردەم کۆنگرێسدا، ئەکرێت وەک پلانی دروستکردنی کێشە بخوێنرێتەوە بۆ پەسەندکردنی دەرئەنجامەکان و گۆڕینی ئاڕاستەی پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات.

جیاوازیەکی زۆر لە نێوان کەسێکدا هەیە کە چەندین دەستکەوتی مەزنی بۆ گەلەکەی بەدیهێنابێت و بتوانێت بۆ خولی سێهەمیش سەرۆک بێت، بەڵام دەستبەرداری دەسەڵات و پێگەکەی بوبێت، لەگەڵ کەسێکدا کە بە هەڵبژاردن دۆڕابێت و بیەوێت بمێنێتەوە.

توانای مرۆڤ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەڵکەڵەی مانەوە و حەزی بۆ دەسەڵات، کاریگەری گەورەی هەیە لەسەر بونیادنانی و تێکشکاندنی دیموکراسی. واشنتۆن بە دامەزرێنەرێکی مەزنی مێژوی ئەمەریکا دائەنرێت، لە کاتێکدا ترەمپ ڕەنگە ناوی وەک پۆپۆلیستێکی خاوەن خەونی کەسی بچێتە مێژوەوە، گەر لە داهاتودا دادگایش نەکرێت. پێی ئەچێت لە سەردەمێکدا بژین کە شەپۆلی پۆپۆلیزم کارێکی خراپ بە سیاسەت بکات. سیاسەت لە کایەی ئەنجامدانی کاری گەورەو بەدیهێنانی چاکەی گشتیەوە بکەن بە بواری دواکەوتنی بەرژەوەندیە کەسی و بچوکەکان.

دو خەونی جیاواز

 دەسەڵاتی هاوڵاتیان زۆر گەورەترە لە هاوڵاتیەک لە دەسەڵاتدا، بەڵام هەمو کات نا. لێرەدا پێویستە دو جۆر لە خەون، دو جۆر لە کۆبونەوەی خەڵک، لە یەکتر جیابکەینەوە. یەکەمیان یاخیبونی مەدەنیەو دوەمیان گردبونەوەی مێگەلە.

مرۆڤ، وەک تاکێکی ناوازەی جیاواز، هاوشان بە مرۆڤێکی تری ناوازەی جیاواز، کاتێک پێکەوە لە پانتایی گشتیدا کۆئەبنەوە، ئەتوانن گۆڕانکاری گەورە دروست بکەن و زۆر سەرەتای نوێش سەر ڕێگەبخەن. وەک ئەوەی مارتن لوسەر کینگ  لە ٢٨ ی ٨ ی ١٩٦٣ کردی. چەند سەد مەترێک دور لەو  شوێنە جوگرافیەی ترەمپ کە ڕۆژی چوار شەمە لێی وەستا، لوسەر لە وتاری "خەونێکم هەیە" لەڕێگەی وشەو قسەکانیەوە سەرەتایەکی نوێی سەر ڕێگەخست. ئەو خەونی بە دنیایەکی دادپەروەرانەتر، ناتوندوتیژو پڕ لەتۆلێرانس و یەکتر قبوڵکردنی ڕەنگە جیاوازەکانەوە ئەبینی.

لوسەر، بۆ دۆزێک لە خۆی گەورەتر لەوێ بو، هەر بۆ هەمان دۆزیش ژیانی خۆی بەخشی. بەهەمان شێوە، ئەو هاوڵاتیانەی کە لە دەوری خەونەکەی مارتن کۆبونەوە، خزمەتی بەرژەوەندیەکیان کرد کە لە بەرژەوەندی و ژیانی تاکەکەسی خۆیان گەورەتر. لەم وێنەیەدا، ئەوە خەونە گشتیەکە بو کە هەم شوێنە جوگرافیەکەی کرد بە پانتایی گشتی، کۆبونەوەکەی کرد بە یاخیبونی مەدەنی، هێزێکی زەمەنبڕیشی بەخشی بە وشەو قسەکان و پاشان دنیایەکی جیاوازترو باشتریشی دروست کرد.

خەونی ترەمپ، زۆر لەوەی مارتن لوسەر جیاوازە. هەر یەکێکیان سەر بە دو دنیای جیاوازو دو جۆر مرۆڤی جیاوازیشیان لە دەور کۆبوەتەوە. خەونی ترەمپ خەونی تاکە کەسێکە بۆ مانەوە لەسەر کورسی سەرۆکایەتی، بە دەر لە دەرئەنجامی هەڵبژاردن. خەونی ترەمپ بەرژەوەندیەکی کەسیە نەک چاکەی گشتی. لێرەوە، کاتێک ژمارەیەکی زۆری خەڵک دێن و لە دەوری بەرژەوەندی کەسی، تاکە کەسێک تۆپەڵ ئەبن، ئەوا وێنەیەکی تەواو پێچەوانە بەخەونی یەکەم دروست ئەبێت. کاتێک هۆکاری گردبونەوەکە بۆ بەرژەوەندی تاکە کەسێک بێت، مرۆڤ سەرجەم سروشتی تاکێتی و ناوازەی خۆی لە دەست ئەدات، کۆی توانای بیرکردنەوەو حوکمدانی لەدەست ئەدات، کۆبونەوەکەش ئەبێت بە تۆپەڵبونی مێگەل (Mass)، مرۆڤ ئەبێت بە بەشێک لە مێگەل، شوێنە جوگرافیەکەش وەک بەشێک لە پانتایی گشتی نابینرێت، چونکە دۆزەکە پرسێکی گشتی و هابەش نیە لە نێوان ئەو کەسانەی کە کۆبونەوەکەیان دروست کردوە.

مارتن وەک مرۆڤێکی هاوشان بەوانی تر و بۆ مافی ملیۆنان کەسی تر هانی خەڵکی ئەدا لە دەوری یەکتر کۆبنەوە، لە کاتێکدا چوارشەمە ترەمپ هانی هەزاران کەسی ئەدا بۆ پاڵپشتیکردن لە خەون و بەرژەوەندی تاکە کەسی خۆی. مارتن خۆی کرد بە قوربانی بەرژەوەندی ئەوانی تر، لە کاتێکدا دەیان کەس بون بە قوربانی بەرژەوەندی کەسیی ترەمپ.

چارەسەر لای بیرکردنەوەی ڕەخنەییە

 ئەو دامەزراوانەی کە بەڵگە، داتا، زانیاری، قسە و ئارگومێنتەکان ئەپشکنن و پشتڕاست ئەکەنەوە، باس لەوە ئەکەن کە ترەمپ لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردودا چەند هەزار درۆیەکی لەگەڵ خەڵک کردوە. دۆرکردن لەگەڵ خەڵکدا، نەک نابێت وەک بەشێک لە سیاسەت و سیاسەتکردن ببینرێت، بەڵکو ئەبێت شایەنی سزادان بێت. درۆکردن فۆڕمێکە لە فۆڕمەکانی توندوتیژی دژ بە خەڵک. تۆپەڵبونی ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵک لەدەوری ترەمپ دوای چەند هەزار درۆیەک، دوبارە بڕواهێنان بە بانگەشە پۆپۆلیسیستیەکانی کە گوایە هەڵبژاردنەکان دەستکاری کراوە، بێ بیرکردنەوەیەکی ڕەخنەییانە، بێ حوکمدان و هەڵسەنگاندن، جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنە. لە پاڵ زیاتر بڵاوبونەوەی شەپۆلی هەواڵی ساختە، پڕوپاگەندەی ڕێکخراو، زۆربونی زیاد لەپێویستی زانیاری (Overload of Information)، درۆ زۆرەکانی ترەمپ لە فەزای سیاسی ئەمەریکیدا، هیچ کاتێک زیاتر لە ئەمڕۆ دامەزراوە پەروەردەییەکانی ئەمەریکا، لە قۆناغەکانی سەرەتاییەوە تا خوێندنی باڵا، پێویستیان بە گەشەپێدان و زیاتر بڵاوکردنەوەی توانست و خوەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی نەبێت. هاوتەریب بە سیستمی پەروەردە، بە کلتورکردنی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە کۆمەڵگەی ئەمەریکی، شایەنی ئەوەیە کە لە لیستی کارە لەپێشینەییەکانی وەزیری پەروەردەو دامەزراوەکانی تری کۆمەڵگەی مەدەنی بێت. پێ ئەچێت لە سەدەی بیست و یەکدا، چەمکی هاوڵاتی کارا (Active Citizen) پێویستی بە دوبارە بیرلێکردنەوە بێت بە جۆرێک ئاشنابون بە توانستەکانی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی وەک بەشێک لە شوناسی هاوڵاتیبون تەماشابکرێت. ئەزمونی ئەم ڕوداوانە پێمان ئەڵێت کە هاوڵاتیەک بێ توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، ئەبێت بە بوکەڵە و مێگەلی دەستی پۆپۆلیست و ستەمکارەکانی سەدەی بیست و یەک.

دیموکراسی بێ خەوش نیە، بەڵام بێ ئەندازە بەنرخە

 ئەوەی لە هەموان زیاتر جێگەی هەڵوێستە لەسەرکردنە، لێدوانی یەکێک لە سەرکردەی حوپیەکان بو بە ناوی (محەمەد عەلی الحوپی)ەوە، کە داوای لە ترەمپ کرد پابەند بێت بە ڕادەستکردنی دەسەڵات و داننان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا. ستەمکارەکانی دنیا بۆ ماوەیەک خۆشحاڵ بون بەو دۆخەی ئەمەریکا، چونکە پاساوی مانەوەی زیاتر پێ ئەدان. ئەو کەرەستانەی کە لەئێستادا لەبەردەستی ترەمپدایە، بەسە بۆ ئەوەی لە هەندێک وڵاتی دنیادا، تا ئەبەد کەسێک لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵام لە ئەمەریکادا نا.

هەر زو کۆنگرێس تۆکمەیی کاری دامەزراوەکانی ئەمەریکای پیشاندا. ئەم ڕوداوە لە پاڵ چەند پەیامێکی تردا، یەک وانەی زۆر گرنگی مێژوی فکری ستەمکاریمان ئەخاتەوە یاد: پڕەنسیپ و بنەماکانی دیموکراسیەت ئەکرێت بۆ چەندین دەیە و سەدەیەکیش جێگیر بن، بەڵام هەرگیز هەتا هەتایی نین، چونکە لە هەناوی سیاسەتدا بەردەوام ئەگەری پیاکێشان و دەستکاریکردنیان لە ئارادایە. دیموکراسیەت شل و دەڵەمەیە، هەمو کات پێویستی بە لە دەوربون و پارێزگاری کردن هەیە، کارێکە کە هەرگیز کۆتایی نایەت.


PM:04:13:11/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 2544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی