فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات

‌دییه‌ عه‌لی‌

فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات؛ خواستی هەمومانە؛ بەڵام هەتا ئێستا کاری جدی بۆ نەکراوە؛ وەک دەڵێن کاری لەپێشینەی هەشت کابینەی حکومەتی هەرێمیش نەبووە؛ چونکە لەماوەی کاری هەشت کابینەی پێشووی حکومەتدا؛ یان  بەکولەمەرگی ژیاوین؛ یان چاوەڕێی بەغدابوین؛ یاخود پشتمان بەنەوت بەست و لەهەر هەشت کابینەکەشدا نەتوانرا؛ هەنگاوی جدی هەڵبگرین؛ بۆ ئەوەی تاکی کورد لە بەکاربەرەوە بکەین؛ بە وەبەرهێن؛ بەوەش هەمیشە داهاتی تاک لەکوردستاندا؛ لەئاستێکی نزمدا بووە و هەمیشە مەترسی قەیرانەکانی شەڕ و ململانێی بەغدا و دابەزینی نرخی نەوتمان لەسەر بووە؛ بەڵام چیمانکرد؛ دووبارە هیچ.

لەهەفتەی پێشوودا؛ بینەر یاخود شاهیدی؛ کۆنفرانسیێکی گرنگی ژوری بازرگانی ئەمریکا و هەرێم بوین؛ لەرێگای پسپۆڕان و خاوەن کۆمپانیاکانی ئەمریکاوە؛ ژینگەی هەرێمی  کوردستان بەژینگە و شوێنێکی لەبار وەسفکرا بۆ وەبەرهێنانی بیانی؛ بەتایبەتیش وەبەرهێنان لەبواری وزە و  کشتوکاڵدا؛ کە هەرێمی کوردستان ژینگە و زەوی گونجاوی هەیە؛ بۆ ئەوەی هەرێم ببێتە سەبەتەی خۆراکی هەرێم و تەواوی عێراق؛ بەڵام ئەمە پێویستی بەپلان و بەرنامەی هەمەجۆر هەیە.

مەسرور بارزانی؛ سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەکۆنفرانسەکەدا وتی؛ کاردەکەین بۆ ئەوەی لەپێنج ساڵی ئایندەدا ببینە سەرچاوەی سەرەکی خۆراک بۆ هەرێم و عێراق.

بەپێی زانیارییەکان لەماوەی پێشوودا؛ مەسرور بارزانی لەسەفەرەکەیدا بۆ ئەوروپا و بەتایبەتی بۆ هۆڵەندا؛ قسەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتەدا کردووە؛ بۆ گەشەپێدانی کەرتی کشتوکاڵی هەرێم هاوکات هەر لەکۆنفرانسەکەدا؛ مارک مێنز؛ جێگری وەزیری وزەی ئەمریکا بەشداربوو لە کۆنفرانسەکەدا و وتی؛ هەرێم ناوچەیەکی هیوابەخشی وزەیە لەناوچەکەدا.

هەروەها وتیشی؛ هانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدەین؛ بۆ وەبەرهێنانی زیاتر روو لەهەرێمی کوردستان بکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم کارنامەی چاکسازی هەمەلایەنی هەڵگرتووە؛ واخۆی مانیفێستکردووە؛ کاردەکات بۆئەوەی بەتەنها پشت بەداهاتی نەوت نەبەستێ.

لەم قەیرانەدا؛ کەموچە بەزەحمەت دەدرێ و بەشێکی موچە لەو پارەیەیە کەبەغدا دەینرێ؛ بەڵام پرۆژەکان بەردەوامن و نەوەستاون؛ ئەمەش ئاماژەی گرنگە بۆ بەرەوپێشچوون هەرێم؛ تێپەڕاندنی ئالنگاری شەش ساڵی رابردوو؛ کە زۆربەی پرۆژەکان وەستابوون.

هەنگاوێکی تری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم؛ ئەوەیە کەبایەخێکی گرنگ بدات بەهاوبەشیکردنی کەرتی تایبەت و حکومی؛ لەم بوارەدا پرۆژەیەکیان پەسەندکردووە؛ بەناوی چوارچێوەی کاری هاوبەشی کەرتی حکومی و کەرتی تایبەت؛ Public- Private Partnership (PPP) دەستبەجێبەجێکردن کراوە؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی پرۆژەکان نەک هەر نەوەستن؛ بەڵکو باشتر بەرێوەبچن لەلایەن کەرتی تایبەت بەچاودێری حکومەت.
ئەمەش لەدنیای ئەمرۆدا؛ لەبواری وەبەرهێناندا لەوڵاتانی پێشکەوتوو کاری پێدەکرێ.

لەهەرێمدا؛ یەکەم پرۆژەی کارەبا؛ بەوشێوەیەکراوە؛ کەئێستا هەمووان شاهیدی باشبوونی کارەبان؛ بەپێی زانیارییەکان کارەبای کارۆ ئاوی لە (بەنداوی دەربەندیخان و دووکان) لەسەدا 10ی کارەبا بەرهەم  دەهێنن؛ ئەویتری پشتت بەگازی سروشتی دەبەستێ.

هەربەپێی زانیارییەکان دەیان کۆمپانیای بیانی و ناوخۆی ئامادەییان دەربڕیوە بۆکارکردن؛ بەپرۆژەی هاوبەشی کەرتی  حکومی و تایبەت.

لەئێستادا کارکردن و نەوەستانی پرۆژەکان و دواتریش کارکردن لەچوارچێوەی پرۆژەی هاوبەشی حکومەت و کەرتی تایبەت؛ کاریگەری ئیجابی و گەورەی دەبێ لەسەر ئابوری هەرێم و رەخساندنی هەلیکار؛ کەلەئەنجامدا؛ فرەچەشنکردنی ئابوری هەرێم و پشت نەبەستن تەنها بەنەوت؛ دەمانباتە قۆناغێکی تری گرنگی ژیانەوە؛  هەمووان سودمەند دەبن.



PM:02:21:29/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 1608 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی