وانەیەک لەیەکێتییەوە؟

‌هیوا مەحمود عوسمان

هەفتەی رابردوو، سلێمانی رووداوێکی بێوێنەی لە مێژووی سیاسیی کوردیدا بەخۆیەوە بینی. هاوسەرۆکێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوسەرۆکەکەی دیکەی دوورخستەوە و بەرپرسانی ئاسایش و هەواڵگریی گۆڕین، لەگەڵ زنجیرەیەک گۆڕانکاری دیکە لەنێو ئەو دامەزراوانەی سەر بە حیزبەکەن، کە خۆی دواتر بێ یەک و دوو مۆری کرد.
 
رووداوەکان سوپرایز نەبوون بۆ هیچ کەسێک کە چاودێری رەوشەکەی دەکرد لەوکاتەوەی حیزبە کوردییەکان لە هەرێمی کوردستان لە 1991 دەسەڵاتیان گرتە دەست. لە راستیدا دەرئەنجامێکی سرووشتی شکستی حیزبە کوردییەکانە بۆ بە دامەزراوەییکردنی ئەو هەرێمەی ماوەی 30 ساڵە بەڕێوەی دەبەن.
 
ئەو دروشمە دووبارەیەی هەر حیزبێک بەکاری دەهێنێت لە کوردستان ئەوەیە کە خزمەتگوزاری باش دابین دەکەن، حیزب و حکومەت جیادەکەنەوە، دەستوەرنەدان لە کاروباری حکومەت، سەربەخۆیی دادگەکان، بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، هەروەها یەکخستنی پێشمەرگە و ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان لەژێر فەرمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام لە راستیدا پێچەوانەکە روویدا.
 
پاش 30 ساڵ، گەندەڵی لە کوردستان بەربڵاوە و سامانیش لەلایەن دەستەبژێری سیاسییەوە کۆنترۆڵکراوە. پێشمەرگە هێشتا دابەشە. سەرەڕای داواکاریی خەڵک و بەڵێنی حیزبەکان بۆ یەکخستنی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ نەک تەنیا پێشمەرگە لەژێر فەرماندەیی حیزبە سیاسییەکاندایە، بەڵکو فەرماندەکانی نێو حیزبەکانیش هێزی تایبەت بە خۆیان هەیە، متمانەی کۆمەڵگەش بە دادگەکان لە نزمترین ئاستدایە.
 
خەباتی کوردی بۆ ئازادی بەدرێژایی مێژوو بە خەباتی شەرەف، سەربەزی و قوربانی ناسراوە. خەباتێک بوو کە راستی لە هەڵە جیادەکردەوە و چەندین نەوە زۆر چیرۆکی سەربەزییان لە رابردووەوە بۆ منداڵەکانیان گێڕایەوە. ئەمڕۆ، ئاڵنگارییەکی سەختە کە مۆدێلی دروستی کوردایەتی نیشانی منداڵەکانمان بدەین.
 
سەرکردە سیاسییەکان دەوڵەمەندرترین و خاوەن زۆرترین دەستکەوتن لە کۆمەڵگەکەمان. ئەوان بەهێزن و دەستیان لێنادرێت. لە دوای خۆیانەوە نوێنەرەکانیان دێن لە جومگە جیاوازەکانی ژیاندا لە کەرتەکانی گشتی، تایبەت و سێکتەری ئاسایش.
 
زانا، خاوەن کار و پرۆفیشناڵەکان و ئەو تاکە ماندوونەناسانەی کە سوودمەندی سیستەمی لایەنگیری و خزم خزمێنە نین زۆرجار هاونیشمانی پلە دووەم و سێیەمن. رزق و مانەوەیان بەندە بەو کەسانەی دەستیان لێنادرێت. رۆژانە لە کوردستان، چەندین چیرۆک دەبیستیت لەبارەی خراپەی ئەوەی هاونیشتمانییەکی ئاسایی بیت و چاکەی ئەوەی ئەندامێکی دیاری حیزبێک بیت.
 
لە زۆربەی دامەزراندنەکانی کەرتی گشتی خزمەتگوزاری، دڵسۆزی بۆ حیزب و ئەو کەسانەی حیزب کە دەستیان بۆ نابرێت تاکە پێوەرە بۆ وەرگرتنی پۆستی گرنگ لە دامەزراوەکانی دەوڵەت دا. لە ئەنجامدا، ئەم دامەزراوانە، کە ئەرکدارکراون بە گوزەران و گەشەی کۆمەڵانی خەڵکەوە، بە جیددی لاواز و ناکارا کراون.
 
سەیر نییە کە بچیتە دامەزراوەیەکی کەرتی گشتی، تەندروستی بێت، یان پەروەردە و هەر بوارێکی دیکە، دەبینیت لەلایەن کەسێکی کەم ئەزموون یان نەشیاوەوە بەڕێوەدەبرێت تەنیا لەبەر دڵسۆزییەکەی بۆ ئەو حیزب یان کەسەی دایناوە. وەکو فەرمانبەرێکی حکومەت، بچووکترین هەڵەت سزای بەدوادا دێت ئەگەر سەربەخۆ بیت، گەورەترین هەڵەشت دەبووردرێت ئەگەر لە پۆستەکەتدابیت وەکو نوێنەری حیزبەکەت. لیستێکی درێژی نموونە هەیە لەسەر نەبوونی کەسی شیاو لە شوێنی شیاو.
 
هیچ بازرگانییەکی نێوخۆیی ناتوانێت بەردەوام سەرکەوتووبێت ئەگەر پاڵپشتی ئەندامێکی باڵای حیزبێکی سیاسی نەبێت، کە شێوەیەکی جوانکراوی سەرانەیە. هیچ کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتی ناتوانێت بە ئاسوودەیی لە هیچ ناوچەیەک کاربکات بەبێ رازیکردنی بەرپرسە خۆجێیەکە لە رێگەی پێدانی هەندێک گرێبەستی خزمەتگوزاری و ئاسایش بە خزم و نزیکەکانی.
 
حیزبە سیاسییەکان نابێت رکابەری بکەن لەسەر دەسەڵات، ئەوان دەبێت سیاسەت و ستراتیژیان هەبێت بۆ پێدانی رێنوێنی بە حکومەت و دامەزراوەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان لەبارەی بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی خەڵک و دۆزینەوەی شوێنی باشتر بۆیان. ئەم دەستنیشانکردنە دیاریکراو نییە بۆ یەک ناوچە یان یەک حیزبی دەسەڵاتدار لە کوردستان. هەموویان هەمان تایبەتمەندی هاوبەشیان هەیە. ئاساییشە ئەگەر ئەجێندا تاکەکەسییەکان دژبەیەک بن لە ئاستی سەرکردایەتیدا.
 
رووداوێکی وەکو ئەوەی سلێمانی پێشبینیکراو بوو. هەر وەکو چۆن پێچەوانەکەشی پێشبینیکراو بوو. تەنیا پەیوەندی بەوەوە هەبوو کێ یەکەم هەنگاو دەنێت. بە واتایەکی دیکە، ئەو پێکهاتانەی بوونە هۆی رووداوەکەی سلێمانی لە حیزبی سیاسی دیکەش هەن لە کوردستان. تاوەکو ئەولەوییەتە سیاسییەکان وەکو ئەوانە بن کە ئەمڕۆ دەیانبینین، ئەوا تەنیا لەسەر کات وەستاوە بۆ ئەوەی هەمان سیناریۆ لەنێو حیزبەکانی دیکەی کوردستان دووبارەبکرێتەوە، ئەگەر ئەو شێوەیەی تاوەکو ئێستا کاریان پێکردووە، نەگۆڕن.
 
*هیوا عوسمان، پەرەپێدەر و راوێژکاری میدیاییە، شرۆڤەکاری کاروباری کوردستانی و عێراقییە.

سەرچاوە - ڕووداو


AM:11:14:18/07/2021

ئه‌م بابه‌ته 3076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی