ناساندنی کتێبی رێگای پەیامبەریی بە خوێنەران

‌بارزان شيخ عوسمان

لەم رۆژانەدا کتێبی " رێگای پەیامبەریی " م پێ گەیشت کە لە نوسینی دکتۆر " صدیقە وسمقی " یە و لە لایەن هاوڕێیەکی دێرینمەوە ( ک. ج. ) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی ، بە پێی وتەی خۆی هێشتا بڵاوی نەکردۆتە و چەند هاوڕێیەکی کەمی بینیویانە . 

خاتو دکتۆر صدیقە وسمقیی مانگی شهریور ی ساڵی ١٤٠٠ هجریی هەتاوی بەرامبەر بە مانگی ئۆگەست-٢٠٢٢ ئەم کتێبە بە نرخەی بە چاپ گەیاندوە کە بریتییە لە چەندین پرسیار،  ئەو پرسیارانەی هەمیشە ئێمەی مرۆڤ بەرامبەر بە دەقە ئاینییەکانی سەر زەمین لامان گەڵاڵە دەبێت ؛ کە ئایا ئەو دەقانە وتەی خوداوەندن ،ئایا پەروەردگار پەیامبەرانی هەڵبژاردووە تا پەیامەکانی خودا بگەیەنن بە مرۆڤ؟ ئایا لە هەمو سەردەم و قۆناغەکانی مرۆڤایەتییدا پەیامبەران رەوانە کراون و هەڵبژێراون بۆ گەیاندنی وتە و داواخوازییەکانی پەروەردگار ؟ !

خاتو وسمقی ،خۆی ،شاعیر ،نوسەری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ،ئیسلام ناسە و ،ئوستادی پێشوی زانکۆی تاران ،و نوێنەری خەڵکی تاران بووە لە خولی یەکەمی ئەنجومەنی شاری تاراندا ،دکتۆرای هەیە لە فیقهە و ئسوڵی ئیسلامدا ،هاوکات لەساڵانی ٢٠١١ تا ٢٠١٩ لە زانکۆی گوتینگن لە دۆیچلاند مامۆستای ئیسلام ناسیی و ئۆپسالای سوید وانەی وتوەتەوە ،دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران دراوەتە دادگا و پێنج ساڵ حوکمدراوە. ئەم کتێبەشی تازەترین بەرهەمی ئەم ژنە سەلار و ژیرە راستگۆیەیە . 

دکتۆر صدیقە وسمقی کە نازناوەکەی ئەو گوندەی خۆیانە کە دەکەوێتە ئوستانی مەرکەزیی لە ئێران ، زۆر بەوردیی مێژوی خودا ناسینی مرۆڤی شیکردۆتەوە کە بە چەندین قۆناغ و سەردەمی جیادا گوزەری کردوە ،چونکە مرۆڤ هەمیشە بە دوای خوادا گەڕاوە تا بیدۆزێتەوە، هەر لەو روانگەیەشەوە بوە کە خودای بە چەندین شێوە بینیوە. 

لەو بارەیەشەوە دکتۆر وسمقی گشت ئاینەکان بە خوێنەران دەناسێنێت بە وانەی کە پەیامبەریان نەبوە لەگەڵ ئەوانەشی کە خاوەنی پەیامبەرن ،ئاماژەی کردوە بۆ مێژوی وێنا کردنی خوداوەند ، کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی فکری ئاییندا رۆحی باوانیان بە پیرۆز زانییوە و پەرستووە ، ئاژەڵ و دارخت و ئاگر و دەریا و مانگ و خۆریان بە پیرۆز زانییوە و پەرستیانە .

 مرۆڤ هەمیشە لای وابووە هێزێکی مەزنی دەرەکی ئەو و دەرووبەرەکەی و تەواوی جیهان هەڵدەسوڕێنێت ، بۆیە لە رێگەی دروستکردنی بتەکانەوە ویستوویانە دەنگ و نزایان بگات بەو هێزە دەرەکیە . خاتوو وەسمقی ئەم قۆناغە بە قۆناغی بتپەرستی ناودەبات و پێی وایە قۆناغێکی پێشکەوتوو ترە لە خودا پەرستی بە بەراورد لە رۆح پەرستی و باوان پەرستی و ئاژەڵ پەرستی .نوسەر پێی وایە مێژووی ئایین و خودا پەرستی زۆری خایاندووە تا مرۆڤ گەیشتووە بە قۆناغی یەکتاپەرستیی  . 

 لەو کتێبە ناوازەیەدا نوسەر تەواوی ئەو پرسیارانەی کردوە کە ئێمەی مرۆڤ لەو کاتەی ئەقڵ و مێشکمان دەخەینە کار بۆ دۆزینەوەی راستییەکان ،ئەویش وەك هەمو کەسێك دەپرسێت ئایا ئەوەی رۆژانە بە ناوی شەرع و فەرمانەوە دەیدەن بە گوێماندا   حوکم یا قانونی خودان !،ئەوانە فەرمانی خودان ! خوا وای پێ خۆشە ! شەریعەتی خودا وا دەڵێت !  دەمبانباتە ئەو بیرکردنەوەیەی کە خودا کەی و چۆن و فەرمانی بە کێ داوە کە ئەو حوکمانە بگەیەنن بە ئێمە و چۆن پێمان گەیشتوە ؟ بەردەوام دەبێت و دەنوسێت هەرچی بکەین و هەوڵ بدەین ناگەین بە ئەنجام چونکە لە کۆتایی ئەم رێگا دژوارەدا ناگەینە خودا ئەی ئەگەر ئەوە خودا نییە پەیامی خۆی بۆ ناردوین ،ئەدی کێ یە ؟!

نوسەری کتێبی رێگای پەیامبەران لە نێو ئەم توێژینەوە زانستییە باڵایەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە ئەگەر پەروەردگار پەیامی خۆی بەو مرۆڤە هەڵبژێراوانەدا ناردبێت ،بۆچی لە هەمو سەردەمێکدا و بۆ هەمو مرۆڤەکانی نەناردوە ، تەنیا لە روبەڕێکی دیاریکراودا نەبێت ؟ 

نوسەر مێژوی پێغەمبەرەکانی گەڕاندۆتەوە بۆ ئەو قۆناغەی کە مرۆڤ دەستی بە کشتوکاڵ و نیشتەجێ بون گەیشتوە ،دەنا مرۆڤی راوچی و ناو ئەشکەوتەکان پەیامبەریان بۆ رەوانە نەکراوە . 

لە ئاماژەیەکیشدا بۆ یەکتاپەرستیی خاتو دکتۆر صدیقە بۆ یەکتا پەرستیی رایدەگەیەنێت کە ئاینیی یەکتاپەرستی لە سەرەتای دروستبونی مرۆڤەوە سەری هەڵنەداوە بەڵکو ئاینەکان قۆناغ بە قۆناغ بەرەو  یەکتا پەرستیی هاتونەتە ئاراوە ،هاوکات پەیامبەران بە پێی فەرهەنگ و هەلومەرجە کۆمەڵایەتیی و ئابورییەکان و ئاستی تێگەیشتنی خەڵکانی سەردەمەکانی خۆیان قسەیان کردوە و ئایینەکانیان داڕشتوە ،واتە وتەکانیان رەنگدانەوەی واقیعی ئەو سەردەمە بون کە تێیدا ژیاون .

نوسەر لە کتێبەکەیدا و لە چەند شوێنکدا جەخت لەوە دەکاتەوە ئەو نکووڵی لە بووونی خودا ناکاتەوە بەڵکو لە رێگەی توێژینەوەکەی کە سودی لە هەشتا سەرچاوە وەرگرتوە بە قورئانیشەوە ، دەیەوێت بۆچوونێکی نوێ لە بواری دیین و خودا ناسیدا بخاتە روو ئەویش ( خودا هەرگیز بە دوای کەسدا نەگەراوە پەیامی پێدا بنێرێت بۆ مرۆڤەکان ، بەڵکو بە درێژایی مێژووی ئایین و خودا پەرستی ، ئەوە مرۆڤ بوووە بە دوای خودادا گەراوە و لەناو رەوتی ئەو گەرانەشدا کەسانێک دەرکەوتووون کە خۆیان بە هەڵبژێردراو و پەیامهێنی خودا ناساندووە ) . 

ئەوەشی رونکردۆتەوە :لە نێو پەیامەکانی پەیامبەرە یەکتاپەرستەکاندا رێسا و حوکمێك هەن کە نادادپەرەوەرانەن و بۆ ئەم سەردەمەی ئێستامان نەگونجاون ،ئەو پەیامانەی کە بە ئیلاهیی ناسراون بەڵگەی رۆشن و یەکلاکەرەوەیان تیادا نیە کە بۆ هەمووانی بیسەلمێنێت ئەوانە هی خودان و هی کەسیتر نیین  ، لە کاتێکدا جیاوازیی و ناکۆکییەکی زۆر لە نێو ئاین و ئاینزاکاندا هەیە ،تەنانەت لە ناو یەك ئاینیشدا هەیە و هەر ئایینێک فەرمان و ئامۆژگارییەکانی خۆی داوەتە پاڵ خودا و ئەوانیتر بە دروستکراو دەزانن ! لەو بارەیەوە دەنوسێت ئایا ئاوە نابێتە پرسیار کە ئەگەر پەروەردگار بەرپرسیاری رێنوێنکردنی مرۆڤە بۆچی بە رونیی و رۆشنی پەیام و رێنوێنیەکانی خۆی نەناردووە . لە کاتێکدا پەیامی هەر ئایینێک فرە رەهەند و فرە لێکدانەوەیە ئەم ئاڵۆزییەی دەقەکانیش رێگەخۆشکەرە بۆ راڤە و لێکدانەوەی جیاواز ، ئەمەش بە سود و بەرژەوەندی خوداناس و شارەزایانی ئایینەکان دەشکێتەوە کە بە پێی ویست و بەرژەوەندی رۆژگار لێکیبدەنەوە .  ئەوانە و چەندین تێز و توێژینەوەی دیکەی زانستیی لەم کتێبەی خاتو دکتۆر صدیقە وسمقیدا خراوەتە بەر دیدەی خوێنەران .

جارێکی تر دەستخۆشی لە هاوڕێم ( ک. ج. ) دەکەم کە ئەم کتێبە دانسقەیەی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی . بەو هیوایەی ئەم کتێبە بە زووترین کات بکەوێتە بەر دیدەی خوێنەران و لە هەمو کتێبخانەکاندا دەست بکەوێت ، چونکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران چاپکراوە و دەشفرۆشرێت .بۆیە هیوادارم بە بیانوی هێڵی سور بەزاندن قەدەغە نەکرێت ،ئەگەروابێت  و قەدەغە بکرێت ،ئەی دەبێت  چاپکردنی قورئانی هەموار کراو چارەنوسی چی بێت ؟


PM:10:35:16/03/2023

ئه‌م بابه‌ته 1400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی