هەولێر.. خزمەتگوزارێک منداڵێکی کوشت

‌د. دیلمان ئازاد حەسەن


ڕووداوێکی مردنی بێ شایەتحاڵ،  تەنها توێکاری هۆکارەکەی ئاشکراکرد
یەکێک لە کارە گرنگەکانی پزیشکی دادوەری بریتییە لە توێکاری، کە بەشێکی زۆری خەڵکی ئێمە دژی ئەو کارەیە، زۆرجار بە پاساوی لاوازی کولتوری و کۆمەڵایەتی.
فەرموون ڕووداوێکی ڕاستەقینەتان بۆ باسدەکەم کە تێیدا تەنها زانستی توێکاری توانی هۆکاری مردنەکەی ڕوون بکاتەوە.
لەکاتی دەوامی ئێشکگریمدا منداڵێکی بچوکیان بە مردوویی هێنا، هیچ شتێکی پێوە دیار نەبوو کە هۆکاری مردنی ڕوونبکاتەوە و پێشتریش هیچ نەخۆشییەکی نەبووە کە هۆکاری مردنی بۆ بگەڕێنرێتەوە.
دایکی زۆر دەگریا وتی "بەجێمهێشت لە ماڵەوە لای کارەکەرەکەمان، هیچ عەیبی نەبوو منداڵەکەم زۆر باش بوو".
دایکەکە بەمجۆرە باسی مردنی منداڵەکەی کرد " ئەو ئافرەتەی لە ماڵی ئێمە کاردەکات تێلی کرد وتی کوڕەکەت دەڕشێتەوە، وەرەوە بۆ ماڵەوە، منیش ڕۆشتمەوە و  هێندەی نەبرد کوڕەکەم گیانی سپارد".
منیش وەکو پزیشک بڕیارمدا دەبێت کاری توێکاری بۆ بکرێت. دایکەکە ڕۆشنبیر بوو، وتی "ڕازیم توێکاری بکرێت، چونکە زۆر پەرۆشم بزانم بۆ مردووە؟".
لەکاتی توێکاری بینیمان جگەری منداڵەکە تووشی زیانێکی زۆر بووە بە زەبرێکی دەرەکی!
بەپێی ئەزموونی خۆمان شوێنەکە لە شوێنی ئەوە دەچوو کە پێیان بە سکیدا نابێت! هەرچەندە ئەوە لە ڕاپۆرتی ئێمەدا نانوسریت و تەنها وەکو گریمانە باسدەکرێت و ئێمە تەنها ئەو گۆڕانکارییانە دەنووسین کە دەیبینین، پاشان پارچەیەک لە ئەندامەکە دەنێرینە تاقیگەی پزیشکی بۆیارمەتیماندان لە گەیشتنە بڕیاری کۆتایی.
دوای لێکۆڵینەوەی لایەنی پەیوەندیدار لە کارەساتەکە و بە پشتبەستن بەو زانیارییانەی لە توێکارییەکەدا هەستیان پێکراوە و تاقیگە سەلماندوونی، ئەو ئافرەتەی لەو ماڵە کاری دەکرد دانی پێدانا وتی "منداڵەکە نوستبوو، منیش پشتاو پشت گەڕامەوە و نەمزانی منداڵەکە لەوێیە و بێ مەبەست پێم لە سکی منداڵەکە نا!".
بینیتان تویکاری چۆن تاوان ئاشکرا دەکات؟ کەواتە زۆر گرنگە توێکاری گرنگی پێبدریت و بە هیچ پاساوێکی نازانستی ڕێگریی لێنەکرێت.
زۆر کەسم  بینیوە دەڵێن گوایە لە ڕووی ئایینییەوە ڕێگە بە توێکاری نەدراوە! بەڵام دڵنیابن کۆمەڵگا و کەلتوور ڕێگریدەکات نەک ئایین.
زۆر ناخۆشە بۆ ئێمەی پزیشکانی دادوەری وتوێکاران کە هەڕەشەمان لێدەکەن لەسەر ئەنجامدانی توێکاری! یان بە ماوەی زۆر لە پزیشکیی دادوەری چاوەڕێ دەکەین تاکو خێزانەکان ڕازی بن بۆ کاری تویکاری!
-----------------------------
تێبینی: لەپێناو پاراستنی تایبەتمەندیی کەیسەکان، ئاماژە بە شوێن و بەروار و ناو ناکرێت و وردەکاریی ڕووداوەکان باس ناکرێن، چونکە مەبەست گەیاندنی پەیامەکەیە و تەنها بە گشتی باسدەکرێت، ئەوەندەی ئەزموونێکە و بۆ هەموو کۆمەڵگا بەسوود بێت و وانەی لێ وەربگیرێت
-------------------------------------------------------
د. دیلمان ئازاد حسن
پسپۆری پزیشکی دادوەری 
مامۆستا لە کۆلیژی پزیشکی


AM:11:20:23/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 3300 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی